یه‌كێتى وه‌ڵامى په‌یامه‌كه‌ى پارتى ده‌داته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 28/05/2019‌ :: 7794‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

وته‌بێژى یه‌كێتى رایده‌گه‌یه‌نێت: هیوادارین هەڤاڵانی پارتی لەپەیامی پشت هەڵوێستەكەی ئەمڕۆی یەكێتی تێبگەن.


لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان (ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 28ى ئایارى 2019) رایگه‌یاند: سەبارەت بە روونكردنەوەكەی وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، چەند تێبینییەك بۆ رای گشتی دەخەمەڕوو، كە تەنها رێككەوتن كە لەنێوان بەڕێزان كاك كۆسرەت و كاك مەسعود لەسەر پارێزگاری كەركوك كراوە دانانی پارێزگارێكی یەكێتی خەڵكی كەركوكە ئەوەی ئەوان باسی دەكەن پێشنیاری لیژنەیەكی هاوبەش بووە و هەرگیز بڕیاری لەسەر نەدراوە. 

لەتیف شێخ عومەر له‌ لێدوانێكدا بۆ میدیاى فه‌رمى حزبه‌كه‌ى وتیشی: "دواكەوتنی پڕۆسەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەستۆی سیاسەتی بەكارهێنانی زۆرینەی پەرلەمانییە بۆ پەراوێزخستنی هێزەكانی تر و خۆسەپاندن و تاكڕەویی و بێ منەتی بەرامبەر پێداگرییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە كە لەسەر شەراكەتی راستەقینە و هاوسەنگی بناغەی پتەوی حكومڕانییەكی بەهێز و رەشید پێكدەهێنێت".

ئه‌مڕۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌بێ فراكسیۆنى یه‌كێتى به‌ڕێوه‌چوو، پاش ئه‌وه‌ى یه‌كێتى ناڕه‌زایى خۆى له‌باره‌ى دواخستنى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پرسى پارێزگارى كه‌ركوك و دیاریكردنى كاندیدى وه‌زیرى داد له‌ به‌غدا نیشاندا.

وتەبێژی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكرد: پەرۆشی بۆ كەركوك و ناوچەكانی ماددەی 140 لەپەیڕەوكردنی سیاسەتێكی یەكگرتوو و نەتەوەیی هاوبەشەوە دەستپێدەكات، لەنێوان سەرجەم هێزە سیاسییەكان نەك هەوڵدان بۆ پشتگوێخستنی داخوازی رەوای هێزێكی وەك یەكێتیی كە لەهەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەدا بەتەنها و لەبارودۆخێكی سەختی سیاسیدا زۆرینەی دەنگی خەڵكی لە كەركوك بەدەستهێنا و جارێكی تر كوردستانی بوونی كەركوكی سەلماندەوە.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: هیوادارین هەڤاڵانی پارتی لە پەیامەكەی پشت هەڵوێستەكەی ئەمڕۆی یەكێتیی تێبگەن و ورد بیخوێننەوە كە سیاسەتی پەراوێزخستن و خۆسەپاندن لەپاڵ و لەژێر چەتری زۆرینەی پەرلەمانیدا نامانگەیەنێتە پێكهاتن و رێككەوتن.

له‌كاتێكى پێشترى ئه‌مڕۆدا وته‌بێژی پارتی رایگه‌یاند: یەکێتیی رێککەوتنەکەی نێوانیانی پێشێلکردووە.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: لەگەڵ یەكێتی لەسەر دیاریكردنی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركووك رێككەوتین. بە جۆرێك كە هاوتەریب لەگەڵ پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم هەنگاوی پێویستیش بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پارێزگای كەركووك بەدانانی پارێزگاریشەوە بنرێت، ئەویش بەپێی رێككەوتنی نێوان بەڕێزان سەرۆك بارزانی و كۆسرەت رەسووڵ عەلی.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌: لەدوای راگۆڕینەوە و گفتوگۆی نێوانیان، هەردوو بەڕێزیان لەسەر دیاریكردنی بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك رێككەوتبوون. 

پارتی ده‌شڵێت: "بە داخەوە برادەرانی یەكێتی بە بێی ڕەچاوكردنی بارودۆخی هەستیاری هەرێم و بە پشتگوێخستنی چاوەڕوانییەكانی خەڵكی كوردستان و ئیرادەی گەل، پشتیان لە ڕێككەوتنەكان كرد و ئامادەی دانیشتنی پارلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم نەبوون، هەروەكچۆن پێشتریش پشتیان لە رێككەوتن كرد و بەشداری كۆبوونەوەی 18ـی 2ـی 2019ـی پارلەمانی كوردستان نەبوون".

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure