کوڕ و باوکێک بەیەکەوە خنکان

هەواڵ / کوردستانی :: 28/05/2019‌ :: 2695‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

له‌ گوندێكى خانه‌قین کوڕ و باوکێک له‌ كاتى شۆردنى ئاژه‌ڵه‌كانیان له‌ نێو رووبارى ئه‌ڵوه‌ن خنكان، سەرچاوەیەکیش لە پۆلیسی قەزاکەوە دەڵێت: "كوڕه‌كه‌ خلیسكاوه‌ و كه‌وته‌ نێو ئاوه‌كه‌وه‌ و باوكه‌كه‌ ویستویه‌تى رزگارى بكات بەڵام ئه‌ویش خنكاوه‌". 


سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پۆلیسى خانه‌قین (ئەمڕۆ سێشەممە 28ی ئایاری 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ ته‌رمى کوڕ و باوکێک هێنرایه‌ نه‌خۆشخانه‌ى خانه‌قین كه‌ له‌ كاتى شۆردنى ئاژه‌ڵه‌كانیان له‌ نزیك پردى حه‌ڵوان له‌ نێوان خانه‌قین و جه‌له‌ولا كه‌وتونه‌ته‌ نێو ئاوه‌وه‌ و خنكاون. 

ئاماژەی بەوەشدا: باوكه‌كه‌ ناوى (ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن محه‌مه‌د) ته‌مه‌نى 63 ساڵه‌ و كوڕه‌كه‌شى به‌ ناوى (شاكر) ته‌مه‌نى 18 ساڵه‌ و به‌ ره‌گه‌ز عه‌ره‌بن و دانیشتووى گوندى دره‌وشه‌ن له‌ سنورى خانه‌قین. 

وتیشى: "به‌وته‌ى كه‌سوكاره‌كه‌یان سه‌ره‌تا كوڕه‌كه‌ پێى خلیسكاوه‌ و كه‌وتوه‌ته‌ نێو ئاوه‌كه‌وه‌، دواتر باوكى كه‌ مه‌لەوانى نه‌زانیوه‌ خۆى فڕێداوه‌ته‌ نێو ئاوه‌كه‌وە بۆ ئه‌وه‌ى كوڕه‌كه‌ى رزگار بكات، به‌ڵام ئه‌ویش خنكاوه‌".

پ: ن. ر
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure