هاووڵاتیان له‌ كڕینى جۆره‌ ده‌رمانێكى مه‌ترسیدار ئاگادارده‌كرێنه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 28/05/2019‌ :: 305‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كۆنتڕۆڵى ده‌رمان له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم، داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كات خۆیان له‌ كڕینى بەرهەمێکی ساختە بەناوی "کەپسولی باسچی_BASCHI"، به‌دوور بگرن كه‌ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ریکلامێکی درۆینە و هەڵبەستراوی بۆ دەکرێت.


عیسا عه‌بدولڕه‌حمان، وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كۆنتڕۆڵى ده‌رمان له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ده‌رمان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: (کەپسولی باسچی_BASCHI) بەرهەمێكى ساختە و مه‌ترسى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر ته‌ندروستى هاووڵاتیان هه‌یه‌، بۆیه‌ داواكارین  هاووڵاتیان خۆیان له‌ كڕینى ده‌رمانه‌كه‌ به‌ دوور بگرن.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: کەپسولەکە بە نرخێکی گران بۆ دابەزاندنی کێشی لەش بە هاونیشتمانیان دەفرۆشرێت، لەکاتێکدا کەپسولەکە ساختەیە و مەترسی بوونی دەرمانی مەترسیدار و قەدەغەکراوی لێدەکرێت، وەک:

۱- سیبوتڕامین_Sibutramine .
۲- فینۆڵفتالین_Phenolphthaline .
۳- دایئەتیلپڕۆپیۆن_Diathylpropion.
٤- دایمەتیل ئەمیل ئەمین_DMAA.
٥- فینفلۆڕامین و دێکسفینفلۆڕامین _Fenfluramine & Dexfenluramine.

دەرمانەکانی (فینفلۆڕامین و دێکسفینفلۆڕامین _Fenfluramine & Dexfenluramin) لەساڵی ۱۹۹۰ لەبازاڕی دەرمان کشێرانەتەوە، بەهۆی خراپیی پڕۆفایلی سەلامەتییان کە دەبوونەهۆی تێکشکاندنی زمانەکانی دڵ (Heart valve damage).

ماددەی سیبوتڕامین دەبێتەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و تێکدانی باری دروونی بەکارهێنەرو لە ساڵی ۲۰۱۰ەوە قەدەغەکراوە، هه‌روه‌ها ماددەی فینۆڵفتالین دەبێتەهۆی شێرپەنجە و لە ساڵی ۱۹۹۷ەوە قەدەغەکراوە بۆ مرۆڤ بەکاربهێنرێت.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى ته‌ندروستى، ده‌ڵێت: "پێویسته‌ هاووڵاتیان خۆیان لەکڕینی دەرمانی ساختە و قاچاخ و بێ ستیکەر بەدووربگرن و بەهیچ جۆرێکیش نەکەونە ژێر کاریگەری ریکلام و بانگەشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ هەندێک بەرهەمی بەناو سروشتی".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure