پارتی راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 28/05/2019‌ :: 6511‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان رێککەوتنەکەی نێوانیانی پێشێلکردووە.

له‌و راگه‌یه‌نراوه‌دا هاتووه‌: "لە سۆنگەی بڕوابوون بە بنەماكانی بەرپرسیارێتیی هاوبەش لە جومگەكانی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و خزمەتكردنی زیاتری گەلەكەمان و پڕۆسەی چاكسازی، لە 4ـی 3ـی 2019 لەگەڵ برایانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ڕێككەوتنێكمان ئیمزا كرد، هەروەها بۆ ڕەچاوكردنی پڕەنسیپی شەراكەت لە 5ـی 5ـی 2019 ڕێككەوتنێكی تر لەگەڵ یەكێتیی ئیمزاكرا لەسەر ئەو پشك و پێگانەی كە یەكێتی لە حكوومەتی داهاتووی كوردستان وەری دەگرێت".

پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت: "هەروەها لە ڕێكەوتی 4ـی 3ـی 2019 لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی مێژوویی و پەرۆشی بۆ كەركووك و ناوچەكانی ماددەی 140، بە تایبەتیش لەدوای ڕووداوە شوومەكەی 16ـی ئۆكتۆبەر، لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەسەر دیاریكردنی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركووك ڕێككەوتین. بە جۆرێك كە هاوتەریب لەگەڵ پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم هەنگاوی پێویستیش بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پارێزگای كەركووك بەدانانی پارێزگاریشەوە بنرێت، ئەویش بەپێی ڕێككەوتنی نێوان بەڕێزان سەرۆك بارزانی و كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی".

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌: لەدوای راگۆڕینەوە و گفتوگۆی نێوانیان، هەردوو بەڕێزیان لەسەر دیاریكردنی بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك رێككەوتبوون. هەروەها سەبارەت بە پۆستی وەزیری دادی عێراق لێكتێگەییشتن و ڕێككەوتن لەنێوان سەرۆك بارزانی و بەڕێز كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی هەبووە لەسەر دیاریكردنی كەسێكی كوردی بێلایەن بۆ ئەم پۆستە و پارتی و یەكێتی پابەندی ئەو ڕێككەتنە بن. كەچی كاتژمێر 10:00 دوێنێ شەو سەكردەیەكی یەكێتی سێ ناوی تری بۆ پارێزگاری كەركووك بۆ ئێمە ناردووە كە ئەمە پێشێلكردنی ڕێككەوتن و بەڵێنەكان بووە.

پارتی ده‌شڵێت: "بە داخەوە برادەرانی یەكێتی بە بێی ڕەچاوكردنی بارودۆخی هەستیاری هەرێم و بە پشتگوێخستنی چاوەڕوانییەكانی خەڵكی كوردستان و ئیرادەی گەل، پشتیان لە ڕێككەوتنەكان كرد و ئامادەی دانیشتنی پارلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم نەبوون، هەروەكچۆن پێشتریش پشتیان لە ڕێككەوتن كرد و بەشداری كۆبوونەوەی 18ـی 2ـی 2019ـی پارلەمانی كوردستان نەبوون".

له‌كۆتاییدا راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا پارتی وتویه‌تی: "بەداخەوە پشتكردنی برایانی یەكێتی لە ڕێككەوتنەكان و هەوڵدان بۆ كات كوشتن لە چەند مانگی ڕابردوو، ئەو گومانەیش دروست دەكات كە هەر لەسەرەتاوە ئەوان ئامانجیان بووە كە پڕۆسەی سیاسیی دوا بخرێت و پەك بخرێت و بە ئەنجام نەگات".

داڕشتنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure