ده‌رمانێك 19 ساڵه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌ و له‌ هه‌رێم ده‌فرۆشرێت

هەواڵ / کوردستان :: 27/05/2019‌ :: 2736‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار


به‌رپرسێكى كۆنتڕۆڵى جۆریى ده‌رمان رایده‌گه‌یه‌نێت: ده‌رمانێك كه‌ ماوه‌ى 19 ساڵه‌ له‌ ئه‌وروپا قه‌ده‌غه‌كراوه‌ له‌ هه‌رێم ده‌فرۆشرێت و داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كات ئه‌و جۆره‌ ده‌رمانه‌ نه‌كڕن.


عیسا عه‌بدولڕه‌حمان، وته‌بێژى کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 27ى ئایارى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: لە ساڵی 2000ەوە دەرمانی (دایئەتیلپڕۆپیۆن _ Diethylpropion) لەلایەن دامەزراوەی دەرمانی ئەورووپی (EMA) بەھۆی زۆری کاریگەریی لاوەکی و تێکدانی باری دەروونی، فرۆشتنى قه‌ده‌غه‌كرا.

وتیشى: "ئەو دەرمانە لەلایەن دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان لە ھەرێمی کوردستان رێگەپێدانی نییە، بەڵام به‌داخه‌وه‌ رۆژانە لە ھەرێمی کوردستان لەڕێگه‌ى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەفرۆشرێت، بۆیه‌ داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كه‌ین خۆیان له‌ كڕینى ئه‌و جۆره‌ى ده‌رمان به‌دووربگرن".

دەرمانی دایئەتیلپڕۆپیۆن _ Diethylpropion لەساڵی 1959وە بە 25 میلگرام، بەشێوەی دەرمانسازیی حەب لەلایەن دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) بۆ دابەزاندنی کێشی لەش پەسەندکراوە، بەڵام لەساڵی 2000 لە ئەوروپا قەدەغەکرا، ئەمەش بەھۆی تێکدانی باری دەروونیی بەکارھێنەر و بەرزکردنەوەی پەستانی خوێن.

دەرمانی دایئەتیلپڕۆپیۆن _ Diethylpropion میکانیزمی کارکردنی وەک ئەمفیتامینەکانە (Sympathomemetic)ـە، ھانی چالاککردنی سەنتەری سیستمی دەمار دەدات، ھەروەھا ئارەزووی خواردن کەمدەکاتەوە.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد
پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure