لەڕووی یاساییەوە سزای باوك و دایك چییە ئەگەر لەمنداڵەکانیان بدەن؟

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 25335‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
پەرلەمانی كوردستان سزای بۆ ئەو باوك و دایكانە دیاریكردووە كە لە منداڵەکانیان دەدەن، سزاکەش بەندکردنە کە لە شەش مانگ كەمتر نەبێت و لە سێ ساڵیش زیاتر نەبێت، غەرامەیەكیش دەکرێن كە لەیەك ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لەپێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت. 

بەرپرسێكی حكومیش رایدەگەیەنێت: ئەگەر توندوتیژی بەرامبەر منداڵ بەكارهات، منداڵەكە یان داواكاری گشتی دەتوانن سكاڵا تۆماربكەن.

عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: لەحاڵەتی لێدان لەمنداڵ لەلایەن باوك و دایكییەوە، بابەتەکە وەستاوەتەوە سەر سكاڵای منداڵەكە، ئەگەر منداڵەكە سكاڵای هەبوو ئەوا دادگا بەدواداچوون و رێكاری پێویستی بۆ دەگرێتەبەر، بەڵام ئەگەر منداڵەكە و هیچ ئەندامێكی خانەوادەكەش سكاڵایان لەسەر ئەو لێدانە نەبوو، ئەوا داواكاری گشتی دەتوانێت تەداخول بكات، بۆ نموونە ئەگەر هاوسێی ماڵێك هەست بكات توندوتیژی بەرامبەر منداڵەكانی ئەو ماڵە دەكرێت، تەنیا دەتوانن هەواڵ بەداواكاری گشتی بدەن و ئەوانیش دۆسیەكە دەجوڵێنن.

هەروەها یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2011ی پەرلەمانی كوردستان تایبەت بەتوندوتیژی خێزانی لە ماددەی دووەمدا هاتووە: هەر كەسێك كە پەیوەستی هەبێت بەپەیوەندییەكی خێزانی، ئەنجامدانی توندوتیژی لەچوارچێوەی خێزاندا لێ قەدەغە دەكرێت لەوانەش (توندوتیژی جەستەیی و جنسی و دەروونی، ئەم كردەوانەش وەك نموونە بەتوندوتیژی خێزانی دادەنرێت)، هەر لەو یاسایەدا و لەخاڵی 12یەمدا لێدان لەتاكەكانی خێزان و منداڵ بەهەر بیانوویەك بێت لەو چوارچێوەیەدا دانراوە.

لەماددەی 7ی هەمان یاساشدا باسی سزادانی كردوە و هاتووە: "هەر كەسێك توندوتیژییەكی خێزانی ئەنجام بدات بۆ ماوەیەك سزای بەندكردن دەیگرێتەوە كە لە شەش مانگ كەمتر نەبێت و لە سێ ساڵیش زیاتر نەبێت، غەرامەش دەکرێت كە لە یەك ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لەپێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت یان بەیەكێك لەو دوو سزایە حوکم دەدرێت". 

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure