وەزیری دارایی لەسەر ناردنی چوار مووچەی پێشمەرگە روونکردنەوە دەدات

هەواڵ / کوردستانی :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 2456‌ جار بینراوە

تاگ :: موچە

دواڕۆژ


وەزیری دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت: دەنگۆی ناردنی چوار مووچەی پێشمەرگە دوورە لە راستییەوە، ئاماژەی بەوەشكرد كە بەغدا بۆ ساڵی 2019 پێنج مووچەی ناردووە و ئەوەشی دەینێرێت بەشی مووچەی تەواوی فەرمانبەران ناكات.

رێباز حەملان، وەزیری دارنایی هەرێم و سەفین دزەیی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئەمڕۆ یەكشەممە 27ی ئایار،  كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان رێكخست.

وەزیری دارایی هەرێم وتی: "ماوەی چەند هەفتەیەكە قسە لەسەر مووچەی 2019 هەیە بەوەی 5 مووچە هاتۆتە هەرێم جا چی لەڕێی بەڕێز وەزیری دارایی عێراق یان پەرلەمانتاران یان میدیا باسی لێكراوە، ئێمە وەك حكومەت بڕیارماندا روونكردنەوەیەكی پێویست بەبەڵگە بڵاوبكەینەوە.

رێباز حەملان لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا روونیكردەوە: بۆ ئەو پارێزەر و نوسەر و رۆژنامەنووسانەی كە قسەی بەردەوام لەسەر ئەم بابەتە دەكەن، دەبوو پێشتر سەردانی ئێمەیان بكردایە، بەڵام بەهۆی ململانێی سیاسییەوە پرسەکە بەلاڕێدا براوە.

وتیشی: "لەساڵی 2014وە هیچ بودجەیەك بۆ هەرێمی كوردستان نەهاتووە، بۆیە هەر بڕەپارەیەك بۆ هەر بوارێك سەرف بكرێت، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر داوە".

بەوتەی وەزیری دارایی هەرێم لەساڵی 2018دا حكومەتی ناوەند 9 جار مووچەی ناردووە بۆ هەرێم كە 2 تریلیۆن و 857 ملیار دینار بووە و لەمانگی نیسانەوە دابەشكراوە كە دابەشیشكراوە بەمووچەی مانگی یەكی ساڵی 2018 دەستیپێكردوە و دواكەوتنەكەش هی ئەوە بووە كە بەغدا 9 جار پارەی ناردووە.

وەزیری دارایی هەرێم راشیگەیاند: "وەك حكومەتی هەرێم بۆ مووچەی ساڵی پار 3 تریلیۆن و 475 ملیار دینارمان دابینكردوە".

وتیشی: "زۆرترین قسە لەسەر مووچەی 2019 هەیە، لەساڵی 2019دا بەغدا 5 جار پارەی ناردووە كە بڕی 2 تریلیۆن و 266 ملیار و 399 ملیۆن دینار بووە، ئێمە 1 تریلیۆن و 831 ملیار دینار مان خستۆتە سەر كە بەداخەوە وا باسدەكرێت ئەم پارەیە دراوەتەوە بە فەرز، بەڵام ئەم دەنگۆیانە دوورن لەڕاستییەوە".

بەوتەی رێباز حەملان، بەو 5 مانگەی بەغدا پارەی تیادا ناردووە، مووچەی مانگی 10 و 11 و 12ی ساڵی پار بەبێ پاشكەوت دراوە لەگەڵ 2 مانگی سەرەتای ئەمساڵ، خەڵكی هەرێمی كوردستانیشی دڵنیا كردەوە كە مووچەی مانگانە بەردەوامیی دەبێت و ناوەستێت.

جەختیكردەوە: ئەو دەنگۆیانەی باس لە ناردنی چوار مووچە دەكەن بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، هیچ بنەمایەكی راستی نییە و دوورە لە راستییەوە كە بەنوسراوێكی بانكی ناوەندی-ش ناردنی ئەو پارەیە رەتكراوەتەوە.

لەكۆتایی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا رێباز حەملان رایگەیاند: "بۆ پێش جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ، وەكو وەزارەتی دارایی و ئابووری دەست بەدابەشكردنی مووچە دەكەینەوە و ئەو شوێنانەشی فریا نەكەوتین مووچەیان بدەینێ، دوای جەژن دابەشیدەكەین بەسەریاندا".

ئا: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure