لەسەر ناردنی پارە لەبەغداوە رونکردنەوەدەدرێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 5890‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاریان عەلی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئایاری 2019 هەریەك لە وەزیری دارایی و وتەبێژی حكومەتی هەرێم و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامدەدەن سەبارەت بە هاتنی پارەی بەغداد بۆ مووچە و قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێم.


بەپێی ئاگادارییەكی ئەنجومەنی وەزیران، كاتژمێر 10ی پێشنیوەڕۆ لە ئەنجومەنی وەزیران كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش بۆ هەریەك لە رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابوری، سەفین دزەیی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم و ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدەدرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست دواڕۆژ كەوتووە: لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا باس لە هاتنی ئەو بڕە پارەیە دەكرێت كە بەغدا بۆ هەرێمی ناردوە بۆ پێدانی مووچە لەگەڵ وردەكاری دابەشكردنی بەسەر سێ مانگی كۆتایی ساڵی رابوردوو و دوو مانگی یەكەمی ئەمساڵ بۆ مووچە.

باس لەوەدەكەن كە بەهۆی ئەوەی ساڵی 2018 هیچ مووچەیەك پاشەكەوت نەكراوە، بۆیە سێ مووچە دواكەوتووە، مووچەی هەردوو مانگی تشرینی یەكەم و دووەم بە سیستمی پاشەكەوت بووە، هەروەها مووچەی كانوونی یەكەم بە بێ پاشكەوت، لەگەڵ پێدانی مووچەی هەردوو مانگی كانوونی دووەم و شوباتی 2019 بەبێ پاشەكەوت.

لەبەشێكی دیکەی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، دڵنیایی دەدەن بە مووچەخۆران كە مووچە لە 30 رۆژ جارێكدا دابەشدەكرێت و هیچ مەترسییەك لەسەر مووچە  نییە.

هەروەها  باس لەوە دەکەن ئەو پارەیەی دراوە بە قەرزی بەڵێندەران هیچ پەیوەندییەکی بە پارەی بەغداوە نییە، هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێم و دانەوەی بەشێكی قەرزەكان باس دەكرێت.

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure