حکومەتی هەرێم بەڕەسمی لەسەر مووچە روونکردنەوە دەدات

هەواڵ / کوردستان :: 26/05/2019‌ :: 17537‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاریان عەلی

 

وابڕیارە پێشنیوەڕۆی سبەی دووشەممە 27ی ئایاری 2019 هەریەك لە وەزیری دارایی و وتەبێژی حكومەتی هەرێم و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامبدەن سەبارەت بە هاتنی پارەی بەغداد بۆ مووچە و قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێم.

 

بەپێی ئاگادارییەكی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیارە سبەی دووشەممە كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ لە ئەنجومەنی وەزیران كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش بۆ هەریەك لە رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابوری، سەفین دزەیی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم و ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامبدرێت.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست دواڕۆژ كەوتووە: لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا باس لە هاتنی ئەو بڕە پارەیە دەكرێت كە بەغدا بۆ هەرێمی ناردوە بۆ پێدانی مووچە لەگەڵ وردەكاری دابەشكردنی بەسەر سێ مانگی كۆتایی ساڵی رابردوو و دوو مانگی یەكەمی ئەمساڵ بۆ مووچە.

 

باس لەوەدەكەن كە بەهۆی ئەوەی ساڵی 2018 هیچ مووچەیەك پاشەكەوت نەكراوە، بۆیە سێ مووچە دواكەوتووە، بەوەی مووچەی هەردوو مانگی تشرینی یەكەم و دووەم بە سیستمی پاشەكەوت، هەروەها مووچەی كانوونی یەكەم بە بێ پاشكەوت، لەگەڵ پێدانی مووچەی هەردوو مانگی كانوونی دووەم و شوباتی 2019 بەبێ پاشەكەوت.

 

لەبەشێكی دیکەی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، دڵنیایی دەدەن بە مووچەخۆران كە مووچە لە 30 رۆژ جارێكدا دابەشدەكرێت و هیچ مەترسییەك لەسەر مووچە  نییە.

 

هەروەها  باس لەوە دەکەن ئەو پارەیەی دراوە بە قەرزی بەڵێندەران هیچ پەیوەندییەکی بە پارەی بەغداوە نییە، هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە قەرەزەكانی سەر حكومەتی هەرێم و دانەوەی بەشێكی قەرزەكان باس دەكرێت.

 

پ: رێباز

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure