كه‌ركوك... پارێزگا پشتگوێخراوەکە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 27/05/2019‌ :: 353‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

خراپی دۆخی ئه‌منی له‌باشور و رۆژئاوای كه‌ركوك و ناسه‌قامگیری دۆخی سیاسی شاره‌كه‌ وایكردوه‌ هیچ پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌پارێزگاكه‌دا نه‌بێت و دۆخی ئابووری بازاڕیش هه‌میشه‌ له‌داشكاندا بێت، پارێزگاری كاتیی كه‌ركوك به‌هۆكاری سه‌ره‌كی پاشه‌كشێی پارێزگاكه‌ ده‌بینرێت له‌سه‌رجه‌م رووه‌كانه‌وه‌ ئه‌وه‌ش به‌هۆی په‌یڕه‌وكردنی سیاسیه‌تی تاكڕه‌ویی و نه‌ته‌وه‌په‌رستی دژی كورد.


سوتاندنی ده‌غڵ و دانی جوتیارانی كورد و دوباره‌ خۆڕێكخستنه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش و ئه‌نجامدانی ده‌یان كرده‌وه‌ی تیرۆریستی، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی رێژه‌ی تاوان و مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌كه‌ركوكدا كه‌ به‌ڕای چاودێرانی سیاسی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان توانای كۆنترۆڵكردنی دۆخه‌كه‌یان نیه‌ و ئیداره‌ی شاره‌كه‌ش له‌جیاتی دۆزینه‌وه‌ی رێگەچاره‌، سه‌رقاڵی چاندنی تۆوی دووبه‌ره‌كی و تێكدانی په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌ له‌ نێوان پێكهاته‌كاندا.

چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر (دووشه‌ممه‌ 15ی ئایاری 2019) چوار ئه‌فسه‌ری تیمی قه‌ناس به‌ده‌ستی پۆلیسی ئیتیحادی له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ئه‌رك له‌نزیك قه‌زای حه‌ویجه‌ كوژران، هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌یش له‌ناحیه‌ی ره‌شاد دوو پۆلیسی دیكه‌ كوژران، به‌رده‌وامی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانیش سه‌ر له‌نوێ دۆسێی ئه‌منی پارێزگاكه‌ی خسته‌وه‌به‌رباس كه‌ نزیكه‌ی دوو ساڵه‌ كورد داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هێزه‌ عێراقییه‌كاندا مه‌له‌فی ئه‌منی كه‌ركوك بگرنه‌ ده‌ست.

ئه‌گه‌رچی به‌رده‌وام پارێزگای كاتیی كه‌ركوك و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان له‌به‌ده‌م كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندندا ئاماژه‌ به‌ سه‌قامگیری دۆخی پارێزگاكه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ڕاستیدا به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی نوسراوێكی نهێنی راكان جبوری به‌ژماره‌ (1060) كه‌ له‌ 13ی حوزه‌یرانی ساڵی 2018 ئاڕاسته‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی كردوه‌ و ئه‌وه‌ده‌خاته‌ڕوو كه‌ چالاكییه‌كانی داعش له‌سه‌رانسه‌ری شاره‌كه‌دا زیادیانكردوه‌ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر پرۆسه‌ی بونیادنانه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانیش كردوه‌.

ئازاد جه‌باری، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: ناوچه‌كانی باشور و رۆژئاوای پارێزگای كه‌ركوك پانتاییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ و ئێستاش له‌هه‌موو كات زیاتر پێویست به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات بۆ ناوچه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هێزه‌ عێراقییه‌كاندا پارێزگاكه‌ بپارێزن.

هه‌روه‌ها به‌شێك له‌هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی عێراق تۆمه‌تبارده‌كرێن به‌ ده‌ستوه‌ردان له‌بابه‌تی كێشه‌ی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی عه‌ره‌بی هاورده‌ی سه‌رده‌می سه‌دام حسێن كه‌ به‌پاڵپشتی پارێزگاری كاتیی هه‌وڵی دوباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌ده‌ن و ده‌ستگیركردنی هاووڵاتیانی كورد و ناچاركردنیان به‌دانپێدانان له‌سه‌ر تاوانگه‌لێك كه‌ ئه‌نجامیان نه‌داوه‌.

هه‌وه‌ها له‌دوای رووداوه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017وه‌ رێگە نادرێت سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و هیچ ئه‌فسه‌رێكی دیكه‌ی كوردیش ئاماده‌ی كۆبونه‌وه‌ ئه‌منییه‌كان بن كه‌ تێیدا به‌ئاماده‌بونی نوێنه‌ری ده‌زگا ئه‌منیه‌كان و پارێزگار دۆخی ئه‌منی پارێزگاكه‌ تاووتوێده‌كرێت.

هه‌رچی په‌یوه‌ندی به‌پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریشه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌وه‌ به‌ته‌واوه‌تی په‌كیكه‌وتوه‌ و جیا له‌وه‌ی هیچ پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری نوێ ئه‌نجام نه‌دراوه‌ كه‌چی به‌شێك له‌شه‌قام و پڕۆژه‌كانی جوانكاری پێشتریش به‌هۆی پشتگوێخستنه‌وه‌ تێكچوون و چاكناكرێنه‌وه‌.

ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكیش ئیداره‌ی ئێستای كه‌ركوك تۆمه‌تبارده‌كه‌ن به‌ گه‌نده‌ڵی له‌پڕۆژه‌كانی باشوری پارێزگاكه‌ كه‌ له‌سه‌ر حیسابی رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دروستكراون، هه‌روه‌ك هه‌وڵده‌دات له‌سه‌دا 50ی بودجه‌ی پیترۆدۆلار له‌ژێر ده‌ستی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌ربهێنێت له‌ژێر ناوی ئه‌نجامدانی كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ به‌ ناشه‌فاف و وه‌همی ناوی ده‌به‌ن.

له‌ڕێكه‌وتی 3ی كانونی دووه‌می ساڵی 2019 ره‌مله‌ عوبێدی، ئه‌ندامی كوتله‌ی عه‌ره‌بی و سه‌رۆكی لیژنه‌ی پڕۆژه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌یاداشتێكدا كه‌ ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی عێراقی كردوه‌ به‌ئاشكرا رونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی دوخستنه‌وه‌ی رۆڵی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و نه‌بونی چاودێری وایكردوه‌ گه‌نده‌ڵی له‌شاره‌كه‌دا بڵاوبێته‌وه‌ و هه‌وڵدانیش بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌لایه‌ن راكان جبورییه‌وه‌ به‌ڵگه‌یه‌كی رونه‌ له‌سه‌ر پێدانی شه‌رعیه‌ت به‌ گه‌نده‌ڵكاران.

له‌بودجه‌ی ئه‌مساڵیشدا زیاتر له‌ 400 ملیار دینار وه‌كو بودجه‌ی پارێزگای كه‌ركوك ته‌رخانكراوه‌ كه‌ تاوه‌كو ئێستا به‌هۆی ئاماده‌نه‌بونی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بۆ كۆبونه‌وه‌كان نه‌توانرا پلانی پڕۆژه‌كان په‌سه‌ندبكرێن و كاركردن له‌پڕۆژه‌كاندا ده‌ستپێبكات.

له‌مانگی نیسانی ئه‌مساڵدا ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌كۆی ده‌نگ پلانی پڕۆژه‌كانی راكان جبوری ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ له‌و رێگەیه‌وه‌ هه‌وڵی خه‌رجكردنی بودجه‌ی پیترۆدۆلاری ده‌دا له‌وه‌گه‌ڕخستنی پڕۆژه‌كاندا، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن پلانه‌كه‌ی جبوری به‌ ناشه‌فاف و ناڕوون وه‌سف ده‌كه‌ن.

جوان حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ماوه‌ی دوو ساڵه‌ عێراق بودجه‌ی كه‌ركوك ره‌وانه‌ ده‌كات و له‌گه‌ڵ هاوكارییه‌كانی رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌ڵام پڕۆژه‌كان به‌عه‌داله‌ت به‌سه‌ر ناوچه‌كاندا دابه‌شنه‌كران و ئه‌وه‌شی له‌سه‌نته‌ری شاره‌كه‌دا بوونی هه‌یه‌ چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی بچوك و ته‌واوكردنی پڕۆژه‌ كۆنه‌كانی رابوردووه‌.

له‌ڕووی سیاسیشه‌وه‌، جوان حه‌سه‌ن پێیوایه‌ كه‌ركوك له‌خراپترین دۆخدایه‌ چونكه‌ كورد له‌نێو خۆیدا و له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی دیكه‌شدا نه‌یتوانیوه‌ پێكبێت تابتوانرێت به‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ نائومێدی و نیگه‌رانی كه‌ركوكییه‌كان به‌سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كانه‌وه‌ بڕوێنرێته‌وه‌.

وتیشی: "ئاڵۆزی دۆخی ئه‌منی و ململانیه‌ سسیاسییه‌كانی نێوان حیزبه‌ كودستانییه‌كان و پێكهاته‌كانی كه‌ركوك و كارانه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و نه‌بونی بودجه‌ بۆ شاره‌كه‌ كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئابوری شاره‌كه‌ دروستكردوه‌ و بوه‌ته‌ هۆی نه‌بونی هه‌لی كار و نه‌بونی پڕۆژه‌ و ناجێگری بازاڕ كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌تاكه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌".

 

پ: ک. س

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure