چین خۆى بۆ جه‌نگێكى بازرگانى درێژ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ئاماده‌ده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 26/05/2019‌ :: 163‌ جار بینراوە
په‌نا بۆ ستراتیجێكى ماوتسى تۆنگ ده‌بات

دواڕۆژ

چین خۆى بۆ سه‌رده‌مێكى دژوار ئاماده‌ده‌كات كه‌ به‌هۆى تێكچونى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا سه‌ریهه‌ڵداوه‌، ئه‌م دۆخه‌ به‌ جوڵاندنى هه‌ستى نیشتیمانى له‌ڕێى فیلم ده‌رباره‌ى جه‌نگى كۆریا و گۆرانییه‌ك ده‌رباره‌ى ناكۆكى بازرگانى كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى به‌رفراوان بڵاوبوه‌ته‌وه‌ ده‌رده‌بڕدرێت.


ناكۆكییه‌ بازرگانییه‌كه‌ گۆڕاوه‌ بۆ شه‌ڕه‌ لێدوان له‌دواى ئه‌وه‌ى هه‌فته‌ى رابردوو دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكى ئه‌مریكا گروپى كۆمپانیاكانى هواوى بۆ په‌یوه‌ندییه‌كان خسته‌ لیستى ره‌شه‌وه‌، به‌بیانوى ئه‌گه‌رى به‌كارهێنانى ئامێره‌كانى ئه‌و كۆمپانیایه‌ له‌لایه‌ن په‌ككین-ه‌وه‌ بۆ بوارى هه‌واڵگرى.

بڕیاره‌كه‌ى ترامپ هه‌نگاوى كۆمپانیا ئه‌مریكیه‌كانى به‌دواداهات كه‌ ئه‌و خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌كنه‌لۆجیایانه‌ پێشكه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ هواوى پێویستیه‌تى، له‌كاتێكدا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت هه‌ردوو لایه‌ن گفتوگۆ بازرگانییه‌كانیان ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ى هه‌ردوولا ره‌سمى گومرگییان به‌رزكرده‌وه‌.

له‌ ده‌ربڕینێكیشدا ئاژانسى هه‌واڵى چینى نوێ (شینخوا)ى ره‌سمى بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئێستا چین "تێگه‌یشتنێكى قوڵترى هه‌یه‌" بۆ "گۆڕانكارى" هه‌ڵوێست و بڕیاره‌كانى ئه‌مریكا و ئاماده‌كارى ده‌كات بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ به‌ گیانى "كاروانى درێژ".

ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ رووداوێكى مێژوویى له‌ سه‌رده‌مى ماوتسى تۆنگ، له‌ جه‌نگى میللى چینى كاتێك سوپاى ئازادى میللى و چالاكوانان له‌ حزبى شیوعى كشانه‌وه‌ له‌ رێپێوانێك له‌نێوان ساڵانى 1934 و 1935 بۆ رزگاربوون له‌ سوپا.

ئه‌و ستراتیجه‌ له‌ وتارێكدا ره‌نگیدایه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن شى جین بینگ، سه‌رۆكى چین نوسراوه‌ و تیایدا داوایكرد ئاماده‌كارى بكرێت بۆ "كاروانێكى درێژى نوێ" وه‌ك یادكردنه‌وه‌ى ستراتیجى كشانه‌وه‌ ئه‌فسانه‌ییه‌كه‌ كه‌ شۆڕشگێره‌ شیوعیه‌كان له‌ سییه‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو ئه‌نجامیاندا به‌ر له‌وه‌ى ده‌ست به‌ رێكخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ له‌ ساڵى 1949 سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن.

لاى خۆیه‌وه‌ جانگ یانشینگ، گه‌وره‌ توێژه‌رانى سه‌نته‌رى چین بۆ ئاڵوگۆره‌ ئابورییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌ كۆنگره‌یه‌كدا كه‌ رۆژى چوارشه‌ممه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ئه‌نجامدرا رایگه‌یاند: دوو گه‌وره‌ هێزه‌ ئابورییه‌كه‌ى جیهان "به‌ قۆناغێكى درێژى ناكۆكى ناعه‌قلانیدا تێده‌په‌ڕن".

وتیشى: "له‌ سایه‌ى ئه‌م پڕۆسه‌یه‌دا هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو (...) له‌ یه‌كتر تێده‌گه‌ن و به‌رگرى دژ به‌ یه‌ك ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ماهه‌نگى یه‌كتر بكه‌ن" له‌ كۆتاییه‌كه‌یدا.

ترامپ ده‌رگاى لێكتێگه‌یشتنى به‌ كراوه‌یى هێشتوه‌ته‌وه‌ و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا بڕیاره‌ چاوى به‌ سه‌رۆكى چین بكه‌وێت له‌ په‌راوێزى لوتكه‌ بیستدا له‌ ژاپۆن كه‌ بڕیاره‌ مانگى داهاتوو ئه‌نجام بدرێت.

میدیاكان چین لاى خۆیانه‌وه‌ بابه‌ت و وتارى دژ به‌ ترامپ و ئه‌مریكا بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌. له‌ 16ى ئایارى رابردوو بۆ ماوه‌ى شه‌ش رۆژ ته‌له‌فزیۆنى ره‌سمى فیلمى ده‌رباره‌ى جه‌نگى كۆریا له‌ په‌نجاكانى سه‌ده‌ى رابردوو بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ هۆكاره‌ بۆ دروستكردنى هه‌ڵوێستى دژ به‌ ئه‌مریكا، بۆ یادكردنى هاوڵاتیان كه‌ جه‌نگى ساردى ئه‌وكات گه‌یشته‌ چین پاش ئه‌وه‌ى له‌پاڵ كۆریاى باكور رووبه‌ڕووى هێزى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ سه‌رۆكایه‌تى واشنتن بوه‌وه‌.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هه‌فته‌ى رابردوو گۆرانیه‌ك به‌ ناوى "جه‌نگى بازرگانى" بڵاوبوه‌وه‌ كه‌ تێكسته‌كه‌ى له‌لایه‌ن به‌رپرسێكى حكومى پێشووى چین نوسراوه‌ و به‌ڵێنى شكستهێنانى گه‌وره‌ به‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌دات.

لاى خۆیانه‌وه‌ به‌كارهێنه‌رانى تۆڕه‌كانى ئینته‌رنێت پشتیوانى خۆیان بۆ هواوى ده‌ربڕى پاش هه‌ڕه‌شه‌كانى ترامپ، ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌كى گشتى وا لێكده‌درێته‌وه‌ كه‌ هه‌وڵه‌ بۆ له‌ناوبردنى ویسته‌كانى چین له‌ بوارى ته‌كنه‌لۆجیادا.

شى ینهونگ، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شى لێكۆڵینه‌وه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ زانكۆى (رینمین) وتى: "هه‌وڵه‌كانى ئه‌مریكا بۆ زیانگه‌یاندن به‌ هواوى ته‌نها تاكتیكێكه‌ بۆ دواخستنى، ناگاته‌ رێگایه‌كى داخراو".

وتیشى: به‌ڵام پێویستى كه‌رتى ته‌كنه‌لۆجیاى چین خۆى ئاماده‌بكات بۆ قۆناغێكى دژوار كه‌ پێده‌چێت درێژخایه‌ن بێت.

س: فڕانس 24
وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure