سه‌رۆ دزه‌یى: حكومه‌تى هه‌رێم 100 ملیۆن دۆلار بۆ بەڵێندەران خه‌رج ده‌كات

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 26/05/2019‌ :: 5442‌ جار بینراوە
سه‌رۆ دزه‌یى

دواڕۆژ، سامان قوبادى

پاش خه‌رجكردنى 200 ملیۆن دۆلار له‌ماوه‌ى رابوردوودا، بڕیاره‌ 100 ملیۆن دۆلارى تر بۆ به‌ڵێنده‌ران خه‌رج بكرێت وه‌ك ئه‌وه‌ى سه‌رۆ دزه‌یى، سه‌رۆكى لقى هه‌ولێرى یه‌كێتى به‌ڵێنده‌رانى كوردستان له‌ دیدارێكى دواڕۆژدا باسیده‌كات و ده‌شڵێت: به‌دانه‌وه‌ى ئه‌و بڕه‌ كه‌مه‌ له‌ قه‌رز له‌ كۆى یه‌ك ملیار دۆلار كه‌ لاى حكومه‌ت كاریگه‌ریى له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى پڕۆژه‌كان نابێت، به‌ڵكو پێویسته‌ پاره‌ى تر بۆ پڕۆژه‌ى نوێ خه‌رج بكرێت.


دواڕۆژ: بڕى ئه‌و قه‌رزى به‌ڵێنده‌ران كه‌ لاى حكومه‌تى هه‌رێمه‌ چه‌نده‌؟
سه‌رۆ دزه‌یى:
حكومه‌تى هه‌رێم بڕى یه‌ك ملیار دۆلار قه‌رزارى به‌ڵێنده‌ران بوو، پێشتر 100 ملیۆن دۆلارى وه‌رگیراوه‌، بڕیاربوو 100 ملیۆنى ترمان پێبدرێت، به‌ڵام 75 ملیۆنى پێداین و له‌ئێستاشدا سه‌رقاڵى دابه‌شكردنین له‌رێگه‌ى بانكه‌كانى زاگرۆس له‌ هه‌ولێر و داسیا له‌ دهۆك و ئاڵاى هه‌رێم له‌ سلێمانى، ئه‌مه‌ بۆ پڕۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنانه‌ كه‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌ت و پارێزگاكانه‌، بڕیاریش دراوه‌ به‌ خه‌رجكردنى 25 ملیۆن دۆلاره‌كه‌ى تر، به‌ڵام  به‌هۆى كێشه‌ له‌نێوان بانكى كوردستان و وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێنه‌كراوه‌، به‌ وه‌زیرى دارایم وتووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ تاوانى به‌ڵێنده‌رى تێدا نییه‌، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى تر له‌ چه‌نده‌ رۆژى داهاتوو بۆ به‌ڵێنده‌ران خه‌رج ده‌كرێت.

دواڕۆژ: ئایا دانه‌وه‌ى ئه‌م پاره‌یه‌ به‌راورد به‌ نزیكه‌ى یه‌ك ملیار دۆلار كاریگه‌ریى له‌سه‌ر پڕۆژه‌كان و بازاڕ هه‌بووه‌؟
سه‌رۆ دزه‌یى:
حكومه‌ت یه‌ك ملیار دۆلار قه‌رزاره‌، به‌ دانه‌وه‌ى 200 ملیۆن دۆلار بازاڕ ناجوڵێت، پڕۆژه‌كان به‌گه‌ڕناخاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر چه‌ند به‌ڵێنده‌رێكیش سودمه‌ندبن و پڕۆژه‌كانیان ده‌ستپێكردبێته‌وه‌ ترسى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ى وه‌ریان گرتووه‌ و له‌ پڕۆژه‌دا خه‌رجى بكه‌ن، دووباره‌ حكومه‌ت سلفه‌یان بۆ خه‌رج نه‌كات، بۆیه‌ یاداشتنامه‌یه‌كمان ئاراسته‌ى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كردوه‌ كه‌ ده‌بێت به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ئێمه‌ پڕۆژه‌كانى بوارى په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستى له‌ ئه‌وله‌ویه‌تى كاره‌كانمان بن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش حكومه‌ت پاره‌یه‌ك دابینبكات بۆ ئه‌و پڕۆژانه‌ى له‌م دوو كه‌رته‌دا كه‌ ده‌یه‌وێت ته‌واوى بكات، به‌داخه‌وه‌ له‌كاتێكدا حكومه‌ت نزیكه‌ى یه‌ك ملیار دۆلار قه‌رزارى به‌ڵێنده‌رانه‌، وه‌زاره‌تى شاره‌وانى زه‌وى ده‌فرۆشێت و پڕۆژه‌ى نوێى پێ جێبه‌جێ ده‌كات، ده‌پرسین بۆچى پاره‌ى به‌ڵێنده‌ران ناده‌نه‌وه‌ و پڕۆژه‌ كۆنه‌كان ته‌واوناكه‌ن.

دواڕۆژ: دانه‌وه‌ى قه‌رزى به‌ڵێنده‌ران به‌چییه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌؟ ئایا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كۆى پاره‌كه‌ له‌ كابینه‌ى داهاتوو خه‌رج بكرێت؟
سه‌رۆ دزه‌یى:
ئه‌گه‌ر دۆخى سیاسى جێگیر بێت، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێم و به‌غدا به‌ره‌وپێش بچێت، چاكسازى له‌ وه‌زاره‌ته‌كاندا ئه‌نجامبدرێت و خه‌ڵكى ده‌ستپاك بۆ پۆسته‌كان دابنرێن، ئه‌وكات چاوه‌ڕوان ده‌كرێت سه‌رجه‌مى قه‌رزه‌كه‌ بدرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌تایبه‌ت ئه‌مه‌ كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر باشبوونى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا، به‌ خراپبوونى كاریگه‌ریى له‌سه‌ر دواخستنى دانه‌وه‌ى ده‌بێت.

دواڕۆژ: ئایا پێش ده‌ستبه‌كاربوونى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كى تر بۆ به‌ڵێنده‌ران خه‌رج ده‌كات؟
سه‌رۆ دزه‌یى:
له‌گه‌ڵ وه‌زیرى دارایى زۆر هه‌وڵده‌ده‌ین بۆ خه‌رجكردنى پاره‌، دواى دابه‌شكردنى ئه‌و 100 ملیۆنه‌ى كه‌ باسم كرد، وه‌زاره‌تى دارایى 100 ملیۆن دۆلارى تر بۆ به‌ڵێنده‌ران خه‌رج ده‌كات، هیوامان وایه‌ هه‌مووى به‌یه‌كجار وه‌ربگرین، ئه‌گه‌رى زۆره‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ پێش ده‌ستبه‌كاربوونى كابینه‌ى نوێ خه‌رج بكرێت.

دواڕۆژ: ئایا پێتوایه‌ بۆچى وه‌زاره‌تى دارایى خه‌مسارده‌ له‌ دانه‌وه‌ى پاره‌ى به‌ڵێنده‌ران له‌كاتێكدا دۆخى دارایى حكومه‌ت باشتر بووه‌؟
سه‌رۆ دزه‌یى:
ده‌ڵێن پاره‌مان نییه‌، پێویسته‌ كابینه‌ى نوێ گۆڕانكارییه‌كى باش له‌ كه‌سه‌كان و ناو وه‌زاره‌ته‌كاندا بكات، ئه‌وانه‌ى پۆسته‌ گرنگه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن پێویسته‌ پڕۆفیشناڵ و ده‌ستیان پاك بێت و رۆتیناتیش كه‌م بكرێته‌وه‌، بابه‌تى چه‌كى به‌ڵێنده‌ران به‌بێ ره‌سیدى بانكى كارێكى هه‌ڵه‌ بووه‌، جگه‌له‌وه‌ بڕیارى تاكه‌كه‌سى هۆكارى خه‌رجنه‌كردنى چه‌كى به‌ڵێنده‌رانه‌.

دواڕۆژ: ژماره‌ى پڕۆژه‌ راگیراوه‌كانى به‌ڵێنده‌ران چه‌نده‌؟ چه‌ندى ده‌ستى پێكراوه‌ته‌وه‌؟
سه‌رۆ دزه‌یى:
له‌ 2014وه‌ سێ هه‌زار پڕۆژه‌ى به‌ڵێنده‌ران راگیراوه‌ حكومه‌ت ده‌ڵێت، پاره‌ت پێناده‌م و ده‌بێت كاربكه‌یت، هه‌ندێك به‌ڵێنده‌ر هه‌یه‌ قه‌رزارى كه‌س نییه‌ و پاره‌ى خۆیه‌تى لاى حكومه‌ته‌ به‌شێك له‌ قه‌رزه‌كانیش به‌ چه‌كى بانكى بێ ره‌سید وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام زۆربه‌ى به‌ڵێنده‌ران قه‌رزارى بازاڕ و كرێكارن.

دواڕۆژ: ئایا تاكه‌ رێگه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى پڕۆژه‌كان و جوڵاندنى بازاڕ دانه‌وه‌ى پاره‌ى به‌ڵێنده‌ران؟
سه‌رۆ دزه‌یى:
بێگومان ته‌نیا له‌م رێگه‌یه‌وه‌ دۆخى دارایى و بازاڕ ده‌گۆڕێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ دانه‌وه‌ى سه‌رجه‌مى قه‌رزى به‌ڵێنده‌ران، پێویسته‌ پاره‌ى تر بۆ پڕۆژه‌ ته‌واونه‌كراوه‌كان دابینبكرێت و ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌ى نوێ بكرێت، ئه‌گه‌رنا ته‌نها دانه‌وه‌ى پاره‌كه‌ به‌س نییه‌، چونكه‌ به‌ڕێوه‌به‌ردنى سه‌رجه‌م پڕۆژه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا له‌لایه‌ن به‌ڵێنده‌رانه‌وه‌ ده‌كرێت.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوكردنه‌وه‌: چ. ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure