دوای 10 ساڵ كاركردن تیایدا دواین وادە بۆ كردنەوەی رێگەیەكی ستراتیژی دیاریكرا

هەواڵ / کوردستانی :: 26/05/2019‌ :: 910‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید

ئەمڕۆ یەكشەممە 26ی ئایاری 2019 هەریەكە لە نوێنەری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی گشتی رێگەوبانی سلێمانی و پارێزگاری هەڵەبجە بە شێوەیەكی مەیدانی سەردانی پرۆژەی رێگەی دوو سایدی سلێمانی هەڵەبجەیان كرد، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا نوێنەری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە دواین وادەی بۆ كۆمپانیای جیبەجێكار دیاریكرد.


ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا ئاماژەی بەوەكرد: لەگەڵ ئەوەی ماوەی 10 ساڵە كاركردن لە پرۆژەی دوو سایدی سلێمانی هەڵەبجە دەستیپێكردوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە ئەو پرۆژە ستراتیژییە تەواو بكرێت، بۆیە لە ئێستادا جارێكی دیكە بە شێوەیەكی جددی كاركردن لەو پرۆژە ستراتیژییە دەستیپێكردوەتەوە، وەزارەتە پەیوەندیدارەكانیش لە نزیكەوە چاودێری كارەكانی پرۆژەكە دەكەن.

دواتر نەسرەدین حەمە عەلی، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێم ئەوەی خستەڕوو: دوای ئەوەی بڕی پارەی پێویست بۆ تەواوكرنی پرۆژەی ستراتیژی دوو سایدی هەڵەبجە سلێمانی تەرخانكراوە لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە، چیتر لە كۆمپانیای جێبەجێكاری قبوڵناكەین كە سستی لە كارەكانیدا بکات، بۆیە دەبێت لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا ئەو پرۆژەیە بە كۆتا بگەیەنن و هاووڵاتیان بتوانن سودی لێوەربگرن.

هاوکات ئیبراهیم عەزیز، بەڕێوەبەری گشتی رێگەوبانی سلێمانی لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا ئاماژەی بەوەكرد: لە ئێستادا زیاتر لە %85ی كارەكانی پرۆژەی دوو سایدی سلێمانی هەڵەبجە بە كۆتا گەیشتوون، ماوەی دوو مانگمان داناوە بۆ ئەوەی كارەكان بە كۆتا بگەن، ئەگەر لەو ماوەیەدا كارەكانیان بە كۆتا نەگەیشت ئەوا خۆمان پرۆژەكە تەواو دەکەین و ڕێكاری یاسایی دژ بە كۆمپانیای جێبەجێكار دەگرینەبەر.

ڕێگەی سەرەكی دوو سایدی سلێمانی هەڵەبجە، ماوەی 10ساڵە كاركردن تیایدا دەستیپێكردوە و بڕی 90 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، لە لایەن كۆمپانیایەکی توركییەوە جێبەجێدەكرێت.

پ: ک. س
بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure