حیزبەکانی کەرکوک داوایەک له‌یەکێتی و پارتی دەکەن و هۆشداری ده‌ده‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 26/05/2019‌ :: 695‌ جار بینراوە

 دواڕۆژ، عیماد جەباری


حیزبە کوردستانییەکانی کەرکوک لەسەر ئاستی کەسی یەکەم لەبارەگای حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆبوونەوەو پاشان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وردەکاری کۆبونەوەکەیان خستەڕوو و چه‌ند داواكارییه‌كیان ئاڕاسته‌ی یه‌كێتی و پارتی كرد.


شوان محەمەد سەرۆکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لەکەرکوک رایگەیاند: هەموو لایەک لە بارودۆخی ناهەمواری کەرکوک ئاگاداردەکەینەوە کە بارودۆخەکە بەرەو ئاقارێکی خراپ دەڕوات و  شەپۆلێک لە پرۆسەی تەعریب و هێرشکردنەسەر ماڵی کوردان دەستیپێکردوە.

وتیشی: "لەکۆبونەوەکەدا دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە لەسەر 7 خاڵ رێککەوتین".

خاڵه‌كان پێكدێن له‌:
1- جارێکیتر داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین باری نائاسایی لەسەر کەرکوک هەڵگرێت و بەسەربازگەکردنی کەرکوک کۆتایی پیبێت.

2- سیاسەتی بەعەرەبکردن رابگرن کە دیاردەیەکی نامرۆیی و نادیموکراسییەو دەرەنجامێکی باشی نابێت و ئه‌زمونه‌كانی رابوردووش ئەو راستیە دەسەلمێنن.

3- کۆبونەوە هیچ هۆکارێک بەرێگر نابینێت لەبەردەم سەرکردایەتی یەکێتی و پارتی بۆ ئەوەی رێکنەکەون لەسەر بەرنامەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک و ئامادەکاریی بۆ کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا و دانانی پارێزگارێک و کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی سەپاوی پارێزگاری بەوەکالەت.

4- بەرپرسیارێتی دەخەینە ئەستۆی سەرۆک کۆمار وەک چۆن بەپێی دەستور پارێزەری دەستورە، ئاوا ماددەی 140 مادەیەکی دەستورییەو دەبێت سەرۆک کۆمار کار بۆ جێبەجێکردنی بکات.

5- پەرلەمان و حکومەتی هەرێم بەرپرسیارێتیان لەئەستۆدایە و نابێت لەئاست ئەو هەموو پێشێلکارییە بەرامبەر خاک و خەڵکی کەرکوک دەکرێت بێدەنگ بن و دەبێت بەئەرکی سەر شانیان هەستن و کار بۆ رێگری لە پێشێلکاریە دەستورییەکان و پارێزگارە سەپێنراوەکەی کەرکوک بکەن.

6- بەهەموو توانامانەوە پشتگیری لەجوتیارانی کورد دەکەین و بەرگری رەواش بەمافی جوتیاران دەزانین بەرامبەر هەر دەستدرێژییەک بکرێتە سەر خاک و ئاو و بەروبوومە کشتوکاڵییەکانیان.

7- جارێکیتر جەختدەکەینەوە دۆخی کەرکوک وا دەخوازێت بەزووترین کات سەرکردایەتی یەکێتی و پارتی کۆببنەوەو چارەسەری رەوشی کەرکوک بکەن و چیتر ئەوان نەبنە بەشێک لە نەهامەتییەکانی سەر خەڵکی کەرکوک.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure