یه‌كێتی به‌ مه‌رج دەنگ بە نێچیرڤان بارزانی دەدات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 26/05/2019‌ :: 3840‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەركردەیەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت: پشتگیری كاندیدی پارتی بۆ سەرۆكی هەرێم دەكەن و دەنگی پێدەدەن، بەڵام ئەوەش پێویستی بەڕێخۆشكردنە، رەتیشیكردەوە ئەوان كاندیدی "بێلایەن"یان بۆ پارێزگاری كەركوك هه‌بێت.


بڕیارە رۆژی سێشەممە پەرلەمانی كوردستان دەنگ كاندیدی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بدات كە لە نێو پێنج كاندید، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگری سەرۆكی پارتی وەكو كاندیدی پارتی بەهێزترین كاندیدە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەڵام چەند رۆژێكە هەندێك پەرلەمانتاری یەكێتی دەڵێن، ئەگەر "كات" بۆ دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك لەپشكی یەكێتی دیارینەكرێت، ئەوان دەنگ بە نێچیرڤان بارزانی نادەن.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: سیاسەتی فەرمی-یان كە لەگەڵ پارتی رێككەوتوون ئەوەیە پاكێجەكانی ناوەوە و دەرەوەی هەرێم بەیەكەوە ببەستنەوەو ناكرێت لێكجیابكرێنەوە، كاتێك لێكتێگەیشتنی مەسعود بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ هاتەئاراوە، ئەم دوو مەسەلەیەی بەیەكەوە بەستووه‌تەوە، بۆیە ناكرێت ئێستا ئەم دوو مەسەلەیە لێكجیابكرێنەوە، بەڵام پێویستی بەهەندێك میكانیزمە بۆ ئەوەی بتوانن قۆناغەكە تێپەڕێنن.

ناوبراو روونیكردەوە: ئەو میكانیزمە لەچوارچێوەی بەیەكەوە بەستنەوەی هەموو پاكێجەكان بەڕێوەدەچێت، بەڵام جیاكردنەوەی پاكێجەكان بەدڵنیاییەوە كێشە دروست دەكات.

دەربارەی ئەوەی هەست دەكەن پارتی دەیەوێت پاكێجەكان جیابكاتەوە، ئەسەسەرد وتی: "رێككەوتنەكە لەسەر گرێدانی پاكێجەكانە بەیەكەوە، ئەگەر هەوڵێك لەلایەن پارتی یان ئێمەوە هەبێت، بەدڵنیاییەوە كێشە دروست دەبێت".

سەبارەت بەوەی ئەگەر "كات" بۆ دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك دیاری نەكرێت، ئەوان دەنگ بەسەرۆكی هەرێم دەدەن؟، سەركردەكەی یەكێتی دەڵێت: "ئەوە دەبێت بۆ كاتی خۆی بیهێڵینەوە، بەڵام سیاسەتی فەرمیمان ئەوەیە رێككەوتنمان لەگەڵ پارتی هەیە كە پشتگیری كاندیدی ئەوان دەكەین و دەنگ بەئەوان دەدەین، بەڵام ئەوەش پێویستی بەڕێخۆشكردنە و پێویستی بەوە نییە كە رێككەوتنەكانی پێشوو تێكبدرێت یان بەربەست لەبەردەم رێككەوتنەكان دابنرێت".

هەروەها وتیشی: "ئەوەی كە لەمبارەیەوە پێویستە زۆر پەیوەندی بەئێمەوە نییە، بەڵكو زۆرتر پەیوەندی بەپارتییەوە هەیە كە میكانیزمێك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی پەرلەمانتارانی ئێمە بەئاسوودەیی دەنگ بەكاندیدی ئەوان بدەن و لەهەمانكاتدا جەماوەری ئێمە لەكەركوك بەوە ئاسوودە ببێت كە رێككەوتنە كۆنەكان جێبەجێ دەكەین".

دەربارەی ئەوەش كە بەو قسانە بێت واتە یەكێتی بەناڕاستەوخۆ داوای دیاریكردنی "كات" دەكەن بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك پێش هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم؟، ئەسەسەرد وتی: "دەكرێت ئێمە میكانیزمێك بدۆزینەوە كە چارەسەری ئەم مەسەلەیە بكات".

سێ رۆژ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم ماوە، سەبارەت بەوەی هەست دەكەن لەگەڵ پارتیدا بۆ ئەو مەبەستە بگەنە رێككەوتن؟، ناوبراو ده‌ڵێت: "هیوادارین و ئەوەندەی پێمان بكرێت هەوڵدەدەین بگەینە رێككەوتن لەسەر پارێزگاری كەركوك و سەرۆكی هەرێمی كوردستان".

بەڵام سەرچاوەیەك لەمەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بەدواڕۆژی راگەیاند: لە ڕێككەوتنی ئەوان و یەكێتیدا هاتووە مەسەلەی پارێزگاری كەركوك بۆ بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ جێهێڵدراوە، هەروەها دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم لیژنەیەكی هاوبەش بە پشتیوانی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات، بۆ ئەوەی مەسەلەكە لەوێ چارەسەر بكەن، چونكە ئەو مەسەلەیە لەگەڵ بەغدا چارەسەر دەبێت، نەك تەنیا بەدیاریكردنی پارێزگارێك.

ئەو سەرچاوەیەی پارتی وتیشی: "چونكە لایەنەكانی دیكەی كەركوك تائێستا رازی نین پارێزگارەكە كورد بێت، عەرەب و توركمان دەڵێت دەبێت لە ئێمە بێت، بۆیە لەسەر ئەو مەسەلەیە وا رێككەوتووین لەگەڵ بەغدا یەكلایی بكەینەوە".

دەربارەی ئەوەی ئەگەر مەسەلەی پارێزگاری كەركوك یەكلایی نەكرێتەوە، یەكێتیش دەنگ بە سەرۆكی هەرێم نەدات، ئەوان چی دەكەن ئایا مەترسییان نییە؟، سەرچاوەكەی پارتی روونیكردەوە: هیچ ناكەین، بەڵام ئەوە لادانە لەو رێككەوتنە، تائێستا ئێمە پابەندین بەو رێككەوتنەوەو ئومێد دەكەین ئەوانیش پێوەی پابەندبن.

چەند رۆژێكە لەهەندێك میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی بەتایبەتیش پارتی، باسی دانانی فەرەیدون عەبدولقادر، ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك دەكرێت وەكو كاندیدی "بێلایەن".

لەو بارەیەوە فەرید ئەسەسەرد بێئاگایی خۆیانی لەدەنگۆی كاندیدكردنی فەرەیدون عەبدولقادر دەربڕی و وتی: "لەناو سەركردایەتی یەكێتی باسی ئەو مەسەلەیە نەكراوە، ئەوەشی كاندیدی یەكێتی دەبێت پێویستە ئەندامی سەركردایەتی و خەڵكی شاری كەركوك بێت، بۆ ئەو مەبەستەش دەیگەڕێنینەوە بۆ سەركردە كەركوكییەكان، بەڵام لەناو سەركردایەتیش كێشەمان لەگەڵ رزگار عەلی نییە و دەنگیشی پێدەدەین".
      
بۆ بوونی كاندیدی "بێلایەن"ی وەك فەرەیدون عەبدولقادر، ئەسەسەرد وتی: "ئێمە كاندیدی بێلایەنمان ناوێت، كاندیدێكی ئەندامی یەكێتیمان دەوێت و واشمان داناوە ئەندامی سەركردایەتی بێت تاكو هێزێكی هەبێت و سەركردایەتی و دەزگاكانی یەكێتی پشتگیری لێبكەن".

هەر سەبارەت بەدەنگۆی دانانی فەرەیدون عەبدولقادر بۆ پارێزگاری كەركوك، سەرچاوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێت: "زۆر ناو بۆ پارێزگاری كەركوك دێن، بەڵام هیچ ناوێك پەسەندنەكراوە"، سەبارەت بەوەی ئەوان پێیانباشە ناوبراو بكرێتە پارێزگار، ئەو سەرچاوەیە وتی: "هەر ناوێك پێش هەموو شتێك جێی رەزامەندی خەڵكی كەركوك بێت، چونكە كەركوكییەكان كەسێكیان دەوێت دڵسۆز بێت بۆیان و خزمەتیان بكات، پاشان بەڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی و وا باشترە لایەنەكانی دیكەش تێیدا بەشداربن، بۆ ئەوەی پارێزگار بە پشتیوانی هەموو لایەك دەستنیشان بكرێت".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure