دەستگیركردنی پزیشكێك لەگەرمیان هاوپیشەكانی ناردووەتەوە ماڵەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 26/05/2019‌ :: 332‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن

دوای ئه‌وه‌ی له‌شاری كه‌لار نه‌خۆشێك له‌كاتی نه‌شته‌رگه‌ری گیانی لەده‌ستدا، پزیشكێك ده‌ستگیركراوه‌و له‌به‌ر ده‌ستگیركردنی ئه‌و پزیشكه‌ش، هاوپیشەكانیشیان لە كه‌لار ده‌وام ناكه‌ن و زۆربه‌یان نۆرینگه‌كانیشیان داخستووه، ئەوەش هاووڵاتیانی تووڕە كردووە‌.


له‌ 8ی ئایاری 2019 له‌ نه‌خۆشخایه‌كی ئه‌هلی له‌شاری كه‌لار هاووڵاتییه‌كی ته‌مه‌ن 28 ساڵ له‌كاتی نه‌شته‌رگه‌ری جگه‌ر گیانی له‌ده‌ستداو له‌سه‌ر سكاڵای كه‌سوكاره‌كه‌ی "د. ئارام" پزیشكی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ ده‌ستگیركراوه‌. 

عه‌لی قه‌دوری وته‌بێژی پۆلیسی گه‌رمیان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌هۆی گیانله‌ده‌ستدانی هاووڵاتی "سه‌رهه‌نگ جه‌لال" له‌كاتی نه‌شته‌رگه‌ری، له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌هلی له‌ شاری كه‌لار، كه‌سوكارەكەی سكاڵایان له‌سه‌ر پزیشكی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ تۆماركردووه‌.

وتیشی: "له‌سه‌ر ئه‌و سكاڵایه‌ به‌ بڕیاری دادوه‌ر پزیشكه‌كە به‌پێی مادده‌ی 411 له‌ یاسای سزادان كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كوشتنی به‌ هه‌ڵه‌، ماوه‌ی دوو هه‌فته‌یه‌ دەستبەسەرە".
له‌ دژی ده‌ستگیركردنی ئه‌و پزیشكه‌ له‌ ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردووه‌وه‌ له شاری كه‌لار پزیشكان له‌ نه‌خۆشخانه‌ ده‌وام ناكه‌ن و ته‌نانه‌ت به‌شێكی زۆریان تاوه‌كو ئێستاش نۆرینگه‌ و عیاده‌ تایبه‌تییه‌كانیشیان داخستووه‌.

شه‌هاب ئه‌حمه‌د قایمقامی كه‌لار به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: دوای نیگه‌رانی هاووڵاتیان و له‌سه‌ر ده‌وامنه‌كردنی پزیشكان، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان كردووه‌ و بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ پزیشكانی پسپۆڕ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی كه‌لار ده‌وامیان نه‌كردووه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوایان له‌ كارگێڕی نه‌خۆشخانه‌كه‌ كردووه‌ ئه‌مڕۆیان به‌ سزا بۆ ئه‌ژمار بكرێت.

وتیشی: "داوایان كردووه‌ راپۆرتی ده‌وامنه‌كردن و سزادانی پزیشكه‌كان ڕه‌وانه‌ی قایمقامیه‌ت بكرێت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ و هاوكات داواكاری گشتیش له‌ ده‌وام نه‌كردنی پزیشكان ئاگاداركراونه‌ته‌وه".

قایمقامی كه‌لار ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، نابێت له‌به‌ر كێشه‌ی پزیشكێك، هاوپیشه‌كانیان مانبگرن له‌ ده‌وام، چونكه‌ هاووڵاتیان و به‌تایبه‌تی ڕووداوه‌ كتوپڕه‌كان پێویستیان به‌ پزیشك هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ش رێگه‌ پێدراو نییه‌، بۆیه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پزیشكی دادوه‌ری كه‌لار كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "له‌كاتی گیان له‌ده‌ستدانی "سه‌رهه‌نگ جه‌لال" به‌مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه‌ و شیكاری زیاتر ته‌رمه‌كه‌یان ڕه‌وانه‌ی پزیشكی دادوه‌ری سلێمانی كردووه‌".

وتیشی: "له‌ وه‌ڵامدا و له‌ ڕاپۆرته‌كه‌یاندا ئه‌وه‌یان خستوه‌ته‌ڕوو كه‌ ناوبراو كیس له‌سه‌ر جگه‌ری هه‌بووه‌ و له‌كاتی نه‌شته‌رگه‌ری فشاری خوێنی به‌رزبووه‌ته‌وه‌ و بووه‌ته‌هۆی ئه‌وه‌ی گیان له‌ ده‌ست بدات".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، به‌رزبوونه‌وه‌ی فشاری خوێن له‌كاتی نه‌شته‌رگه‌ریدا حاڵه‌تێكی زۆر ده‌گمه‌نه‌ و به‌جه‌ڵته‌ی نێو نه‌شته‌رگه‌ری ناوده‌برێت و هه‌مان راپۆرتیان بۆ دادوه‌ر به‌رزكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردنی بۆ پزیشكی نه‌شته‌رگەر‌ییه‌كه‌ ده‌ركردووه‌. 

ده‌وام نه‌كرنی پزیشكان له‌ سنووری كه‌لار بووه‌ته‌هۆی نیگه‌رانی هاووڵاتیان و وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر پزیشك ده‌وام نه‌كات هاووڵاتیان ڕوو له‌ كوێ بكه‌ن.

فریاد ئه‌حمه‌د دانیشتووی كه‌لار به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "لەكاتی سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ هیچ پزیشكێكی پسپۆڕی تێدا نه‌بووه‌ و له‌به‌ر پزیشكێكی هاوپیشه‌یان كه‌ ده‌ستگیركراوه،‌ مانیان له‌ ده‌وام كردن ڕاگه‌یاندووه‌".

وتیشی: "ئه‌گه‌ر پزیشكان ده‌وام نه‌كه‌ن هاووڵاتیان ڕوو له‌ كوێ بكه‌ن به‌تایبه‌تی بۆ حاڵه‌تی كتوپڕ و له‌ناكاو، بۆیه‌ پێویسته‌ ئیداره‌ی شارو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌م په‌راوێزخستن و به‌ كه‌م زانینەی ته‌ندروستی هاووڵاتیان بێده‌نگ نه‌بن و لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پزیشكانه‌ بكرێت كه‌ ده‌وام ناكه‌ن".

لای خۆشیه‌وه‌ محه‌مه‌د وه‌هاب ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "به‌شێوه‌یه‌كی مه‌یدانی سه‌ردانی به‌شی فریاكه‌وتنی نه‌خۆشخانه‌ی شه‌هید هه‌ژاریان كردووه‌، به‌ڵام هیچ پزیشكێكی تێدا نه‌بووه‌ و ئه‌مه‌ش كارێكی نایاساییه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك جێگای قبوڵكردن نییه‌ نه‌خۆشخانه‌ی ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان پزیشكی تێدا نه‌بێت".

وتیشی: "بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیان ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ و راپۆرتی خۆشیان پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌م ده‌وام نه‌كردنه‌ بكرێت".

دواڕۆژ بۆ زانیاری زیاتر په‌یوه‌ندی كرد به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی گه‌رمیان، به‌ڵام بێ ئاكام بوو، هه‌روه‌ها چه‌ند پزیشكێكی دیكه‌ش ئاماده‌ نه‌بوون لێدوان بده‌ن.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌شێك له‌ ڕۆشنبیران و چالاكوانان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ده‌ستگیركردنی پزیشكێك له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێك كارێكی یاسایی و ئاساییه‌ و نابێت هاوپیشه‌كانیان به‌هۆیه‌وه‌ ده‌وام نه‌كه‌ن، چونكه‌ پزیشكیش هاوشێوه‌ی هه‌ر هاووڵاتییه‌ك ئاساییه‌ زیندانی بكرێت و بچێته‌ به‌رده‌م دادگا.

لەشاری كه‌لار نزیكەی 170 هەزار هاووڵاتی ده‌ژین و هاووڵاتیانی ده‌ره‌وه‌ی كه‌لار و ناوچه‌كانی دیاله‌ش بۆ چاره‌سه‌ری ته‌ندروستیان زۆرجار ڕوو له‌ كه‌لار ده‌كه‌ن و له‌ ئێستادا نه‌خۆشخانه‌كانی بێ پزیشكن.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure