چیرۆكی خنكانی كچێكی ته‌مه‌ن 25 ساڵ

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 25/05/2019‌ :: 27795‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

كچه‌ خوێندكارێكى زانكۆ به‌هۆى مه‌له‌كردن له‌ چه‌مى (قه‌شان)ى سه‌ر به‌ قه‌زاى ماوه‌ت له‌ پارێزگاى سلێمانى ده‌خنكێت و دواى رۆژێك ته‌رمه‌كه‌ى له‌ ئاوه‌كه‌دا ده‌دۆزرێته‌وه‌.

كه‌مال ڕه‌ئوف، خاڵى كچه‌ خنكاوه‌كه‌ به‌ دواڕۆژى وت: "ساوێن جه‌مال ته‌مه‌نى 25 ساڵ بوو، خوێنكارى قۆناغى سێیه‌مى به‌شى ژمێریارى زانكۆى كه‌ركوك بوو".

وتیشى: "دواى ئه‌وه‌ى دوێنێ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هاوڕێى بۆ مه‌له‌كردن چووه‌ته‌ چه‌مى قه‌شان له‌ قه‌زاى ماوه‌ت، له‌ ئاوه‌كه‌دا ته‌لى سیاج له‌ جه‌سته‌ى ئاڵاوه‌و به‌هۆیه‌وه‌ خنكاوه‌و له‌ دوێنێ كاتژمێر 3:00ى پاشنیوه‌ڕۆوه‌ تیمه‌ جیاوازه‌كان به‌دواى ته‌رمه‌كه‌یدا ده‌گه‌ڕان و توانیان به‌یانى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ته‌رمه‌كه‌ى بدۆزنه‌وه‌و كاتژمێر 11:00ى پێشنیوه‌ڕۆ له‌ ئاوه‌كه‌ ده‌ریانهێنایه‌وه‌".

هاوكات خانم ڕه‌حیم، هاوسه‌رى كه‌مال ڕه‌ئوف، ده‌ڵێت: "ته‌نیا یه‌ك براى له‌ خۆى بچوكترى هه‌یه‌ به‌ناوى (سه‌هه‌ند)".

خانم ڕه‌حیم، باسى له‌وه‌شكرد: دوێنێ هه‌ینى 24ى ئایارى 2019، ساوێن له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك هاوڕێى چوون بۆ گوندى قه‌شان، دواتر ویستویانه‌ مه‌له‌ بكه‌ن و ساوێن وه‌ك یه‌كه‌م كه‌س چووه‌ته‌ ناو ئاوه‌كه‌وه‌و دواى ئه‌وه‌ى هه‌ندێك مه‌له‌ى كردووه‌، دیار نه‌ماوه‌و له‌ دوێنێوه‌ تیمه‌كان به‌دوایدا ده‌گه‌ڕان، ئه‌مڕۆ توانیان ته‌رمه‌كه‌ى بدۆزنه‌وه‌و له‌ ئاوه‌كه‌ ده‌ریبهێننه‌وه‌".

به‌ وته‌ى خاڵۆژنى، ساوێن مه‌له‌وانێكى به‌توانا بووه‌و زۆر مه‌له‌ى كردووه‌، هه‌ر به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ له‌و چه‌مه‌دا وه‌ك یه‌كه‌م كه‌س چووه‌ته‌ ناو ئاوه‌كه‌وه‌.

كامه‌ران حه‌سه‌ن، قایمقامى قه‌زاى ماوه‌ت ده‌رباره‌ى رووداوه‌كه‌، به‌ دواڕۆژى وت: "ئه‌و كچه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كیدا بووه‌و چوونه‌ته‌ چه‌مى قه‌شان بۆ مه‌له‌كردن".

وتیشى: "دواى ئه‌وه‌ى مه‌له‌یان كردووه‌ له‌ چه‌مه‌كه‌ى قه‌شان خوڕى ئاوه‌كه‌ زۆربووه‌، به‌هۆیه‌وه‌ ساوێن ئاو بردویه‌تى و خنكاوه‌و پاشانیش له‌ پردێكى كۆن گیر بووه‌ كه‌ له‌ كۆتایى ساڵانى هه‌شتاكانه‌وه‌ له‌ناو ئاوه‌كه‌دایه‌و چه‌ندین ته‌ل و شتى دیكه‌ى پێوه‌نووساوه‌".

كامه‌ران حه‌سه‌ن، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: تیمه‌كانى مه‌له‌وانى دوكان و تیمى مه‌له‌وانى خێرخوازى ته‌قته‌ق، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ته‌رمه‌كه‌یان له‌ ئاوه‌كه‌ دۆزیوه‌ته‌وه‌و ده‌ریانهێناوه‌ته‌وه‌.

قایمقامى قه‌زاى ماوه‌ت، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: به‌هۆى رووداوه‌كه‌وه‌ ئه‌و هاوڕێیانەی له‌گه‌ڵیدا بوون ده‌ستگیركراون و به‌ بڕیارى دادوه‌ر گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ پۆلیسى سلێمانى، بۆ ئه‌وه‌ى وته‌یان له‌باره‌ى رووداوه‌كه‌وه‌ لێوه‌ربگیرێت".

له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى چى ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و رووداوانه‌ ساڵانه‌ له‌ چه‌مه‌كانى قه‌زاى ماوه‌ت روونه‌ده‌نه‌وه‌، كامه‌ران حه‌سه‌ن، وتى: "ماوه‌ى 10 ساڵیش ده‌بێت له‌ چه‌مى قه‌شان رووداوى خنكان نه‌بووه‌، پێشتر رووداوى زۆرى خنكان له‌ گۆمه‌قازان هه‌بووه‌، بۆیه‌ بڕیارمانداوه‌ ئه‌مساڵ گۆمه‌كه‌ پڕبكه‌ینه‌وه‌".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure