بڕیارێكی جێگری سەرۆكی حكومەت دوو ملیار دینار بۆ قەزایەك كۆدەكاتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 26/05/2019‌ :: 868‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید

سەرۆكی شارەوانی قەزای شارەزوور ئاماژە بەوەدەكات، بە بڕیارێكی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، شارەوانی شارەزوور دەتوانێت 100% داهاتی خۆمان بۆ ئەنجامدانی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان خەرجبكەینەوە، لە ئێستاشدا بڕی دوو ملیار دینار داهاتمان كۆكردوەتەوە.

 
سالار ئەحمەد رەشید، سەرۆكی شارەوانی قەزای شارەزوور، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: چەند ساڵێكە بەهۆی قەیرانی داراییەوە پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لە سنوری شارەوانی شارەزوور راگیراون، بەڵام بە بڕیاری جێگری سەرۆكی حكومەت، دەتوانین داهاتی شارەوانی بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی وەك رێگاوبان و كۆنكرێت و شۆستە و چەند پرۆژەیەكی دیكەی خزمەتگوزاری خەرج بكەین، بۆیە لە ئێستادا لە ڕێگەی فرۆشتنی چەند پارچە زەوییەكی شارەوانی لە زیادكردنی ئاشكرادا، بڕی دوو ملیار دینار داهاتمان بە دەستخستووە، هاوكات لە ئێستادا بە بڕی 500 ملیۆن دینار لەو داهاتە ڕەزامەندی وەرگیراوە، بۆ ئەوەی لە دوای جەژن دەستبكەین بە جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری.

ئاماژەی بەوەشكرد: شارەوانیمان 200 پارچە زەوی ڕوكن و نایابی هەیە، تا ئێستا نزیكەی 100 پارچە زەویمان لێفرۆشتووە، لە داهاتووشدا بە فرۆشتنی ئەو زەویانەی دیكە كە ماونەتەوە پێشبینی دەكەین بڕی دوو ملیار دینار داهاتی دیكەمان دەست بكەوێت، ئەمەش هاوكارێكی باشمان دەبێت بۆ جێبەجێكری دەیان پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنوری شارەوانی قەزای شارەزوور و چارەسەركردنی گرفتی هاووڵاتیان لە كۆڵان و گەڕەكەكانی سنورەكە.

سەرۆكی شارەوانی قەزای شارەزوور ئەوەشی خستەڕوو: هەر بە بڕیاری جێگری سەرۆكی حكومەت، سەرقاڵی تاپۆكردنی خانووە بێ‌ تاپۆكانی شارەزوورین كە لەو ڕێگایەشەوە داهاتێكی باشمان دەستدەكەوێت و سەرجەمی داهاتەش بۆ شارەوانیمان دەبێت، هاوكات ژمارەیەك دووكانیشمان هەن كە موڵكی شارەوانین، بەڵام تا ئێستا بەبێ‌ بەرامبەر دراونەتە هاووڵاتیان بۆیە بەرنامەمان داناوە ئەو دوكانانەش بكەینە سەرچاوەی داهات، بۆیە بەشێوەیەكی گشتی پێشبینی دەكەین زیاتر لە پێنج ملیار دینار داهاتمان دەست بكەوێت، بەهۆی ئەو بڕیارەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە.

 

پ: ک. س

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure