دواڕۆژ ناوەڕۆكی نامەیەكی كۆسرەت رەسوڵ بۆ بارزانی ئاشكرا دەكات

هەواڵ / کوردستان :: 25/05/2019‌ :: 6469‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

جێگرى سكرتێرى گشتى یه‌كێتی نیشتمانى كوردستان داوا له‌ مه‌سعود بارزانى ده‌كات به‌هۆكارى ده‌ستپێكردنى سه‌رژمێرى له‌ عێراق، په‌له‌ بكرێت له‌ دانانى پارێزگارێكى نوێ و ئاسایيكردنه‌وه‌ى بارودۆخى كه‌ركوك.


به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتوون "هه‌فته‌ى رابوردوو كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لى، جێگرى دووه‌مى سكرتێرى گشتی یه‌كێتی له‌ڕێگه‌ى نامه‌یه‌كى فه‌رمییه‌وه‌ كه‌ ئاڕاسته‌ى مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستانى كردووه‌، هۆشداریداوه‌ له‌باره‌ى دۆخى ئێستاى كه‌ركوك و داواده‌كات په‌له‌بكرێت له‌ دانانى پارێزگارى نوێى كه‌ركوك و كاراكردنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك".

له‌ ناوه‌ڕۆكى نامه‌كه‌دا كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ ئه‌وه‌ى خستووه‌ته‌ڕوو "وابڕیاره‌ له‌ساڵى داهاتوودا سه‌رژمێرى گشتى له‌ عێراق ئه‌نجامبدرێت، ئه‌گه‌ر په‌له‌ نه‌كرێت له‌ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركوك ره‌نگه‌ ئه‌نجامى سه‌رژمێرییه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندى كورد نه‌بێت له‌و ناوچانه‌".

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، "له‌باره‌ى رێككه‌وتن له‌سه‌ر پرسى كه‌ركووك و ژماره‌یه‌ك پرسى دیكه‌ى تایبه‌ت به‌ كابینه‌ى نوێ شاندێكى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتی دوور له‌ چاوى میدیاكان هه‌فته‌ى رابوردوو له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى كۆبۆته‌وه‌".

دواڕۆژ زانیویه‌تى، وه‌ڵامى مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان بۆ كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئه‌وه‌بووه‌ "ڕاسته‌وخۆ له‌ دواى ده‌ستبه‌كاربوونى سه‌رۆكى حكومه‌ت شاندێك له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ سه‌ردانى به‌غدا بكات، به‌مه‌به‌ستى ئاسایكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركووك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان".

لاى خۆیه‌وه‌ نورى حه‌مه‌عەلى، ئەندامی سەركردایەتی پارتی و لێپرسراوى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى كه‌ركووك-گه‌رمیانى پارتى به‌ دواڕۆژ-ى راگه‌یاند: "پرسى كه‌ركووك ده‌كه‌وێته‌ دواى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ، ئه‌وكات بارزانی و كۆسرەت ڕه‌سوڵ به‌پێى رێككه‌وتنێكى پێشوویان گفتووگۆى له‌باره‌وه‌ ده‌كه‌ن".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: "پارتى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ دۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە و پاشان پارێزگار دابنرێت، تاوه‌كو پارێزگار بتوانێت كاری خۆی بكات و  له‌ژێر فه‌رمانى هێزى ئه‌منى نه‌بێت".

پ: ئا.ح



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure