رۆژنامەی ئەلئەخباری لوبنانی: پارێزگاری پێشووی کەرکوک سندوقە رەشەکەی مافیاکانی کوردستان

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 25/05/2019‌ :: 1768‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


نەوتی کەرکوک و داهاتەکانی بڕگەیەکی سەرەکی بووە لە ئەجێندای گێڕانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بۆ جاری جارانی پێش قەیرانی راپرسییەکەی جیابوونەوە لە ساڵی 2017دا. نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکوک دیارترین تۆمەتبارە لەسەر ئەم ئاستەدا: بەقاچاخبردنی نەوت و دزینی داهاتەکەی و دوایی جیابوونەوە لە عێراق.

دەستگیرکردنی ئەم پیاوە، خاوەن رەگەزنامەی ئەمریکی، چەند رۆژێک لەمەوپێش لە بەیروت، سەرلەنوێ دۆسییەکەی کردەوە. ئەمڕۆ گوشارگەلێک هەیە بۆ رادەستکردنەوەی ئەم پیاوە بە هەولێر لە ترسی ئاشکرابوونی ریسواییەکی گەورە کە کۆڵەکەکانی دەسەڵات دەگرێتەوە لە پایتەختی هەرێمی کوردستاندا. ئەو پایتەختەی کە ئێستا بووەتە شوێنی ئینتیمای پارێزگاری پێشووی کەرکوک نەجمەدین کەریم، کە ئێستا لە لوبنان دەستبەسەرکراوە.

چەند رۆژێک لەمەوبەر (سێشەممە 22ی مایس) ئەم پیاوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی رەفیق ئەلحەریری دەستگیرکرا لەلایەن پۆلیسی نێودەوڵەتییەوە( ئینتەرپۆل)، بەڵام بۆ رۆژی دواتر دەسەڵاتدارانی لوبنان ئازادییان کرد و پاسپۆرتە ئەمریکییەکەیان لێسەند و رێگەی پێنادەن سەفەر بکات، چونکە چاوەڕوانن دەسەڵاتدارە عێراقییەکان دۆسیە دادگاییەکەی بنێرن بۆ بەیروت بۆ تاوتوێکردن و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست دەربارەی ئەم کابرایە.

پزیشکی تایبەتی سەرۆکی پێشووی عێراق، جەلال تاڵەبانی (دامەزرێنەری حیزبی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) تۆمەتبارە بە کۆمەڵێک مەسەلە کە هەندێکیان ئەمنین و هەندێکیان دارایین.

نەجمەدین کەریم، کەسایەتییەکە مشتومڕی زۆر هەڵدەگرێت، ئەمە رای سەرچاوە سیاسییە کوردییەکانە کە نەیاری دەسەڵاتە دووقۆڵییەکەی یەکێتی و پارتین. ئەم کەرکوکییە لە 3ی نیسانی 2011دا هەڵبژێردرا بە پارێزگاری کەرکوک، ناوی چووە ناو پاڵی سەرکردەی پارتی دیموکرات مەسعود بارزانی لەمەسەلەی راپرسیدا بۆ جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئەیلولی 2017دا.

ئەو لە رووی سیاسییەوە چووە پاڵ هەولێر لە مەسەلەی راپرسییەکەدا لە کەرکوک (کە یەکێکە لەو پارێزگایانەی ناکۆکیی لەسەر لە نێوان ناوەند و هەرێمدا) سەرەڕای  ناڕەزاییەتییە شەرمنەکەی سلێمانی لەپرۆسە جوداخوازەکەی بارزانی و رەتکردنەوەی توندی بەغدا لەو هەنگاوە.

لە رووی ئەمنییەوە، نەجمەدین کەریم راستەوخۆ سەرپەرشتی چەندین پرۆسەی ئەمنیی کردووە دژی کەسایەتی و کۆمەڵەی عەرەبی و تورکمانی لە پارێزگای کەرکوکدا. ئەمە جگە لەوەی کە راستەوخۆ ئەرکی چەند رووبەڕووبونەوەیەکی بەڕێوەبردووە دژی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کاتێک لە مانگی تشرینی یەکەمی 2017دا چوونە شارەکەوە.

لەسەر ئەم هەڵوێستانە ئەم پیاوە باجێکی گەورەی دا و هەڵهات بۆ دەرەوەی وڵات پاش ئەوەی پەرلەمانی عێراق لە مانگی ئەیلولی 2017دا دەنگی دا لەسەر لابردنی لە پۆستەکەی، ئەویش لەسەر داوای راستەوخۆی سەرۆکوەزیرانی ئەوکات حەیدەر عەبادی، پاشان دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرکوک لە 23ی مایسی 2018دا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد لەگەڵ دەستگرتن بە سەر داراییە گواستراوەکان و نەگواستراوەکانی بەو پێیەی کە چەندین سەرپێچی لەسەرە لەوانە: داواکردن لە خەڵکی پارێزگاکە ، ئەوانەی کە توانای چەکهەڵگرتنیان هەیە لە ماڵ بێنە دەرەوە و بەرگری لە شارەکە بکەن. 

لە مانگی شوباتی رابردوودا ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆتاییهێنانی پەیوەندیی ناوبراوی بە یەکێتی-یەوە راگەیەند و ئۆباڵی رووداوەکانی خستە ئەستۆی ئەو.

نەجمەدین کەریم کە چووە ریزی بارزانی-یەوە بووە قۆچی قوربانی قەیرانی جیابوونەوەکە، بەڵام هەولێر پەیوەندییەکانی خۆی پاراست لەگەڵیدا و ئەمە ئێستا بە ئاشکرا رەنگدەداتەوە لەو دەزگا ئیعلامییانەی کە لەسەر بارزانی ماڵن، بەرگرییان کردووە لە نەجمەدین کەریم و جەختیان کردەوە کە ناوبراو ئازاد و بەرەڵایە لە بەیروت-دا. بەڵام زانیارییەکانی (ئەلئەخبار) دەڵێن (ئەو تائێستا دەستبەسەرە و هەولێر سەرکردایەتی چەندین هەوڵی بەردەوام دەکات بۆ ئازادکردنی، جگە لە چەند لایەنێکی سیاسیش لە بەغدا).

زانیارییەکان دەڵێن دەسەڵاتی دادوەری لوبنانی چاوەڕێیە دۆسییە دادوەرییەکەی نەجمەدین کەریم تاوتوێ بکات بۆ ئەوەی رادەستی دەسەڵاتی دادوەری عێراقی بکاتەوە. چەند سەرچاوەیەکی دیپلۆماتی عێراقییش ئەم هەواڵە پشتڕاست دەکەنەوە و دەڵێن (بەغدا هەوڵ و گوشارەکانی هەولێر بۆ ئازادکردنی نەجمەدین کەریم رەتدەکاتەوە بەتایبەت کە پارێزگاری لەسەرکارلابراو لەلایەن دەزگای دادوەریی فیدڕاڵییەوە داواکراوە نەک دەزگای دادوەری هەرێم). ئەو سەرچاوانە دەڵێن (هیچ رێگرییەک نییە لەوەی کە نەجمەدین کەریم لە خاکی لوبناندا بمێنێتەوە و ئەو هەواڵانەی کە دەڵێن بەغدا پەلەیەتی لە وەرگرتنەوەی ناوبراودا دوورن لە راستییەوە... ئێمە ناوبراومان دەوێت بەڵام دەمانەوێت دادپەروەری رێرەوی خۆی وەربگرێت).


حەواڵەکردنی پارە لە نێوان هەولێر و بەغدا و بەیروت-دا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە
لێرەدا جموجۆڵی هەولێر بۆ وەرگرتنەوەی نەجمەدین کەریم، بە زەقی دەردەکەوێت لە چەندین ئاستدا. دوو رۆژ لەمەوپێش دەزگا راگەیاندنەکانی نزیک لە ماڵی بارزانی ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد کە سەرۆکی حکومەتی هەرێم نێچیرڤان بارزانی، بە راسپاردەی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، هاتووەتە ناو مەسەلەکەوە تا نەهێڵێت نەجمەدین کەریم رادەستی بەغدا بکرێت. هاوکات سەرچاوە ئاگادارەکانی جموجۆڵی بانقی عێراق جەختدەکەنەوە کە حەواڵەکردنی دارایی لە نێوان هەولێر و بەغدا و بەیروتدا بە شێوەیەکی گەورە زیادی کردووە لەپێناو رزگارکردنی نەجمەدین کەریم لەم کێشەیە.

پارەی زۆر پێشنیارکراوە کە گەیشتووەتە دەیان ملیۆن دۆلار. ئەو بڕەپارەیە پێشنیار کراوە بۆ چەندین لایەنی عێراقی و لوبنانی تا ناوبراو ئازاد بکەن.

هەروەها چەندین سەرچاوەی کوردی ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد کە سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی، ئەیاد عەلاوی، هەوڵی دەستپێکردووە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی لوبنانیدا بۆ رزگارکردنی نەجمەدین، ئەمیش لەسەر داوای راستەوخۆی بارزانی، بەوپێیەی عەلاوی دەتوانێت ئەم رۆڵە ببینێت چونکە پەیوەندییەکی باشی هەیە لەگەڵ سەعدەدین ئەلحەریری سەرۆکوەزیرانی لوبناندا.

سەرەڕای بێدەنگبوونی هەولێر بەرامبەر ئەو قسانە، لێدوانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکرات، فازیل میرانی، سەرنجڕاکێشبوو، کە وتی (مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی هەوڵیانداوە نەجمەدین کەریم بگەڕێننەوە بۆ هەولێر) و دەستگیرکردنی ناوبراوی بە کارێکی بێ پاساو وەسف کرد. لەو لێدوانە ئاگرینەیدا داوای لە حکومەتی عێراق کرد (تێکرای ئەو کاربەدەستانەی پێشوو دەستگیر بکات کە تۆمەتبارن بە گەندەڵی. ئەگەر ئەمە تۆمەتەکەیەتی، بەڵام ئەگەر دەستگیرکردنەکە بەهۆی راپرسییەکە و بەرزکردنەوەی ئاڵای هەرێمە لەسەر فەرمانگەکانی پارێزگای کەرکوک، ئەوا ئێمە و هەموو کورد تاوانبارین و با بێن دەستگیرمان بکەن... بەرگریکردن لەو و لە هەموو کوردێک ئەرکی ئێمەیە).

تۆمەتەکە چییە؟
لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ کەناڵی کوردستان24، چەند رۆژێک لەمەوبەر نەجمەدین کەریم وتی (رووداوەکە پەیوەندیی بە ئینتەرپۆلەوە نییە...بەڵکو پەیوەستە بە شکاتێک کە حکومەتەکەی عەبادی بەرزی کردووەتەوە بۆ وڵاتە عەرەبییەکان و هیچ کاریگەرییەکی نییە).

بەڵام پرسیارەکە هەر دەمێنێتەوە: تۆمەتەکانی ئەم پیاوە چین؟ لە وەڵامی ئەمەدا سەرچاوە ئەمنی و دیپلۆماتییەکان دەڵێن هۆی دەستگیرکردنی (رۆلی ئەم کابرایەیە لە راپرسییەکەی هەرێم و دەستکاریکردنی پارەی نەوتی کەرکوک کە خستویەتییە ژمارەی بانقیی تایبەتی خۆیەوە). هەروەها ( نەجمەدین کەریم یەکێکە لە ئەڵقەکانی ئەو مافیایەی کە دەستیگرتووە بەسەر نەوتی هەرێمدا بەهۆی پەیوەندیی پتەویەوە بە وەزیری سامانە سروشتییەکانەوە لە حکومەتەکەی هەرێمدا، ئاشتی هەورامی). ئاشتی هەورامی هاوبەشی نێچیرڤان بارزانییە (کە کاندیدی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمە). پێشتریش چەندین بەڵگەنامە ئاشکرایان کرد کە ئەو کۆمەڵێک گرێبەستی گەورەی بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەستووە بۆ فرۆشتنی ئەو نەوتەی کە حکومەتی ناوەند پشتیوانی لێدەکات، بە کۆمپانیای (عێراق ئۆیل) کە خاوەنەکەی و بەڕێوەبەرەکەی بزنسمانی ناسراو عەبدولهادی نەزیر-ە و کوڕەکەی لە بری خۆی داناوە.

بەغدا لە ماوەی ساڵانی رابوردوودا بێئاگا و دوورخراوە بووە لە داهاتەکانی نەوتی کەرکوک، نەجمەدین کەریم و ئاشتی هەورامی توانیویانە سەدان ملیۆن دۆلار کۆبکەنەوە. ئاشتی هەورامی بە تێوەگلان حساب دەکرێت لەوەی کە زیاتر لە 160 ملیۆن دۆلاری لە داهاتی نەوت خستووەتە ژمارەی بانقیی خۆیەوە. لەکاتێکدا کە نەجمەدین کەریم، بەپێی چەندین سەرچاوە، کۆڵەکەیەکی سەرەکییە لە کۆڵەکەکانی مافیای بەقاچاخبردنی نەوت لە هەرێمدا. لەبەر ئەوە گوشاری زۆر خراوەتە سەر بەیروت و بەغدا بۆ ئەوەی بە خێرایی ئازادی بکەن لە ترسی ئاشکرابوونی کردەوەکانی ئەو مافیایە.

سەرچاوەکان دەڵێن دزینی ملیۆنان دۆلار لە داهاتی نەوتی کەرکوک لەلایەن نەجمەدین کەریمەوە، بە دەستتێکەڵکردن و هاوکاریکردنی ئاشتی هەورامی بووە. کاتێک نەجمەدین کەریم لە تشرینی یەکەمی 2017دا لە کەرکوک هەڵهات، هەورامی میوانداریی لێکرد لە یەکێک لە کۆشکەکانیدا لەشاری هەولێر.

لە روانگەی ئەو زانیارییانەی سەرەوەدا، هەندێک سەرچاوەی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی دەڵێن سووربوونی هەندێک هێزی عێراقی و کوردی لەسەر لێپێچینەوە لە نەجمەدین کەریم، حساباتی سیاسییە و پەیوەندیی هەیە بە دوو مەسەلەوە: یەکەم، لەتوپەتکردنی مافیای بەقاچاخبردنی نەوت لە هەولێر و دووەمیشیان رێگریکردنە لەوەی جارێکی تر ئاشتی هەورامی ببێتەوە بە وەزیری نەوت و سامانە سروشتییەکان لە حکومەتە چاوەڕوانکراوەکەی هەرێمدا، بە تایبەت کە ناوبراو چانسێکی زۆری هەیە لەو مەسەلەیەدا چونکە مافیاکانی نزیک لە کۆڵەکەکانی دەسەڵات لە کوردستاندا، پشتیوانی لێدەکەن.

هەندێک کەسیش ئەو قسانە بەڕاست دەزانن کە عادل عەبدولمەهدی رەزامەندیی سەرەتایی خۆی نیشانداوە تۆمەتەكانی حکومەت هەڵوەشێنێتەوە بۆ دەستگیرکردنی پارێزگاری پێشووی کەرکوک. ئەم قسەیە وای لە هەندێک هێزی سیاسی عێراقی کردووە لە هەردوو هاوپەیمانی (بینا و ئیسلاح) کە بڵێن رادەستکردنی نەجمەدین کەریم بە بەغدا دەرفەتێکی زێڕینە بۆ عەبدولمەهدی تا راستگۆیی خۆی بسەلمێنێت لە قەڵاچۆکردنی گەندەڵیدا و ئەو تۆمەتانە لەسەر خۆی لابدات کە نەرمونیانی و ئاسانکاریی دەنوێنێت بەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو حکومەتەی کە رێکكەوتنامەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا پێشێلکرد سەبارەت بە رادەستکردنی داهاتەکانی نەوت. بۆیە ئەم هێزانە لە پشت پەردەوە ئامۆژگاریی حكومەت دەكەن سازش نەکات لە مەسەلەی نەجمەدین کەریمدا و چاوپۆشی نەکات لە رادەستکردنەوەی بە هەولێر.

هەر لەم چوارچێوەیەدا بەرەی تورکمانی لە ناو پەرلەماندا، سەبارەت بە چارەنووسی نەجمەدین کەریم پرسیاری لە عەبدولمەهدی کرد: ئایا دەگێڕدرێتەوە بۆ عێراق؟ ئایا نێوەندگیریی حکومی لە ئارادایە بۆ ئازادکردنی؟ چونکە مەسەلەکانی پەیوەست بە نەجمەدین کەریم هەندێکیان پەیوەندیان بە گەندەڵییەوە هەیە و  هەندێکیشیان پەیوەستن بە ئاسایشی نەتەوەیی عێراقەوە. 

 

پ: ک. س

بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure