له‌ رۆژى جیهانى ونبوواندا له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ داواى 174 منداڵى ونبوو ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 25/05/2019‌ :: 209‌ جار بینراوە
دیمه‌نێك له‌ مه‌راسیمه‌كه‌ فۆتۆ: عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید

به‌بۆنه‌ى رۆژى جیهانى منداڵه‌ ونبووه‌كان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى هه‌ڵه‌بجه‌ مه‌راسیمێكى سازكرد و ئاشكرایده‌كات: تائێستا 74 خێزانى شاره‌كه‌ له‌ چاوه‌ڕوانى گه‌ڕاندنه‌وه‌ی 174 منداڵى ونبوویاندان.


كامه‌ران مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا، كه‌ (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 25ى ئایارى 2019) له‌ هۆڵى مۆنۆمێنت به‌ڕێوه‌چوو، رایگه‌یاند: له‌م رۆژه‌ جیهانییه‌دا هه‌ڵه‌بجه‌ پشكی شێرى به‌رده‌كه‌وێت و كێشه‌ و ئازاری منداڵانی ونبووی هه‌یه‌، به‌جۆرێك تائێستاش زیاتر له‌ 74 خێزان داواكاریان پێشكه‌شكردوه‌ به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی 174 منداڵ، ته‌نیا ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌و منداڵانه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

وتیشى: "ژماره‌یه‌ك له‌و منداڵانه‌شى دۆزراونه‌ته‌وه‌ كه‌یسه‌كانیان كێشه‌ی تێدایه‌".

مێژووى ونبونى ئه‌و منداڵانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ 16ى ئازارى 1988 و رۆژانى دوایى، پاش ئه‌وه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ رووبه‌ڕووى كیمیاباران بووه‌وه‌.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: له‌ پاش جه‌ژنی ره‌مه‌زان، په‌یكه‌رێكی چاوه‌ڕوانی بۆ كه‌سوكاری منداڵانی ونبوو دروستده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ش وه‌ك هێمایه‌ك كه‌ چیتر كه‌سوكارى منداڵه‌ ونبووه‌كان ناتوانن له‌وه‌ زیاتر له‌ چاوه‌ڕوانى گه‌ڕانه‌وه‌ى منداڵه‌كانیاندا بن.

به‌رپرسه‌كه‌ى كاروبارى شه‌هیدان ئاماژه‌شیدا: ده‌بێت كابینه‌ى نوێى حكومه‌تی هه‌رێم یه‌كێك له‌ خه‌مه‌كانی له‌ ئاینده‌دا كه‌یسی منداڵانی ونبوو بێت و بتوانن چاره‌سه‌رێكی وایان بۆ بكه‌ین چیتر له‌ چاوه‌ڕوانیدا نه‌مێنن به‌شێوازێكی یاسایی به‌دواداچوون بۆ كه‌یسی منداڵه‌ ونبوه‌كان بكرێت و به‌ڕێكاری یاسایی بگه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان.

هه‌ر له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا جه‌میل محه‌مه‌د، به‌رپرسی به‌شی راگه‌یاندنی رێكخراوی منداڵانی ونبووی هه‌ڵه‌بجه‌ وتى: له‌ ساڵی رابردودا چه‌ند منداڵێك دۆزرانه‌وه‌ و نمونه‌ی پشكنیه‌كانیان ره‌وانه‌ی بریتانیا كراوه‌، به‌ڵام تائێستا ئه‌نجامی ئه‌و پشكنینانه‌ نه‌گه‌ڕاوته‌وه‌.

ئه‌وه‌شى وت: هه‌ر ساڵی رابردوو لیژنه‌یه‌ك له‌ نوێنه‌ری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌ندامی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی پێكهێنرا بۆ دۆزینه‌وه‌ی منداڵانی ونبوو، به‌ڵام دواى ماوه‌یه‌ك كارى لیژنه‌كه‌ سڕكرا و ئه‌وه‌ش جارێكى دیكه‌ كێشه‌ و گرفتی بۆ ئێمه‌ دروستكردووه‌، بۆیه‌ له‌م بۆنه‌یه‌دا جارێكى دیكه‌ داواده‌كه‌ین لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌وڵى جدى بده‌ن بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كه‌یسى منداڵانى ونبوو.

له‌ساڵی 1979 رۆناڵد رێگانس، سه‌رۆك كۆماری ئه‌وكاته‌ی ئه‌مریكا دوای ونبونی منداڵێك له‌ 25ى ئایاردا بڕیارده‌دات ئه‌و رۆژه‌ بكاته‌ رۆژی جیهانی منداڵانی ونبوو، ساڵانه‌ش به‌ئاماده‌بونی به‌شێك له‌ چین و توێژه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ مه‌راسیمى تایبه‌ت به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure