شوێنە گەشتیارییەكانی هاوینەهەواری دوكان چاویان لەجەژنی رەمەزانە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 24/05/2019‌ :: 282‌ جار بینراوە

تاگ :: ڕاپۆرت

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال

ماوەی كەمتر لەدوو هەفتەی ماوە بۆ جەژنی رەمەزان، بەڵام تائێستا گەشتیارێكی ئەوتۆ كابینە و كەپری لە هاوینەهەواری دوكان نەگرتووە، بەرپرسان و خاوەن هاوینەهەوارەكان-یش ئامادەكاری تەواویان بۆ ئەو مەبەستە كردووە و چاوەڕوانن جەژنی رەمەزان قەرەبووی بێكاریی گەشتی بەهارییان بۆ بكاتەوە.


هاوینەهەواری دوكان سەر بەپارێزگای سلێمانی ناوچەیەكی گەشتیارییە و ساڵانە بە هەزاران گەشتیار رووی تێدەكەن، ئەمساڵیش بۆ جەژنی نەورۆز گەشتیارێكی زۆر روویان تێكرد، بەڵام دواتر بەهۆی بارانبارینەوە زۆربەی كەپر و كابینە گەشتیارییەكان ژێرئاو كەوتن و لەگەشتەكانی بەهاردا سەردانكردنی گەشتیار بۆ كەپر و كابینەكان كەمبووەوە.

رێژین رەئوف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوكان بە دواڕۆژ-ی راگەیاند: "بۆ جەژنی رەمەزان ئەوان ناتوانن نرخ بۆ كەپر و كابینەكان دیاریبكەن، بەڵكو ئەوە كاری لیژنەی ئەمنییە و بڕیارە لەم هەفتەیەوە كۆبوونەوە بەمەبەستی دیاریكردنی نرخ بكەن، بەڵام پێشبینیدەکەین ئەمساڵیش نرخەكان وەك ساڵانی رابردوو بێت و نرخەكان زۆر نەبێت لەسەر گەشتیاران".

ناوبراو روونیكردەوە: "چاوەڕواندەكەن گەشتیارێكی زۆر روو لەشارۆچكەكەیان بكەن، چونكە لابردنی ڤیزای كۆماری ئیسلامی ئێران كاریگەری خۆی هەیە بۆ گەشتیاری ئێرانی، هەروەها لەمانگی ئازار-یش دیداری نێرگز لەشاری سلێمانی سازكرا كە ئەوەش كاریگەری  بۆ راكێشانی گەشتیار هەیە". 

مەرجی سەرەكی گەشتوگوزاری دوكان لەشوێنە گەشتیارییەكان ئەوەیە چاودێریان هەبێت و رێنمایی گەشتیاران بكەن بۆ ئەوەی نزیكی ئاوی دوكان نەبنەوە، بەباشی پێشوازی لەگەشتیاران بكەن و پاكوخاوێنی شوێنەكانیان رابگرن.

موراد تەیب، خاوەنی هاوینەهەوارێكی گەشتیارییە كە 64 كەپری هەیە بۆ دواڕۆژ-ی روونیكردەوە، بۆ جەژنی رەمەزان هیچ كێشەیان نییە و ئامادەن بۆ پێشوازی گەشتیاران، بەڵام نرخ بەپێی شوێن دەگۆڕێت و ئاشكرایكرد: "گەشتوگوزار نوسراویان ناردووە بۆ جەژنی رەمەزان كەپر لە 30 هەزار تا 60 هەزار بێت،  بەڵام كەپری مۆدێرن كە خزمەتگوزاری زۆری تێدا بێت كارەبا و سیكوریتی هەبێت بە 40 هەزار دینارە".

بۆ دیاریكردنی ئەو نرخە بۆ كەپرەكان، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوكان دەڵێت :"ئەو نرخە بۆ جەژنی نەورۆز بوو، رەنگە بۆ ئەم جەژنەش هەمان نرخ بێت و رەنگە بەرزتریش بكرێتەوە".

عەلی یاسین، لەهاوینەهەوارێكی دیكەی دوكان كە 33 كەپریان هەیە بە دواڕۆژ-ی راگەیاند: "بۆ جەژنی رەمەزانیش كەپرێك بە 30 هەزار دینار-ە، بەڵام تائێستا هیچ كەسێك پەیوەندی پێوە نەكردووین بۆ بەكرێگرتنی كەپرەكان، تائێستاش دیار نییە بۆ جەژنی رەمەزان ئیشمان چۆن دەبێت".

هەررەها عەدنان عەلی، بەهەمانشێوە لەهاوینەهەوارێكی دیكە بۆ دواڕۆژ-ی روونكردەوە: هەموویان بۆ پێشوازی لەگەشتیاران ئامادەن، كابینەكان شەوی بە 100 تا 150 دۆلارە، بەڵام تائێستا كابینە نەگیراوە و نازانن ئەمساڵ هۆكاری دواكەوتنی بەكرێگرتنی كەپرەكانیان چییە، لەكاتێكدا جەژنەكانی رەمەزانی ساڵانی رابردوو پێش مانگێك خەڵك بەتەلەفۆن كابینەیان دەگرت.

ماوەی پێنج ساڵ هەرێمی كوردستان بەقەیرانێكی سەختی داراییدا تێپەڕی، بەڵام لەسەرەتای ئەمساڵەوە پاشەكەوتی مووچە لابرا و مانگانە لەكاتی خۆیدا مووچە دابەشدەكرێت كە ئەوەش كاریگەری بۆ دۆخی بازاڕ  و گەشتیاری هەیە.

عەدنان وتی :"رەنگە ئەمساڵ خەڵك بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانن كابینە بگرن،  راستە مووچە دەدرێت، بەڵام نایانەوێت پارە خەرج بكەن، چونكە ئەگەر سبەینێ مووچە نەبێت، خەڵك چی بكەن".

سەبارەت بەوەش كە ساڵانی رابردووش قەیران هەبوو، بەڵام خەڵك دەڕۆیشتن بۆ گەشتكردن، ناوبراو وتی :"ساڵانی رابردوو زیاتر عەرەبەكان دەهاتن، بەڵام تائێستا ئەوانیش پەیوەندییان پێوە نەكردووین، رەنگە پێش جەژنی رەمەزان خەڵك پەیوەندی بكەن".
  
زیرەك عەبدولڕەحمان، خاوەنی كۆمپانیایەكی گەشتیارییە له‌وباره‌یه‌وه‌ بە دواڕۆژ-ی راگەیاند: "ئەوان چەند رۆژێك پێش جەژنی رەمەزان گروپی گەشتیاری لەشارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دێنن، بۆیە پێشبینی كرد ئەمساڵیش بۆ جەژنی رەمەزان گەشتیارێكی زۆر روو لەكوردستان بكەن".

پ: ئا.ح



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure