وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مریكا له‌باره‌ى هێزه‌كه‌یانه‌وه‌ بڕیاریدا

هەواڵ / جیهان :: 24/05/2019‌ :: 1503‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

ئه‌مشه‌و هه‌ینى 24ى ئازار، وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مریكا بڕیاریدا ئه‌و هه‌زار و 500 سه‌ربازه‌ى كه‌ ره‌وانه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى ده‌كه‌ن له‌ عێراق و سوریا جێگیر نه‌كرێن.


ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ  دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌ به‌رده‌م میدیاكانى وڵاته‌كه‌ى رایگه‌یاند: "بڕیارمانداوه‌ هه‌زار و 500 سه‌رباز بنێرینه‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، ئه‌م كاره‌شمان ته‌نیا بۆ به‌رگریكردنه‌ له‌خۆمان". هاوكات پاتریك شاناهان، هه‌ڵسوڕێنه‌رى كاروبارى وه‌زیرى به‌رگرى ئه‌مریكا له‌ هه‌ژمارى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى تویته‌ر هه‌واڵه‌كه‌ى پشتڕاستكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند "ئه‌م بڕیاره‌ ده‌ره‌نجامى هه‌ڕه‌شه‌كانى ئێران-ه‌".

له‌وباره‌یه‌وه‌ كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مریكا هه‌رچه‌نده‌ ئاماده‌نه‌بوو شوێنى دیاریكراوى ئه‌و سه‌ربازانه‌ ئاشكرا بكات كه‌ ده‌یاننێرنه‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست رایگه‌یاند "ئه‌و هه‌زار و 500 سه‌ربازه‌ ره‌وانه‌ى عێراق و سوریا ناكرێن و له‌و دوو وڵاته‌ جێگیر ناكرێن".

وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مریكا ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌ "600 له‌كۆى ئه‌و سه‌ربازانه‌ى كه‌ ره‌وانه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستیان ده‌كه‌ین، خۆیان له‌ ئێستادا له‌وێن، به‌ڵام شوێنه‌كه‌یان ده‌گوازرێته‌وه‌، 900 تریشیان ره‌وانه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌كرێن".

به‌پێى ئه‌و زانيارییانه‌ى كه‌ له‌ میدیاكانى ئه‌مریكا-وه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ "له‌ چه‌ند هه‌فته‌ى داهاتودا، سه‌رجه‌م ئه‌و سه‌ربازانه‌ ره‌وانه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌كرێن و ئه‌ركى سه‌ره‌كیان بریتیده‌بێت له‌ پاراستنى ئه‌و هێزانه‌ى ترى ئه‌مریكا كه‌ له‌ناوچه‌كه‌ هه‌ن".

بڕیاره‌كه‌ى سه‌رۆك و وه‌زارەتی به‌رگرى ئه‌مریكا له‌كاتێكدایه‌ كه‌ تا ئێستا نازانرێت به‌ته‌واوتى ئه‌و هێزانه‌ له‌ چ شوێنێك له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست جێگیر ده‌كرێن. پێشتریش ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا و له‌ ده‌ره‌ئه‌نجامى گرژبوونى په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ فڕۆکەی سه‌ربازى (B52) سیستەمی بەرگریی دژە مووشەکی رەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.


ئا: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە