واده‌ى پێدانى تابلۆى ئۆتۆمبێل به‌ناوى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ ئاشکرادەکرێت

هەواڵ / کوردستان :: 24/05/2019‌ :: 416‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاشكرایكرد: له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران رێكاره‌كانى تایبه‌ت به‌ پێدان و فرۆشتنى تابلۆى ئۆتۆمبێلمان به‌كۆتا گه‌یاندووه‌ و له‌دواى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ زیادكردنێكى ئاشكرادا ده‌ست به‌ فرۆشتنى تابلۆى ئۆتۆمبێل ده‌كه‌ين.


ئازاد تۆفیق، پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ (ئه‌مڕۆ هه‌ینى 24ى ئایارى 2019) به‌دواڕۆژ-ى راگه‌یاند: "دواى ده‌ربڕینى ره‌زامه‌ندى حكومه‌تى عێراق-ى به‌ پێدانى تابلۆى ئۆتۆمبێل به‌ناوى (عێراق- هه‌ڵه‌بجه‌)  له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى په‌یوه‌ندیدار به‌و بابه‌ته‌ له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێم كۆتا كۆبوونه‌وه‌مان ئه‌نجامدا، سه‌رجه‌م كاروباره‌كانى تایبه‌ت به‌ پێدانى تابلۆى ئۆتۆمبێل به‌ ناوى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ به‌ كۆتا گه‌یشتوون".

وتیشی: "له‌ دواى ده‌ستبه‌كاربوونى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم راسته‌وخۆ ده‌ستده‌كه‌ین به‌ فرۆشتن و پێدانى تابلۆى ئۆتۆمبێل به‌ناوى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بڕیارمانداوه‌ كه‌ هیچ جیاوازییه‌ك نه‌كرێت له‌ نێوان هیچ كه‌س و لایه‌نێكدا سه‌باره‌ت به‌ پێدانى ژماره‌ (1) یاخود هه‌ر ژماره‌یه‌كى دیكه‌، به‌ڵكو له‌ زیادكردنى ئاشكرادا و به‌ ئاماده‌ بوونى كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندن كێ بڕه‌ پاره‌یه‌كى زیاترى پێداین ئه‌وا ژماره‌كه‌ به‌و كه‌سه‌ ده‌ده‌ین".

پ: ن.ر
ب: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure