حكومه‌تى عێراق به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كى دیكه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 25/05/2019‌ :: 252‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

جێگرى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاشکرایدەکات: شاندێكى وه‌زاره‌تى بازرگانى عێراقى سه‌ردانى هه‌ڵه‌بجه‌یان كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستى گرتنه‌به‌رى رێوشوێنه‌كانى تایبه‌ت به‌ كردنه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بازرگانی خۆراك له‌ هه‌ڵه‌بجه‌. پاشان جیاكردنه‌وه‌ى پسوڵه‌ى خۆراكى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ پارێزگاى سلێمانى.


كاوه‌ عه‌لى، جێگرى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌ مه‌به‌ستى جێبه‌جێكردنى بڕیارێكى وه‌زاره‌تى بازرگانى عێراق تایبه‌ت به‌ جیاكردنه‌وه‌ى پسوڵه‌ى خۆراكى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ پارێزگاى سلێمانى و كردنه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى بازرگانى خۆراك سه‌ر به‌ حكومه‌تى عێراق، شاندێكی وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بازرگانی خۆراكی سلێمانی سه‌ردانى هه‌ڵه‌بجه‌یانكردووە و گرتنه‌به‌ری رێكاره‌كانی كردنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بازرگانی خۆراكیان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ تاوتوێ كرد و ئێمه‌ش شوێنمان دیاریكردوه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌".

وتیشی: "رێكاره‌ یاساییه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراقی فیدراڵ و وه‌زاره‌تی بازرگانی هه‌رێم ئاماده‌كراوه‌ و ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ دراوه‌، ئێستاش سه‌رقاڵی میكانیزمه‌كانی داڕشتنی هه‌یكه‌لیه‌تی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ ده‌بین و دواتر له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى بازرگانى خۆراك له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كرێته‌وه‌".

 بڵاوكردنه‌وه‌:هـ.ق





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure