چاره‌نوسی پێنج مووچه‌كه‌ى به‌غدا بۆ هەرێم ئاشكرا بوو

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 23/05/2019‌ :: 18937‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاریان عه‌لی
تاوه‌كو ئێستا مووچه‌ خۆران له‌ نێوان به‌رداشی لێدوانه‌كانی به‌رپرسانی هه‌رێم و به‌غدا چاوه‌ڕێی زیاتر له‌ مووچه‌یه‌كن، به‌ڵام زانیارى جیاواز  له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.
له‌كاتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كرێت به‌غدا پێنج مووچه‌ى مانگانه‌ى ره‌وانه‌ى هه‌رێم كردووه‌، به‌ڵام له‌ماوه‌ى ئه‌م ساڵدا تائێستا مووچه‌ى دوومانگ دابه‌شكراوه‌و مووچه‌ى سێ مانگى ئه‌مساڵ دابه‌شنه‌كراوه‌ و دواڕۆژ له‌ به‌دواداچونێكدا چاره‌نوسی ئه‌و گوژمه‌ى پارانه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ به‌غدا بۆ هه‌رێمى ناردووه‌. 

 
به‌پێی به‌دواداچوونی دواڕۆژ، حكومه‌تی عێراق بۆ مانگه‌كانی كانوونی دووه‌م و شوباتی 2019، بۆ هه‌ر مانگێك 317 ملیار دیناری ناردووه‌ بۆ هه‌رێم، وه‌زاره‌تی دارایی ئابووری هه‌رێمیش داویه‌تی به‌ مووچه‌ی مانگه‌كانی تشرینی یه‌كه‌م و دووه‌می 2018 به‌ سیسته‌می پاشكه‌وت له‌گه‌ڵ مانگانه‌ی 278 ملیار دیناری وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان كه‌ بۆ هه‌ر مانگێك وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری پێویستی به‌ 725 ملیار دینار بوو بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ به‌ سیسته‌می پاشكه‌وت.

هه‌روه‌ها بۆ مانگی ئازار یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ ساڵی 2019 جێبه‌جێكرد و بڕی 453 ملیار دیناری نارد له‌گه‌ڵ جیاوازی مووچه‌ی هه‌ردوو مانگی كانوونی یه‌كه‌م و كانوی دووه‌م به‌مه‌ش بڕی پاره‌كه‌ بوو به‌ 724 ملیار دینار.

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم له‌ مانگى ئازارى ئه‌مساڵدا سیسته‌می پاشكه‌وتی مووچه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و به‌مه‌ش مووچه‌ی مانگی كانوونی یه‌كه‌م به‌ بێ پاشكه‌وت دابه‌شكرا، بۆ هه‌ر مانگێك وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری پێویستی به‌ 881 ملیار دیناره‌ به‌پێى ئه‌و سیستمه‌.

مانگانه‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان 378 ملیار دینار بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری ده‌نێرێت بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌، هه‌روه‌ها ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا مانگانه‌ 24 ملیار دینار راسته‌وخۆ بۆ مووچه‌ ده‌نێرێت بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌.

هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی یاسای بودجه‌ی عێراق پێویسته‌ به‌غدا مانگانه‌ 453 ملیار دینار بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و 68 ملیار دیناری پێشمه‌رگه‌ بنێرێت، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا چه‌ندین نوسراو ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق كراوه‌ ‌و تاوه‌كو ئێستا به‌غدا مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ى بۆ هه‌رێم نه‌نادرووه‌ كه‌ بڕه‌كه‌ى 68 ملیار دیناره‌.

به‌ پێی ئه‌و زانیاریانه‌ى له‌ به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ ده‌ست  دواڕۆژ كه‌وتوون، بۆ هه‌ر یه‌ك له‌ مانگه‌كانی نیسان و ئایارى رابردوو به‌غدا 453 ملیار دیناری ناردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى  وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان بۆ وه‌زاره‌تی دارایی ده‌نێرێت مووچه‌ی هه‌ردوو مانگی كانوونی دووه‌م و شوباتی 2019 ی پێ دابه‌شكراوه‌.

له‌ به‌دواداچوونی دواڕۆژ ده‌ركه‌وتووه‌ به‌غدا تاوه‌كو ئێستا له‌م بڕه‌ پارانه‌ی زیاتر بۆ هه‌رێم نه‌ناردووه‌، تاوه‌كو ئێستاش ئاماده‌ نییه‌ بڕه‌ پاره‌ی دیاریكراو بۆ پێشمه‌رگه‌ بنێرێت و چه‌ند بیانوێكی جۆراو جۆری هێناوه‌ته‌وه‌.

 به‌وپێیه‌ى پێنج گوژمه‌ى پاره‌ى مووچه‌ى ره‌وانه‌ى هه‌رێم ناردووه‌ كه‌  سیانیان بۆ مووچه‌ى سێ مانگى كۆتایی ساڵى رابوردوو خه‌رج كراوه‌و دوو گوژمه‌كه‌ى تریش بۆ مووچه‌ى دوو مانگى سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵ خه‌رج كراوه‌.    

له‌ ئێستادا وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم مانگانه‌ له‌ 5ی هه‌موو مانگێك ده‌ست به‌دابه‌شكردنی مووچه‌ ده‌كات و تاوه‌كو 23 مانگ كۆتایی دێت، له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ر دواكه‌وتنێكیش سستی له‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ روده‌دات.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure