حکومەت بیمە لە هەموو شوێنێک وەرناگرێت

هەواڵ / ئابوری :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 125‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، راپۆرتی سەنگین خۆشناو

کرێکارانی هەرێمی کوردستان لە نەبوونی بیمەی دڵنیایی و تەندروستی نیگەرانن، زۆربەی کرێکاران پێیان وایە "کەس خەم لە مافەکانیان ناخوات، حکومەتیش نایشارێتەوە کە نەیانتوانیووە بیمە لە هەموو کرێکارێک وەربگرن".


فەرهاد حاجی، کرێکاری چێشتخانەیە و چواردە ساڵە رۆژانە 8 کاتژمێر کاردەکات، سەبارەت بە بیمە بۆ دواڕۆژ ئاماژە بەوە دەکات: "هیچ شتێک نییە لەنێو کرێکاران بەناوی بیمە، کاردەکەین و تەواو دەبین بۆ ماڵێ ئەوە هەموو رۆژێک دووبارە دەبێتەوە".

نیاز جەلال، کرێکارە لە شیرنەمەنی لە وەڵامی پرسیارێکی دواڕۆژدا کە تا چەند ئاگاداری بیمەی دڵنیاییە لە کوردستان؟ وتی: "کرێکار کوا مافی هەیە، بەتەنیا ئەو کرێکارانەی کە بۆ کۆمپانیایەک کاردەکەن، خۆ ئەوانیش ئەگەر کێشەی بیمەیان هەبێت لەگەڵ کۆمپانیاکەیان، حکومەت پشتی کۆمپانیا دەگرێت و کەس ماف و بیمەی ئێمە نادات".

سالار بەرزنجی، کرێکاری یەکێک لە کەناڵەکانە و دەڵێت: "ماوەی زیاتر لە 5 ساڵە کاردەکەم نە بیمەم بۆ کراوە نە پارەم داوە ناشتوانم پەیوەندی بە وەزارەت بکەم، چونکە دەزانم لە کارەکەم دووردەخرێمەوە. وەزارەتیش تا ئێستا چاوپۆشی کردووە لە کەناڵ و لێپرسینەوەی نەکردووە".

زۆرترین کرێکاری بیانی ناویان بۆ بیمە تۆرمارکراوە
لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا نزیکەی 28 هەزار خاوەن پڕۆژە ناوی کرێکارەکانیان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکردووە، ژمارەی ئەو کرێکارانەی کە ناویان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکراوە تاوەکو لە بیمەی خانەنشینی و تەندروستی سوود وەربگرن زیاتر لە 78 هەزار کەسن، لەوانە حەوت هەزاریان کرێکاری بیانین.

عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری کار و دەستەبەری کومەڵایەتی بە دواڕۆژ-ی راگەیاند: "ئێمە تاوەکو ئێستا نەمانتوانیوە بیمەی هەموو کرێکاران وەربگرین، چونکە زۆر لە کارمەند و کرێکاران بە رێککەوتن لەگەڵ خاوەن کار فێڵ لە ئێمە دەکەن تا پارە نەدەن، زۆریش لە کرێکاران دێن پارەکانیان وەردەگرنەوە دواتر ئەوانە بەهیچ شێوەیەک خانەنشینی نایانگرێتەوە".

ئاماژەی بەوەشدا: "هەمیشە سندوقی خانەنشینی پارەی تێدایە، بەڵام ئەوانەی گلەیی دەکەن کە پارەکانیان وەرنەگرتووە ئەوە راست نییە، بەڵام بە نۆرەیە پارە وەرگرتنەکە".

بەپێی  یاسای خانەشینی کرێکاری کە ساڵی 2012 لە پەرلەمانی کوردستان هەموارکراوەتە، هەر خاوەنکارێک دەبێت 17%ـی مووچەی کرێکارەکە تەرخانبکات بۆ دەستەبەری کۆمەڵایەتی کە 12%ـی لە ئەستۆی خاوەنکارە و 5%ـی لە ئەستۆی کرێکارە. ئەمە لە کاتێکدایە داهاتی سندوقی خانەنشینی هەرێمی کوردستان لە پێنج ساڵی رابوردوو نزیکەی 75 ملیار دینار بووە.

پ: ن.ر
ب: ئا.ح



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure