بازاڕی ئۆتۆمبێل ئاگردەکاتەوە

هەواڵ / ئابوری :: 24/05/2019‌ :: 12014‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، راپۆرتی سەنگین خۆشناو

بازاڕی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان گەرمبووە، بەتایبەتی ئەو ئۆتۆمبێلانەی پێشتر تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون و لە ئیمارات چاکدەکرێنەوە و دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان.


بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پڕبوون لە ئۆتۆمبێلی ئەمریکی دەستی دوو، 220 کۆمپانیای خۆماڵی لە ئیماراتەوە ئۆتۆمبێلی زیانلێکەتوو و بەکارهاتووی ئەمریکی چاکدەکەنەوە و هاوردەی هەرێمی کوردستانیان دەکەن.

رەنۆ فریا، ماوەی 20 ساڵە لە ئیماراتەوە ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکات بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەمساڵ بەهۆی نەمانی شەڕ و قەیرانی دارایی، بە بەراورد بە ساڵی رابوردوو بازاڕ بوژاوەتەوە و فرۆشمان لەسەدا 30% زیادیکردووە

رەنۆ فریا دەشڵێت: "ساڵانی پێش قەیرانی دارایی مانگانە قازانجمان لە 4 هەزار دۆلار کەمتر نەبوو، بەڵام ئێستا مانگانە هەزار دۆلار تێپەڕ ناکات".

باسی لەوەشکرد: ساڵی رابوردوو 700 ئۆتۆمبێلمان هاوردەکردووە، بەڵام ئەمساڵ تەنیا 250 ئۆتۆمبێلمان هاوردەکردووە، چاوەڕێ دەکەم لەم مانگە بیانفرۆشم.

حاجی نازم، کە خاوەنی دوو پێشانگایە لە هەولێر بەدواڕۆژی وت: "ئەمساڵ چاوەڕێ دەکرێت بازاڕ زۆر باشتر بێت، چونکە خەریکە حکومەت پێکدێت و بارودۆخی دارایی باش دەبێت، بەڵام هێشتا ناوێرین وەکو جاران ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێمی کوردستان بکەین".

خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی هەرزان و کەم خەرجییە
حاجی نازم، ئەوەشی روونکردەوە: ئێستا خەڵکی شارەزاییان پەیداکردووە، دەزانن کام ئۆتۆمبێل باشە و کامە خراپە، ئێستا خەڵک کەمتر ئۆتۆمبێلی ئەمەریکی دەکڕێت چونکە لێدراویان زۆرە و زۆربەیان لە کوالێتی کۆنتڕۆڵ دەرناچن. ئێستا خواست لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەیە کە نرخیان لە نێوان 10 هەزار دۆلار بۆ 10 هەزار و 15 هەزار دۆلارە.

لەوبارەیەوە نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم بەدواڕۆژی راگەیاند: لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2017، 43 هەزار و 575 ئۆتۆمبێل هاوردەکراون، ساڵی رابوردوو 62 هەزار و 250 ئۆتۆمبێل هاوردەکراون، واتا بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2017، هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بەڕێژەی لەسەدا 30% زیادیکردووە.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە پێنج ساڵی رابوردوودا، 451 هەزار و 337 ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون، ساڵی رابوردووش نزیکەی 131 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەکراون، لە چوار مانگی ئەمساڵ 68 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەکراون. رێژەی 85%ـی ئۆتۆمبێلەکان دەستی دوون و لە ئەمریکا و ئیمارات هاوردە دەکرێن.

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure