خوێندنه‌وه‌ى يه‌كه‌م بۆ هه‌موارى ياساى هه‌ڵبژاردنى پارێزگاكانى عێراق كرا

هەواڵ / عێراق :: 23/05/2019‌ :: 222‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا

په‌رله‌مانى عێراق خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌مى بۆ هه‌موارى پێشنیاركراوى یاساى هه‌ڵبژاردنى پارێزگاكان كرد.


حه‌سه‌ن ئالى، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق له‌ فراكسیۆنى یه‌كێتى (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 23ى ئایارى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ دانیشتنى ئه‌مڕۆدا په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌مى بۆ یاساى ژماره‌ (12)ى ساڵى 2018ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان كرد، به‌پێى هه‌مواره‌كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كه‌ركوكیش ده‌كرێت.

روونیشیكرده‌وه‌: یاساكه‌ چۆن له‌ پارێزگاكانى تر جێبه‌جێده‌كرێت، به‌هه‌مان شێوه‌ش له‌ كه‌ركوكیش جێبه‌جێده‌كرێت.

وتیشى: "ئه‌و كه‌سانه‌ى ناسنامه‌ى كه‌ركوكیان هه‌یه‌، ده‌توانن له‌و پارێزگایه‌ ده‌نگ بده‌ن، ئیتر دانیشتووى هه‌ر شوێنێك بن".

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ تشرینى دووه‌مى ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان ئه‌نجام بدرێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق بڕیارى له‌باره‌وه‌ بدات.

له‌ ده‌ستپێكى دانیشتنه‌كه‌دا په‌رله‌مان بڕیارێكى له‌ به‌رژه‌وه‌ندى نوێنه‌رى پێكهاته‌كانى ناو په‌رله‌مان ده‌ركرد.

پێشتر سه‌رچاوه‌یه‌كى په‌رله‌مانى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: په‌رله‌مان بڕیاریدا رێگه‌بدرێت نوێنه‌رى پێكهاته‌كانى ناو په‌رله‌مان سه‌ره‌ڕاى كارى خۆیان له‌ لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كاندا نوێنه‌رایه‌تى پێكهاته‌ى خۆیان بكه‌ن له‌ لیژنه‌ى شه‌هیدان و قوربانیان و زیندانیانى سیاسى.

وتیشى: "ئه‌و پێكهاتانه‌ى ئه‌و بڕیاره‌ ده‌یانگرێته‌وه‌، هه‌ریه‌كه‌ له‌ مه‌سیحییه‌كان و سائیبه‌ى مه‌ندائى و كوردى فه‌یلین".

سه‌رچاوه‌كه‌ روونیشكرده‌وه‌: به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى عێراق، هه‌ر په‌رله‌مانتارێك مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌، ئه‌ندامێكى یه‌ك لیژنه‌ى هه‌میشه‌یى بكات، به‌ڵام به‌م بڕیاره‌ى په‌رله‌مان نوێنه‌رى ئه‌و پێكهاتانه‌ ده‌توانن سه‌ره‌ڕاى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانى خۆیان ئه‌ندامێتى لیژنه‌ى شه‌هیدان و قوربانیان و زیندانیانى سیاسیش وه‌ك ئه‌ندامى سه‌ره‌كى بكه‌ن.

پ: ک. س
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure