زانیارى نوێ له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنه‌كه‌ى نه‌جمه‌دین كه‌ریم ئاشكراده‌كرێت

هەواڵ / عێراق :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 5543‌ جار بینراوە
نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری پێشووى كه‌ركوك

تاگ :: كه‌ركوك

دواڕۆژ، به‌غدا

رۆژنامه‌ی «الشرق الأوسط» بڵاویكرده‌وه‌: دوایئه‌وه‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌ پارێزگاری پێشووی كه‌ركوك له‌ لوبنان ده‌ستگیركرا، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته‌ دوای ئازادكردنی به‌كه‌فاله‌ت پاسپۆرته‌كه‌یان وه‌رگرتووه‌ و رێگه‌ی گه‌شتكردنیان لێگرتووه‌.

رۆژنامه‌كه‌ له‌سه‌ر زارى سه‌رچاوه‌یه‌كی دادوه‌ری (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 23ی ئایاری 2019) رایگه‌یاندووه‌: ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی لوبنان نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری پێشووى كه‌ركوك-یان راده‌ستی داواكاری گشتی پیاچوونه‌وه‌ كردووه‌، دوێنێ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه‌، دوای لێپرسینه‌وه‌كه‌ بڕیاردراوه‌ به‌كه‌فاله‌ت ئازادبكرێت، به‌ڵام گه‌شتكردنی لێقه‌ده‌غه‌كراوه‌، پاسپۆرته‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ی كه‌ پێی هاتۆته‌ لوبنانه‌وه‌ لێسه‌ندراوه.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌: نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌ لوبناندا ده‌مێنێته‌وه‌، تا ئه‌وكاته‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق دۆسیه‌ی دادگاییه‌كه‌ی ده‌نێرنه‌ لوبنان بۆ تاوتوێكردنی و گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی گونجاو له‌وباره‌وه.

له‌كاتێكى پێشترى ئه‌مڕۆدا فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگه‌یاند: لە دوێنێوە مه‌سعود بارزانى و نێچیرڤان بارزانی راستەوخۆ پاش بڵاوبونه‌وه‌ی ده‌نگۆی دەستگیركردنی د. نەجمەدین،‌ لەهەوڵی چڕدان و لەسەر خەتن بۆ ئازادكردنی.

پێشتر سه‌رچاوه‌یه‌كى باڵاى سیاسى هه‌رێمى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "ده‌ستگیركردنى نه‌جمه‌دین كه‌ریم په‌یوه‌ندى به‌ چه‌ند دۆسیه‌یەكى كۆنى گه‌نده‌ڵى ده‌سته‌ى نه‌زاهه‌ى كه‌ركوك و به‌غداوه‌ هه‌یه‌ و ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ریش فه‌رمانى ده‌ستگیركردنى له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ دراوه‌ته‌ پۆلیسى ئینته‌رپوڵ".

ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشیكرد: ئه‌و دۆسیەیانه‌ى له‌ دژى نه‌جمه‌دین كه‌ریم به‌رزكراونه‌ته‌وه‌ له‌ بوارى ئاو و كاره‌با و رێگه‌وبان و پترۆدۆلار و كۆمه‌ڵێك خزمه‌تگوزاری دیكه‌یە كه‌ له‌ماوه‌ى بوونى وه‌ك پارێزگار ئه‌نجامیداون.

روونیشیكرده‌وه‌: یه‌كێكی تر له‌و تۆماته‌ى ئاڕاسته‌ى كراوه‌ له‌ لایه‌ن خانه‌واده‌ى كه‌سێكه‌وەیە كه‌ پێشووتر له‌ ده‌سته‌ى نه‌زاهه‌ى كه‌ركوك كاریكردوه‌، دواى وروژاندنى دۆسیەیه‌كى گه‌نده‌ڵى له‌ چه‌ند ساڵى رابردوودا له‌ دژى  پارێزگارى پێشووی كه‌ركوك، به‌ چه‌ند رۆژێك دواى ئه‌وه‌ كوژراوه‌.

هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ ئیداره‌ى كه‌ركوك بۆ دواڕۆژ ئاشكرایكردووه‌ كه‌ ئه‌مریكییه‌كانیش ئاگاداری ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی (نه‌جمه‌دین كه‌ریم)ن و پشتگیری له‌ هه‌ڵوێستی حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ن.

سێشه‌ممه‌ى رابردوو ده‌ستگیركردنى نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگارى پێشووى كه‌ركوك له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى به‌یروت له‌ لوبنان ئاشكراكرا پاش ئه‌وه‌ى له‌ نه‌مساوه‌ به‌ره‌و ئه‌و وڵاته‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

پێشتر دادگا بڕیارى ده‌ستگیركردنى بۆ نه‌جمه‌دین كه‌ریم ده‌كرد به‌هۆى تۆمه‌تباركردنى له‌ چه‌ند دۆسیه‌یه‌كى "گه‌نده‌ڵى و دزى و به‌فیڕۆدانى پاره‌ى گشتى".

لەدواى رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرى 2017 و هێرشى سوپاى عێراق بۆ سەر کەرکوک نەجمەدین کەریم شاره‌كه‌ى جێهێشت و لە هەولێر نیشتەجێبوو.

له‌ 16ى شوباتى 2019ش ئەنجومەنی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانى كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی خۆیدا به‌ كۆی ده‌نگ بڕیاریدا نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌ ریزه‌كانی دووربخاته‌وه‌ كه‌ پێشتر پله‌ى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى هه‌بوو.

پ: ک. س
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure