لە بەغدا سكاڵا له‌سه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم تۆماركرا

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 41256‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

به‌تۆمه‌تى به‌كارهێنانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بۆ دانه‌وه‌ى قه‌رز له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ و دابه‌شنه‌كردنى، په‌رله‌مانتارێكی كورد له‌ به‌غدا له‌ داواكارى گشتی عێراق سكاڵای له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم تۆماركرد.


غالب محه‌مه‌د، ئه‌ندامی لیژنه‌ی وزه‌ و نه‌وت له‌ په‌رله‌مانی عێراق (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 23ى ئایارى 2019) تایبه‌ت بۆ دواڕۆژ وتی: "ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر دوو پرس له‌ داواكاری گشتی عێراق سكاڵام له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تۆماركرد".

باسی له‌وه‌كرد: یه‌كه‌م له‌سه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، كه‌ به‌غدا چوار مووچه‌ی ساڵی 2019ی ناردووه‌ و مووچه‌یه‌كی دیكه‌ش ده‌نێرێت به‌مزووانه‌، كه‌چی حكومه‌تی هه‌رێم دوو مووچه‌ی دابه‌شكردووه‌ و له‌كاتی خۆشیدا مووچه‌ دابه‌شناكات.

وتیشی: "نابێت و نایاساییه‌ پاره‌ی مووچه‌ كه‌ بابێكی تایبه‌ته‌ ده‌ستكاری بكرێت و بدرێت به‌ قه‌رز یان بۆ بابه‌تی دیكه‌ به‌كاربهێنرێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ مافی فه‌رمانبه‌رانه‌ و ده‌بێت بدرێت به‌وان".

غالب محه‌مه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: بابه‌تێكی تر كه‌ سكاڵام له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم تۆماركردووه‌، گواستنه‌وه‌ی كه‌سێكه‌ به‌ناوی (ئه‌بوبه‌كر حامد عەبدوڵڵا) له‌ داواكاری گشتی هه‌ولێره‌وه‌ بۆ قه‌زاى خه‌بات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داوای مافی خه‌ڵكی كردووه‌ و به‌ حكومه‌تی وتووه‌ بۆچی مووچه‌ی خه‌ڵك ناده‌ن.

وتیشی: "ئه‌گه‌ر داواكاری گشتی عێراق كاری له‌سه‌ر نه‌كات، ئه‌وا له‌ دادگای فیدراڵی سكاڵا له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم تۆمارده‌كه‌م".

ئاماده‌كردن: ئیحسانی مه‌لا فوئاد
پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure