زانیاری نوێ سەبارەت بەبرینداركردنی هاووڵاتییەكەی باخی گشتی سلێمانی

هەواڵ / کوردستان :: 23/05/2019‌ :: 3371‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

ئەو گەنجەی لەباخی گشتی سلێمانی هاووڵاتییەكی برینداركرد وتویەتی: "كێشە لەنێوانیاندا هەبووە بۆیە تەقەی لێكردوە"، بەڵام تائێستا وتەی بریندارەكە وەرنەگیراوە لەبەرئەوەی تەندروستی بۆ وەرگرتنی ئیفادە گونجاو نییە.

سەركەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكان لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ 23ی ئایاری 2019 بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەو گەنجەی تەقەی لەهاووڵاتییەكەی باخی گشتی سلێمانی كردوە هەردووكیان خەڵكی سلێمانین، بەوتەی گەنجەكەش كێشە لەنێوانیاندا هەبووە، بۆیە تەقەی لەو هاووڵاتییە كردوە، بەڵام تائێستا نازانرێت كێشەكەیان چییە.

ناوبراو روونیكردەوە: هاووڵاتییە بریندارەكەش سێ فیشەكی بەركەوتووە و تائێستاش لەنەخۆشخانەیە و باری تەندروستی جێگیرە و لەمەترسی مردن دەرچووە، بەڵام تائێستا باری تەندروستییەكەی بۆ ئەوە ناگونجێت بتوانرێت ئیفادەی لێوەربگیرێت.

پێشنیوەڕۆی سێشەممە 21ی ئایاری 2019 لەباخی گشتی سلێمانی گەنجێكی تەمەن 19 ساڵ بەدەمانچە هاووڵاتییەكی برینداركرد.

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure