پێشمه‌رگه‌ و هێزێكى فره‌نسى سێ داعشیان كوشت

هەواڵ / کوردستان :: 23/05/2019‌ :: 522‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن

له‌سنورى په‌ڵكانه‌ى نێوان كفرى و خورماتوو، هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ به‌ هاوكارى هێزێكى فره‌نسا ئۆپراسیۆنێكیان ئه‌نجامدا تاوه‌كو ئێستا سێ چه‌كدارى داعشیان كوشتوە و دوو پێشمه‌رگه‌ش به‌ سوكى برینداربوون. 


جه‌مال ساڵح، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى زنانه‌ له‌ سنورى كفرى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ به‌یانى ئه‌مڕۆوه‌ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ فه‌رمانده‌یى ئاڵتونى له‌گه‌ڵ  هێزێكى فره‌نسى كه‌ به‌ كۆپته‌ر هاوكارى پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن، ئۆپراسیۆنێكیان بۆ ناوچه‌كانى په‌ڵكانه‌ و گونده‌كانى سنورى نێوان خورماتوو بۆ كفرى ده‌ستپێكردوه‌. 

وتیشی: "به‌پێى دوازانیارییه‌كان تاوه‌كو نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێ چه‌كدارى داعش كوژراون و ته‌رمه‌كانیان كه‌وتوه‌ته‌ ده‌ستى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و هه‌روه‌ها دوو پێشمه‌رگه‌ش به‌ سوكى برینداربوون". 

جه‌مال ساڵح راشیگه‌یاند: هه‌ر له‌ ئۆپراسیۆنه‌كه‌دا پێگه‌ و مۆڵگه‌كانى داعش له‌ سنووره‌كه‌دا بۆردومان كراون و تاوه‌كو ئێستاش ئۆپراسیۆنه‌كه‌ به‌رده‌وامى هه‌یه‌. 

له‌ سنوورى نێوان كفرى بۆ خورماتوو به‌ دیاریكراوى له‌ ناوچه‌كانى په‌ڵكانه‌ و شۆراو و شاخى غه‌ڕه‌ ژماره‌یه‌ك چه‌كدارى تێدایه‌ و ئاڵایه‌كى سپییان هه‌یه‌ و سنوریان بۆ خۆیان داناوه‌، هه‌ر كه‌س ئه‌و سنووره‌ ببه‌زێنێت ڕووبه‌ڕووى ده‌بنه‌وه‌ و به‌پێى زانیاری ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ئه‌و چه‌كدارانه‌ پاشماوه‌ى چه‌كدارانى داعشن.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure