وێنە: پۆلیس دەستی بەسەر حەوت ماسیدا گرت کە کێشیان نزیکەی 300 کیلۆ بووە

هەواڵ / ئابوری :: 23/05/2019‌ :: 530‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی ئایاری 2019 دەستیانگرت بەسەر حەوت ماسی ڕاوکراودا کە کێشیان 293 کیلۆگرام بوو، هاوکات ژمارەیەک تۆڕی ماسیش دەستیان بەسەردا گیرا.

فەرمان عومەر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە بە دواڕۆژی راگەیاند: لەگەڵ ئەوەی هێشتا وەرزی قەدەغەکردنی راوەماسی کۆتایی پێنەهاتووە، بەڵام هێشتا راوکردنی ماسی بەشێوەی نایاسایی بەردەوامی هەیە، لەوچوارچێوەیەشدا هێزەکانمان توانیان دەستبگرن بەسەر 25 تۆڕ و کەرەستەى راوکردن و بڕێکى زۆر ماسیدا کە بەشێوەیەکى نایاسایی راوکراون.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو ماسییانەی کە دەستیان بەسەردا گیراوە حەوت ماسی گەورەن کە کێشەی هەندێکیان زیاترە لە 60 کیلۆ، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی کێشی سەرجەمیان 293 کیلۆگرامە و بەگوێرەی یاسا لە زیادکردنی ئاشکرادا دەفرۆشرێنەوە.

وتەبێژەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو: ئەو ماسییانەی کە دەستیان بەسەردا گیراوە لە (دەریاچەی سیروان و تەنگی سەید محەمەد) لە لایەن کەسانی نابەرپرسەوە ڕاوکرابوون.

ئەمەش لە کاتـێکدایە لە مانگی  ئازارەوە ڕاوکردنی ماسی لە هەرێم قەدەغەکراوە و تائێستاش بەردەوامە.

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure