قایمقامی پێنجوێن: ئێران هەر مانۆڕ و جوڵەیەك بكات ئێمە ئاگادار ناكاتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 24/05/2019‌ :: 3066‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، رێبین حەسەن


لەدوای سەرهەڵدان و هەڵكشانی بارگرژی و ململانێ سیاسییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، ماوەی چەند رۆژێكە هێزێكی زۆری سوپای پاسدارانی ئێران، هێنراونەتە نزیك بەشێك لەناوچە و شارە كوردییەكانی رۆژهەڵات و نزیکی باشووری كوردستان.

 

قایمقامی پێنجوێن لەسەر ئەم پرسە دەڵێت: "ئەگەر لەكاتی ئەنجامدانی مانۆڕەكاندا زیان بەر گوندێكی سنوورەكەمان بكەوێت، ئەو كاتە لەڕێی پاسەوانی سنوور و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تری حكومەتی هەرێم و ناوەند ئەو وڵاتە ئاگادار دەكرێتەوە".

 

دوای ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە، هاوڵاتیان و دانیشتوانی سنووری قەزای پێنجوێن، لەبەرەبەیاندا بەدەنگێكی بەرز بەخەبەر هاتنەوە، لەئێستادا بەهۆی نزیكی و هاوسنووری پێنجوێن لەگەڵ شارەكانی (مەریوان و بانە و سەقز) باس لەوەدەكرێت كە ئەو دەنگە بومەلەرزە نەبووە و ئەگەری زۆر لەئارادایە، كە ئەوە دەنگی موشەك یان تۆپ بێت لەكاتی مانۆڕی سەربازی ئێراندا و كاریگەری راستەوخۆی لەسەر قەزای پێنجوێن و دەوروبەری دروستكردبێت بەهۆی نزیكییەوە.

 

لەوبارەیەوە، زانا رەحمان، قایمقامی قەزای پێنجوێن، بەدواڕۆژی راگەیاند: وەكو ئیدارەی ناوچەكە، تاوەكو ئێستا بەشێوەیەكی رەسمی لەبارەی ئەگەرەكانی هاتنی هێزی ئێرانی بۆ سەر سنوور و ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی ئاگادار نەكراوینەتەوە.

 

وتیشی: "ئاگاداری ئەوەنین هێزەكانی ئێران، هاتبێتن و سنووریان بەزاندبێت، یان هێزی زۆریان هێنابێتە ناوچەكانی سەر بەشاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان، كە نزیكە لەپێنجوێنەوە".

 

ئەوەشی خستەڕوو: لەڕووی ئیدارییەوە ناتوانین چاودێری كارەكانی ئێران بكەین، چونكە ئەوە كاری دەزگا هەواڵگرییەكانە و ئەوان دەبێت چاودێری دۆخەكە بكەن و بەدواداچوونی زیاتری بۆ دەكەن. نە ئێمە و نە ئەوانیش لەهێنان و بردنی هێزەكان یەكتری ئاگادار ناكەینەوە.

 

قائیمقامی پێنجوێن كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی ئەمنی قەزاكەشە، دەشڵێت: "وەكو گریمانەیەك ئەگەر بێتو زیانی تۆپ و هەر چەكێكی تری ئێران لەكاتی ئەنجامدانی مانۆڕەكاندا بەر گوندێكی سنووری پێنجوێن بكەوێت، ئەوا لەڕێی پاسەوانی سنووری خۆمانەوە، داوادەكەین سەرووی خۆیان ئاگادار بكەنەوە و ئەوانیش وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاگادار دەكەنەوە ئەوەش لەڕێگەی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێمەوە دەبێت.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: ن.ر

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure