توركیا لە یەک کاتدا بە سێ شێواز بۆردومانی ناوچەیەکی هەرێم ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 23/05/2019‌ :: 431‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 23ی ئایاری 2019 سوپای توركیا به‌ سێ شێوه‌ی جیاواز و به‌ تۆپ و كۆپته‌ر و فڕۆكه‌ی جه‌نگی بۆردومانی سنوری سیده‌كان ده‌كات و بۆ یه‌كه‌مجاریشه‌ به‌و سێ جۆره‌ سنوره‌كه‌ بۆردومان ده‌كرێت. 


جه‌لال عوزێر، موختاری گونده‌ سنورییه‌كانی سیده‌كان به‌دواڕۆژی وت: "له‌ پێش كاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌وه‌ سوپای توركیا به‌سه‌ختی و به‌ سێ شێوه‌ی جیاواز بۆردومانی گه‌روی كه‌وه‌رته‌ و سنوری گونده‌كانی ئاله‌كان، لێلكان، خه‌لیفان و گۆڕه‌شای ده‌ستپێكردوه‌ و تائێستاش به‌رده‌وامه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: كه‌ بۆردومانی ئه‌مڕۆ جیاوازه‌ له‌ هه‌موو بۆردومانەكانی رابوردوو، چونكه‌ ئه‌مڕۆ له‌ یه‌ك كاتدا به‌ تۆپ و كۆپته‌ر و فڕۆكه‌ی جه‌نگی بۆردومانه‌كه‌ ئه‌نجامده‌درێت. 

باسی لەوەشکرد: بۆردومانی ئه‌مڕۆش جیاواز له‌ پێشتر ترس و دڵه‌ڕاوكێی زیاتری لای دانیشتوانی ناوچه‌ بۆردومانكراوه‌كان دروستكردووه‌. 

له‌باره‌ی زیانه‌كانیشه‌وه‌ وتی: "تائێستا هیچ زانیارییه‌كمان نیه‌ له‌باره‌ی زیانه‌ گیانییه‌كانی بۆردومانه‌كه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر جارێك بۆردومان ئه‌نجامبدرێت، ئه‌گه‌ر زیانی گیانیشی نه‌بووبێت، بێگومان بۆردومانه‌كه‌ زیان به‌ ژینگه‌ و سروشت و رەز و باخی هاووڵاتیان ده‌گه‌یه‌نێت".

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure