"مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی هەوڵی ئازادكردنی نەجمەدین كەریم-یان داوە"

هەواڵ / کوردستانی :: 23/05/2019‌ :: 14116‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێـت: لەدوێنێوە "سه‌رۆك بارزانی و کاک نێچیرڤان بارزانی" ڕاستەوخۆ پاش بڵاوبونه‌وه‌ی ده‌نگۆی دەستگیركردنی د. نەجمەدین،‌ لەهەوڵی چڕدان و خۆیان لەسەر خەت-ن، بۆ ئازاد كردنی، دەشڵێت: "ئێمە هەرچی لەدەستمان دێت پارێزگاری لێدەکەین".

 
لەلێدوانێكیدا بۆ دەنگی ئەمریكا، فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندوە: "ڕەنگە لەناو یەکێتی هەبێت وەک ئێمە پێیان ناخۆش بێت، بەڵام بەشێکیشیان هەیە پێیان خۆشە كە د. نەجمەدین دەستگیر بكرێت".

فازڵ میرانی ئەوەشی وتووە: "جگە لە هەوڵەکانی پارتی لەڕێگەی حکومەتەوە کە ڕاستەوخۆ سەرۆکی حکومەت "لەسەر خەت بووە" ، ئەگەر لەڕووی سیاسیشەوە پێویست بکات ئەوا دوباره‌ خودی "بارزانی" دێتەوە سەرخەت، چونکە پەیوەندیمان لەگەڵ هەندێک لایەنی سیاسی و "جامیعەی عەرەبی" و وڵاتان هەیە، ئێمە وادەکەین کە فشارێک لەسەر عیراق دروستبکرێت ئەم "پیلانگێڕییە" چیتر دژی کورد نەکرێت".

میرانی لەدرێژەی قسەكانیدا ئەوەشی باسكردوە: "حەق بوو هەر حیزبێک لای خۆیەوە وەک "بارزانی" و "کاک نێچیرڤان" و پارتی هەوڵی خۆیان بدایە لانی کەم سۆراغی دەستگیرکردنەکەیان بپرسیایە".

دوێنێ میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردەوە، پارێزگاری پێشووی كەركوك لەسەر چەند تۆمەتێك لەفڕۆكەخانەی بەیروت دەستگیر كراوە.

 

سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای سیاسی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی ده‌ستگیركردنی نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری پێشووی كه‌ركوك به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: "ده‌ستگیركردنی نه‌جمه‌دین كه‌ریم په‌یوه‌ندی به‌ چه‌ند دۆسیه‌یەكی كۆنی گه‌نده‌ڵی ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی كه‌ركوك و به‌غداوه‌ هه‌یه‌ و ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ریش فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ دراوه‌ته‌ پۆلیسی ئینته‌رپوڵ".

 

ئا: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure