ماستی دوو شاری کوردستان بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەڕوات

هەواڵ / ئابوری :: 22/05/2019‌ :: 655‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی سەنگین خۆشناو

ئه‌گه‌ر تا ئێستا (لبن ئه‌ربیل) لای دانیشتوانى خواروو و ناوه‌ڕاستی عێڕاق ناو و ناوبانگ و كڕیارى هه‌بوبێت، ئێستا ماستى رانیه‌ش هاتووه‌ته‌ كێبڕكێكه‌وه‌ و رۆژانه‌ به‌رهه‌مى خۆى بۆ ئه‌و ناوچانه‌ ده‌نێرێت، شاره‌زایه‌كى ئابوریش ده‌ڵێت: لە کوردستان تائێستا نەتوانراوە سوود لە بەرهەمی ناوخۆ ببیندرێت.


له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى هه‌رێمی كوردستان ساڵانه‌ بڕێكی باشی به‌رهه‌می ماستی خۆماڵی و شیره‌مه‌نییه‌كان به‌رهه‌مده‌هێنێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ نه‌یتوانیوه‌ پێش له‌ به‌رهه‌می هاورده‌كراو بگرێت، چونكه‌ ساڵانه‌ بڕێكی زۆری ماست و به‌رهه‌مه‌ شیره‌مه‌نییه‌كان هاورده‌ی هه‌رێم ده‌كرێن.

دكتۆر جه‌مال شوكر، به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌ره‌نتینه‌ی ڤێترنه‌رى له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ بۆ دواڕۆژ وتى: راسته‌ به‌رهه‌می خۆماڵی تایبه‌ت له‌ وه‌رزی به‌هار زۆر ده‌بێت و توانراوه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بڕوات، به‌ڵام هێشتا ئه‌و توانایه‌ی نه‌بووه‌ كه‌ پێویستیمان به‌ ماستی هاورده‌كراو نه‌بێت، چونكه‌ خۆمان ساڵانه‌ ته‌نیا 900 هەزار لیتر به‌رهه‌ممان هه‌یه‌ كه‌ له‌ ماڵان و كارگه‌كانی ناوخۆ به‌رهه‌م ده‌هێندرێن. ئه‌مه‌ش بڕێكی كه‌مه‌ و ناتوانێت پێویستی ناوخۆ پڕبكاته‌وه‌.

دکتۆر جەمال وتیشى: "ئه‌گه‌ر كارگه‌كان به‌ته‌واوه‌تی كاربكه‌ن و به‌ شێوازێكی ته‌ندروست و شیری باش به‌كاربهێنن ئه‌وا ده‌تواندرێت بڕێكی زۆرتری به‌رهه‌می ناوخۆ بكه‌وێته‌ بازاڕه‌كان، هه‌رچه‌نده‌ خه‌ڵكیش كه‌متر ماستی كارگه‌كان به‌كارده‌هێنن خواستی زیاتر بۆ ماستی ماڵانه‌ كه‌ له‌ شیری سروشتی مانگا و مه‌ڕ و گامێش دروستده‌كرێن".

كارگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی ماست ركابه‌ری به‌رهه‌مى هاورده‌كراو ده‌كه‌ن
"ئێستا ساڵانه‌ بڕی هه‌شت هه‌زار تۆن به‌رهه‌می ماستیان هه‌یه‌ كه‌ له‌ 80%ی بۆ شاره‌كانی عێراق ده‌نێرن و له‌سه‌دا 20% یشی له‌ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان ده‌فرۆشرێن" ئاواره‌ محه‌مه‌د، خاوه‌نی كارگه‌ی دڵبا بۆ به‌رهه‌مهێنانی ماست و شیره‌مه‌نی واى وت.

وتیشى: "ماوه‌ی سێ ساڵه‌ كارگه‌كه‌مان له‌ هه‌ولێر دامه‌زراندووه‌" ناشیشارێته‌وه‌ كه‌ قه‌یرانی دارایی و شه‌ڕی داعش دووچاری زیانێكی زۆری كردوون، به‌ڵام كۆڵیان نه‌داوه‌.

له‌باره‌ی جیاوازی نرخی ماستی كارگه‌ خۆماڵییه‌كان و ماستی هاورده‌ی توركیا و ئێران ئاواره‌ محه‌مه‌د ئه‌وه‌ى وت: "دوو كیلۆی ماستی دڵبا به‌ نرخی 2500 دینار ده‌فرۆشین، به‌ڵام توركی نرخی دوو كیلۆی دوو هێنده‌ی نرخی ئێمه‌یه‌ و ئێرانییه‌كه‌ش 500 دینار تاوه‌كو 750 دینار گرانتره‌".

خواست له‌سه‌ر ماستی دروستكراوی ماڵانه‌
فواد حاجی، فرۆشیارێكی ماسته‌ له‌ هه‌ولێر باس له‌ نرخ و جۆره‌كانی ماست ده‌كات و ده‌ڵێت: من له‌ زۆربه‌ی شار و گونده‌كان ماستم بۆ دێت ئه‌و ماستانه‌ی كه‌ له‌ بازاڕ هه‌ن ماستی (مه‌ڕ، مانگا، گامێش، بزن و مانگای تێكه‌ڵه‌)، به‌ڵام من به‌ رێژه‌یه‌كی زیاتر ماستی مانگا ده‌فرۆشم زیاتریش له‌ وه‌رزی به‌هار ماستی مه‌ڕ ده‌فرۆشم.

ئەو فرۆشارە وتیشى: "له‌ سه‌ره‌تای به‌هار ماستی مه‌ڕ كیلۆی تاوه‌كو 6000 دینار ده‌ڕوات به‌ڵام ورده‌ ورده‌ نرخه‌كه‌ داده‌به‌زێت ئێستا كیلۆیه‌ك ماستی مه‌ڕ به‌ 3000 دیناره‌، ماستی مانگاش هه‌میشه‌ له‌ نرخێكی جێگیربووه‌ كه‌ 2500 تاوه‌كو 2000 دینار بووه‌، به‌ڵام راستییه‌ك هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ خه‌ڵك بیزانن ماستی ماڵانیش هه‌یه‌ فێڵی تێده‌كات فێڵه‌كانیش شیری وشك و خۆماڵی تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن یان شیشی سوتاوى لێده‌ده‌ن تاوه‌كو وه‌ك ماستی مه‌ڕ بیفرۆشن".

حاجی خالید، فرۆشیارێکی خەڵکی رانیەیە بۆ دواڕۆژ وتی: ماستی ئێمە زیاتر گامێش و بزن و مانگایە بە دەرەجە یەک گامێش، رۆژانە خۆم زیاتر لە 80 کیلۆ دەفرۆشم کە کڕیارانمان زیاتر ئەو خەڵکانەن کە لێرەوە تێدەپەڕن تایبەت خەڵکی سلێمانی و ناوچەکانی دیکەن، بەڵام زۆر کڕیاری عەرەبم هەن کە ماستیان بۆ دەنێرم تایبەت بەغدا و موسڵ. 

ئەو فرۆشیارە وتیشى: "کێبڕکێ لە نێوان ماستی ئێمە و شارەکانی دیکە نییە، بەڵام ئەوەی جیاوازە زیاتر لێرە گامێش زۆرە و لە هەولێریش مەڕ و مانگا".

به‌پێی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سامانی ئاژه‌ڵ و ڤێترنه‌رى، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە ملیۆنێک لیتر ماستە، بەرهەمی ناوخۆی کارگەکان و ماڵان ساڵانە دەگاتە 900 هەزار لیتر ماست، بەڵام بەشێکی زۆری بۆ شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێڕاق دەڕوات. 

لەو ژماره‌یه‌ بەرهەمی ماستی هەولێر کە زۆرترینە 500 هەزار لیترە و رانیە لە 200 هەزار تێپەڕناکات. ئەمە لەکاتێکدایە ساڵی 2017 بڕی به‌رهه‌می ماستی هاورده‌كراو حه‌وت هه‌زار و 378 تۆن بووه‌، ساڵی 2018 رێژه‌كه‌ كه‌مبووه‌ته‌وه‌ بۆ شه‌ش هه‌زار و 739 تۆن، هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كان هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی 9 كارگه‌ی دروستكردنی ماست و شیره‌مه‌نییه‌ به‌جۆرێك سێ كارگه‌ له‌ هه‌ولێر و سێ له‌ دهۆك دوو له‌ سلێمانی و گه‌رمیان، كارگه‌یه‌كیش له‌ زاخۆیه‌.

سه‌ره‌ڕاى به‌رهه‌مه‌ جۆراوجۆره‌كان، به‌ڵام خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان هه‌م پشتیوانى ناكرێن، هه‌میش به‌ كارئاسانى له‌ هاورده‌ى ماستى زیانیان پێده‌گه‌یه‌ندرێت، له‌كاتێكدا پێویسته‌ حكومه‌ت پشتیوانى به‌رهه‌مى ناوخۆ بكات وه‌ك ئه‌وه‌ى شاره‌زایه‌ك ده‌یڵێت.

ئەرشەد تەها، شارەزای ئابوورییه‌ و بۆ دواڕۆژ دەڵێت: هەمیشە لە هەموو وڵاتێک تا بەرهەمی ناوخۆ هەبێت گرنگی بە بەرهەمی هاوردە نادرێت، بەڵام لە کوردستان تائێستا نەتوانراوە سوود لە بەرهەمی ناوخۆ ببیندرێت بەڵکو بەرهەمەکانمان بۆ چین و توێژی دیکە دەڕوات و خۆمان ماستی تورکی و ئێرانی دەخۆین.

وتیشى: "ئەگەر حکومەت کارگەی زیاتر دابمەزرێنێت و پاڵپشتی ئاژەڵداران بکات ئەوا بەرهەمی ناوخۆ پێویستی ناوخۆ پڕدەکاتەوە، بەڵکو ئەمجارە ئێمە ماست و شیرەمەنی دەنێرینە وڵاتان".

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure