دوو عه‌لى یه‌مه‌ن-یان یه‌كخسته‌وه‌

هەواڵ / جیهان :: 22/05/2019‌ :: 314‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

یه‌كێك له‌ ده‌ره‌نجامه‌كانى كۆتایى جه‌نگى سارد، یه‌كگرتنه‌وه‌ى هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ى باكوور و باشوورى یه‌مه‌ن بوو كه‌ پێشتر هه‌ر به‌شه‌یان بۆخۆى كۆمارێك بوو و له‌دژى یه‌كتر به‌كارده‌هێنران. تا له‌ 22ى ئایارى ساڵى 1990 یه‌كگرتنه‌وه‌ى هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ راگه‌یه‌نرا و تێیدا عه‌لى عه‌بدوڵـڵا ساڵح به‌ سه‌رۆكى وڵات و عه‌لى سالم بێز به‌ جێگرى دانرا.

   
رێككه‌وتنى هه‌ردوو (عه‌لى) بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ى به‌شه‌ له‌یه‌كتردابڕاوه‌كانى وڵاته‌كه‌یان، كه‌ له‌ 10 خاڵدا راگه‌یه‌نرا، ئه‌وه‌نده‌ خێرا و به‌ ده‌ستوبرد بوو بووه‌ جێى سه‌رنجى نێوه‌نده‌ سیاسى و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان. قۆناغى گواستنه‌وه‌ 30 مانگ درێژه‌ى كێشا به‌ڵام یه‌كگرتنه‌وه‌ى یه‌مه‌ن نه‌ فیدراڵ و نه‌ كۆنفیدراڵ بوو به‌ڵكو یه‌كخستنه‌وه‌یه‌كى ته‌واوى سه‌رتاسه‌رى وڵاته‌كه‌یان بوو و له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مدا هه‌موو داموده‌زگاكانى وڵات یه‌كخرانه‌وه‌.

سه‌ره‌ڕاى ئه‌و یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌، به‌ڵام كۆمارى یه‌مه‌ن به‌رده‌وام له‌ ناكۆكى و ململانێى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و خێڵ و عه‌شیره‌ته‌كان و ده‌ستى ده‌ره‌كیدا بووه‌. ئێستا چه‌ند ساڵێكه‌ حوسییه‌كانى یه‌مه‌ن كه‌ بریتین له‌ شیعه‌ مه‌زهه‌به‌كانى وڵاته‌كه‌، شه‌ڕێكى قورس و خوێناوییان له‌و وڵاته‌دا به‌رپاكردووه‌ و ته‌نانه‌ت به‌ كوشتنى عه‌لى عه‌بدوڵـڵا ساڵح-ى سه‌رۆكى وڵاته‌كه‌یش نه‌وه‌ستاوه‌ته‌وه‌.

جه‌نگى ئێستاى یه‌مه‌ن به‌ یه‌كێك له‌ كاره‌ساته‌ گه‌وره‌كانى ناوچه‌كه‌ داده‌نرێت و تادێت ژماره‌ى قوربانیه‌كانى زیاتر ده‌بێت.

ئا: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

 بڵاوكردنه‌وه‌:هـ.ق

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure