هەواڵی قەدەغکردنی دروێنه‌ی گه‌نم و جۆ له‌سنوری مه‌خمور بەدرۆدەخرێتەوە

هەواڵ / ئابوری :: 22/05/2019‌ :: 188‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

بەرپرسی کۆمیتەی مەخموری یەکێتی رایدەگەیەنێت: چەند رۆژێکە باس لەوەدەکرێت گوایە دروێنه‌ی گه‌نم و جۆ له‌سنوری (قه‌راج، كه‌ندیناوه‌ و ده‌شتی مه‌خموور) قەدەغەیە و سوپای عێراق رایگرتووە، بەڵام راست نییە و دروێنە بە شێوەیەکی ئاسایی به‌رده‌وامه‌. 

رەشاد گەڵاڵی، بەرپرسی کۆمیتەی مەخموری یەکێتیی نیشتمانیی کورستان بە دواڕۆژی راگەیاند: دوای ئه‌وه‌ی له‌چه‌ند رۆژی رابوردوودا لەلایەن چەند کەسێک و بەرپرسێکەوە وابڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ دروێنه‌ی گه‌نم و جۆ له‌ سنوری مه‌خمور له‌لایه‌ن سوپای عێراقەوە راگیرابێت، بەڵام ئەو دەنگۆیانە راست نین و هیچ بنەمایەکیان نییە".

وتیشی: "كۆی ‌ئه‌و هه‌واڵانەی باس له‌ڕاگرتنی دروێنه‌ی گه‌نم و جۆ له‌سنوری مه‌خمور ده‌كەن دووره‌ له‌ڕاستییه‌وه‌ و پرۆسه‌ی دروێنه‌ به‌رده‌وامه‌، تاکە هۆكاری بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌ ئەوە بووە كه‌ له‌سنوری ناحیه‌ی سه‌رگه‌رانی سه‌ر به‌پارێزگای كه‌ركوك له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه‌ بریاری راگرتنی دروێنه‌ دراوه‌ تاوه‌كو كێشه‌ی نێوان عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان و جوتیارانی سه‌رگه‌ران چاره‌ده‌كرێت، ئه‌م بابه‌ته‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌مه‌خموره‌وه‌ نییه‌ و له‌سنوری مه‌خمور هیچ كێشه‌یه‌ك نییه‌ و به‌ئاسایی جوتیاران دروێنه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن". 

پ: چ. ع

بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure