مێروویەک باخه‌ هه‌نار و زه‌یتونه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ى ڕووبه‌ڕوى مه‌ترسى كردوه‌ته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 22/05/2019‌ :: 229‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

جۆره‌ نه‌خۆشییه‌ك له‌ڕێگه‌ى مێروویه‌كه‌وه‌ له‌سنوری باخه‌ هه‌نار و زه‌یتونه‌كانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌ر هه‌ڵده‌دات و لێپرسراوی به‌شی پاراستنی رووه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كشتوكاڵی هه‌ڵه‌بجه‌، زانیاری له‌باره‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌وه‌ ئاشكراده‌كات و رێنماییش ده‌داته‌ خاوه‌ن باخه‌كان.


شه‌ریف مەحمود، لێپرسراوی به‌شی پاراستنی رووه‌ك له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كشتوكاڵی هه‌ڵه‌بجه‌، به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ ئێستادا له‌ باخه‌ هه‌نار و زه‌یتونه‌كانى سنوری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ جۆره‌ ئافاتێك سه‌رى هه‌ڵداوه‌ كه‌ مه‌ترسى له‌سه‌ر به‌رهه‌مى ئه‌مساڵى هه‌نار و زه‌یتون دروستكردووه‌، ئه‌وه‌ش له‌ڕێگه‌ى بڵاوبوونه‌وه‌ى جۆره‌ مێروویه‌ك كه‌ به‌ (پسیلا) ناسراوه‌ و رەنگى سپییه‌ و له‌شێوه‌ى په‌موودایه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: له‌ئێستادا نه‌خۆشییه‌كه له‌قۆناغی سه‌ره‌تاییدایه‌، به‌ڵام دواتر دوو جۆری دیكه‌ى ئافاتی هه‌نار بڵاوده‌بێته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت كاتێك دار هه‌ناره‌كان له‌ 80%یان گوڵه‌كانیان هه‌ڵیپێچا ده‌بێت ده‌رمانی قڕكه‌رى كرمی به‌ری هه‌نار به‌كاربهێنرێت، هاوكات پێویسته‌ جوتیاران كۆمه‌ڵێك رێنمایی سه‌ره‌تایی جێبه‌جێ بكه‌ن، باخه‌كانیان له‌پاشماوه‌ی ساڵی ڕابوردوو پاك بكه‌نه‌وه‌ و بیسوتێنن، نابێ بمێنێته‌وه‌ بۆ ساڵی نوێ و پێویسته‌ ده‌رمانی كوالیتی باش به‌كاربهێنرێت بۆ له‌ناوبردنی نه‌خۆشییه‌كه‌.

لێپرسراوی به‌شی پاراستنی رووه‌ك له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كشتوكاڵی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: به‌مه‌به‌ستى كۆنترۆڵكردنى ئه‌و جۆره‌ مێروه‌ و زیان نه‌گه‌یاندن به‌ به‌رهه‌مى هه‌نار و زه‌یتونى جوتیاران، په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ جوتیاراندا و ڕێنمایی پێده‌ده‌ین، له‌سه‌ر چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ باخه‌كانیان و له‌ناوبردنی نه‌خۆشییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مێكی باش به‌ده‌ستبهێنن و كاریگه‌ری نه‌خۆشییه‌كه‌ نه‌مێنێت.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure