چاودێرى زه‌وییه‌ كشتوكاڵیه‌كان ده‌كرێت تا ته‌واوبوونى وه‌رزى دروێنه‌

هەواڵ / کوردستان :: 22/05/2019‌ :: 218‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن

له‌ ماوه‌ى دوو ڕۆژى رابوردوودا له‌ سنوورى گه‌رمیان به‌هۆى چه‌ند ئاگرێكه‌وه‌ زیاتر له‌ 200 دۆنم زه‌وى گه‌نم و جۆ و ده‌غڵ و دان سوتاون. ئیدارەی گەرمیانیش ژوورى ئۆپه‌راسیۆن بۆ چاودێرى كردنى زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان پێكده‌هێنێت تا ته‌واوبونى وه‌زرى دروێنه‌. 


نیعمه‌ت عه‌لى، وته‌بێژى به‌رگرى شارستانى گه‌رمیان به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ ماوه‌ى دوو ڕۆژى رابوردوودا له‌ سنوورى گه‌رمیان زیاتر له‌ شه‌ش حاڵه‌تى ئاگر كه‌وتنه‌وه‌ تۆماركراون له‌ ناوچه‌كانى (حه‌وشكوڕو، سه‌وزبڵاخ، داره‌خورما، شێره‌وه‌ن، به‌رلووت، سه‌ید خه‌لیل). 

وتیشى: "به‌هۆى ئه‌و ئاگرانه‌وه‌ 217 دۆنم زه‌وى له‌ گه‌نم و جۆ و ده‌غڵ و دانى جوتیاران سوتاون و له‌لایه‌ن تیمه‌كانیشمانه‌وه‌ هه‌زار و 150 دۆنم زه‌وى له‌ سووتان ڕزگار كراون و سه‌رۆكى یه‌كێك له‌ تیمه‌كانى ئاگركوژێنه‌وه‌ش له‌ كاتى هه‌وڵه‌كانیان بۆ كۆنترۆڵكردنى ئاگر به‌ سووكى برینداربووه‌". 

له‌ باره‌ى هۆكارى کەوتنەوەی ئه‌و ئاگرانه‌شه‌وه‌ ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو: تاوه‌كو ئێستا هۆكاره‌كان نادیارن، به‌ڵام له‌ سنوورى گه‌رمیان به‌هۆى گه‌رماوه‌ ئه‌گه‌رى كه‌وتنه‌وه‌ى ئاگر هه‌یه‌ و ساڵانه‌ ڕووده‌دات. 

نیعمه‌ت عه‌لی ئاماژەی بەوەشدا: له‌به‌ر پاراستنى به‌رهه‌مى جوتیاران لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان دواى كۆبوونه‌وه‌یان بڕیاریانداوه‌ به‌ پێكهێنانى ژوورى ئۆپه‌راسیۆن و له‌ڕێگه‌ى تیمه‌ ئه‌منیه‌كان و به‌رگرى شارستانییه‌وه‌ چاودێرى كشتوكاڵى هاووڵاتیان ده‌كرێت تاوه‌كو ته‌واوكردنى وه‌رزى دروێنه‌. 

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure