كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگر گه‌نم و جۆی جوتیارانی گوندێکی كورد دەسوتێنێت

هەواڵ / کوردستان :: 21/05/2019‌ :: 861‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 


له‌ گوندێكی ناحیه‌ی قه‌ره‌ته‌په‌ی سه‌ر به‌ قه‌زای خانه‌قین، كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگر بووه‌هۆی سوتاندنی به‌شێكی زۆری به‌رهه‌می گه‌نم و جۆی جوتیارانی كورد و تاوه‌كو ئێستاش ئاگره‌كه‌ به‌رده‌وامیی هه‌یه‌ و كۆنترۆڵ ناكرێت، به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كیش هیچ لایه‌نێكی په‌یوه‌ندیدار نه‌چووه‌ به‌ هانایانه‌وه‌. 

محه‌مه‌د عومه‌ر به‌رپرسی كۆمیته‌ی یه‌كێتی له‌ قه‌ره‌ته‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ و به‌ دیاریكراوی له‌ كاتژمێر 5:00ه‌وه‌ له‌ گوندی قه‌رەیه‌تاخی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی قه‌ره‌ته‌په‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی نادیاره‌وه‌ ئاگرێك كه‌وتووه‌ته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ به‌رهه‌مێكی زۆری گه‌نم و جۆی جوتیارانی كورد سوتاون و تاوه‌كو ئێستاش ئاگره‌كه‌ به‌رده‌وامیی هه‌یه‌. 

وتیشی: "ڕه‌شه‌بای توند بووه‌ته‌ هۆی زیاتر په‌ره‌سه‌ندن و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ و هاووڵاتیانی گونده‌كه‌ خۆیان له‌ هه‌وڵی كوژاندنه‌وه‌یدان و هیچ لایه‌نێكی په‌یوه‌ندیدار تائێستا نه‌چوون به‌ هانای جوتیارانه‌وه‌". 

گوندی قه‌رەیه‌تاخ له‌ سنووری ناحیه‌ی قه‌ره‌ته‌په‌ هه‌موو دانیشتوانه‌كه‌ی كوردن و له‌ ئێستادا نزیكه‌ی 45 خێزان تێیدا نیشته‌جێن.

پ: ک. س

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد









created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure