خانه‌قین دوا مۆڵه‌ت ده‌داته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 384‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

پێكهاته‌ جیاوازه‌كانى خانه‌قین و چالاكان و رۆشنبیرانى خانه‌قین له‌ یاداشتێكدا ئه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو کە له‌ دواى رووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ 60 ته‌قینه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌نجامدراوه‌ و 78 هاووڵاتى كوژراون و برینداربوون و پێنجشەممە 23ى ئایارى 2019 وه‌كو دوامۆڵه‌ت دیارى ده‌كه‌ن بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان. 


وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن بارودۆخى ناوچه‌كه‌یان زۆر خراپه‌ و داوا له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌كه‌ن به‌ هانایانه‌وه‌ بچن و پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ڵوێستیان ده‌بێت. 

له‌یاداشته‌كه‌یاندا كه‌ وێنەیەکی دراوه‌ته‌ دواڕۆژ ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌: ئێمە وەکو سەرجەم پێکهاتەکانی شاری خانەقین، لە دۆخێکی ئارام و سەقامگیردا بووین لە دواى ساڵی 2003 تاوەکو رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، بەڵام دواى ئەو رووداوانە لە دۆخێکی خراپ و ئاڵۆزدا دەژین و ئارامی بەدی ناکرێت لە شارەکەمان، بەهۆی  بەردەوامی كرده‌وه‌ تیرۆرستییەکان هەموو رۆژێک رووبەڕووی تیرۆر دەبینەوە بەبێ ئەوەی هیچ هەڵوێستێکی جددی هەبێت لە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو: بەپێی ئامارەکان دواى ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر تاوەکو ئێستا زیاتر لە 60 تەقینەوە بووە و نزیکەی 78 کەس شەهید و بریندار بوون، هەروەها کۆچی بەکۆمەڵ لە گوندەکان کراوە و بەشێک لە گوند و دێهاتەکان چۆڵ بوون. هاوكات لە سەرەتای وەرزی دروێنەکردنی ڕەنجی جوتیاران کێڵگەی کشتوکاڵی به‌شێك له‌ جوتیارانی کورد سوتێندراوه‌. 

پێكهاته‌كانى خانه‌قین داواده‌كه‌ن ئارامی و سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ شارەکەیان کە سەدان ساڵە شارێکە و نمونەی پێکەوەژیان و برایەتییە و داواش ده‌كه‌ن هێزەکانی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ خانەقین، دۆسیەی ئەمنی ناوچەکە بە هاوبەشی بەڕێوەببرێت لەلایەن ئاسایش و پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکانی دیکە لەپێناو گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچه‌كه‌،  کێشە و گرفتەکان چارەسەر بکرێت و بۆشاییە ئەمنییەکان پڕبکرێنەوە.

هه‌روه‌ها داواكارن حکومەتی هەرێم و پەرلەمانى كوردستان شاندێک پێکبهێنن و سەردانی شاری خانەقین بکەن و دەستبەجێ خانەقین ڕزگار بکەن پێش ئەوەی دۆخی ناوچەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت. 
 خانه‌قین دوا مۆڵه‌ت ده‌داته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
لاى خۆشیه‌وه‌ ئه‌یاد كه‌ركوكى یه‌كێك له‌ چالاكه‌كانى خانه‌قین به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: بۆ ئه‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم و عێراق بێن به‌ هاناى خه‌ڵكى خانه‌قینه‌وه‌ و داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن تاوه‌كو پێنجشەممە 23ى ئایارى 2019 وه‌كو دوامۆڵه‌ت دیارى ده‌كه‌ین و دواى ئه‌و به‌رواره‌ هه‌ڵوێستى جددییان ده‌بێت و رێگەى مه‌ده‌نییانه‌ى دیکە ده‌گرنه‌به‌ر. 

خانه‌قین له‌ ئێستادا ره‌وشێكى ئاڵۆزى هه‌یه‌ و ته‌نیا له‌ ماوه‌ى 10 ڕۆژى رابوردوودا چوار هاووڵاتى كورد كوژران و نزیكه‌ى 500 دۆنم زه‌وى له‌ به‌روبومى جوتیاران سوتێندران و چه‌ندین خێزانیش له‌ گونده‌كان و شارى خانه‌قین كۆچیان كردوه‌.

پ: چ.ع

بڵاوكردنه‌وه‌: هـ.ق

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure