دواڕۆژ پێوەر و میكانیزمی دەستنیشانكردنی كاندیدەكانی یەكێتی ئاشكرادەكات

هەواڵ / کوردستان :: 20/05/2019‌ :: 710‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كەمال

ئەندامێكی لیژنەی باڵای هەڵسەنگاندنی سیڤی كاندیدەكان لەناو یەكێتی رایدەگەیەنێت: تا ئێستا تەنها پێوەر و میكانیزمەكانیان بۆ دەستنیشانكردنی كاندیدەكان دیاری كردووە و هیچ ناوێكیان بەدەست نەگەیشتووە تا یەكلایی بكەنەوە.


زوبێر عوسمان، جێگری سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كە لە دوای گیانلەدەستدانی سكرتێری ئەو ئەنجومەنە رۆڵی سكرتێر دەبینێت، بە دواڕۆژی وت: "دوای ئەوەی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، فراكسیۆنی زۆرینە رادەسپێردرێت بەوەی سەرۆك وەزیران دەستنیشان بكات و متمانەی پێبدرێت و رایسپێرن بەوەی حكومەت پێكبهێنن".

وتیشی: "هەركاتێك داوای كاندید لە یەكێتی كرا بۆ پۆستەكان ناوی كاندیدەكان دەنێرین، چونكە لای ئێمە ئەو بابەتە دۆسیەی بۆ كراوەتەوە و كاری لەسەر كراوە و لیژنەی بۆ پێكهێنراوە".

زوبێر عوسمان، ئاماژەی بەوەشدا: لەناو یەكێتی لیژنەیەك بۆ هەڵسەنگاندنی سیڤی و كاندیدەكان و چۆنیەتی دەستنیشانكردنیان بە سەرۆكایەتی (عومەر فەتاح) و بە ئەندامێتی هەریەك لە (بافڵ تاڵەبانی، شاڵاو كۆسرەت ڕەسوڵ، زوبێر عوسمان، لاهور شێخ جەنگی، عیماد ئەحمەد، فەرید ئەسەسەرد، پەروین كاكەحەمە، عەدنان حەمەی مینا، هاوڕێ‌ سەنگاو، د.خەسرەو گوڵ) پێكهێنراوە.

باسی لەوەشكرد: تا ئێستا ئەو لیژنەیە دوو كۆبوونەوەمان ئەنجامداوە و تێیدا تەنها پێوەرەكانمان بۆ دەستنیشانكردنی كاندید و میكانیزمی دیاریكردنی كەسەكان خستۆتەبەر باس.


زوبێر عوسمان، ئەوەشی خستەڕوو: ئەگەر هەر پۆستێك یەك كاندیدی هەبوو، هەروەها مەرج و پێوەرەكانی تێدابوو ئەوا دەكرێتە كاندیدی فەرمی بۆ پۆستەكە، بەڵام ئەگەر بۆ پۆستێك لە كاندیدێك زیاتر هەبوو مەرج و پێوەرەكانیشیان تێدابوو، ئەوا ئەنجومەنی سەركردایەتی بە دەنگدانی نهێنی كاندیدێك یەكلایی دەكاتەوە.


هێمای بۆ ئەوەشكرد: سیڤییەكان ئاڕاستەی بانكی زانیاری كراون لە مەكتەبی سیاسی كە (پەروین كاكەحەمە) سەرپەرشتی بانكی زانیاری دەكات، لەوێ‌ بەپێی پۆستەكان سیڤییەكان جیادەكەنەوە و رێكیان دەخەن و دواتر دەنێردرێت بۆ لیژنە باڵاكە، چونكە تا ئێستا هیچ ناو و سیڤییەك نەهێراوەتە بەردەستی لیژنەی باڵای هەڵسەنگاندنی سیڤییەكان.

جێگری سكرتێری ئەنجومەنی ناوەند، ئاماژەی بەوەشدا "كوڕە بەرپرسەكانمان و سەرجەم كادرەكانیشمان مافی خۆیانە، خۆیان كاندید بكەن بۆ پۆستە حكومییەكان، بەڵام كێ‌ پێوەرەكانی تێدا بێت بەدڵنیاییەوە ئەوانە ساغ دەكرێنەوە، لەناو یەكێتیش بوار بۆ هەموو كەسێك دەڕەخسێت كوڕە بەرپرس و غەیرە بەرپرس".

رونیشیكردەوە: ئەو كەسەی دەكرێتە كاندید دەبێت حزب دایبنێت و حزب بیگۆڕێت نەك شەخس، پێوەریش دانراوە كە پێویستە كاندیدەكە تێیدا بێت وەك (رادەی دڵسۆزی بۆ یەكێتی، ئەو كەسە هیچ بابەتێكی ئەمنی لەسەر نەبێت، پاك و بێگەرد بێت و گەندەڵ نەبێت و هیچی لەسەر نەبێت لەلایەن دەزگای چاودێری دارایی یەكێتی، لەناو خەڵك خۆشەویست بێت و دیفاع لە مافی خەڵك بكات، بەرنامەی یەكێتی و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لەناو حكومەت جێبەجێ‌ بكات، وێنەیەكی جوانی حزب بكات لەناو حكومەت و بوێری هەبێت و ئەركەكانی راپەڕێنێت و بەهیچ شێوەیەك نەكەوێتەژێر كاریگەری خۆفرۆشتن و پارە، رێژەی ژن و ناوچە جیا جیاكان لەبەرچاو بگیرێت.

بەپێی زانیارییەكانی دواڕۆژ تا ئێستا جەمسەرە جیاوازەكانی ناو یەكێتی لە گفتوگۆدان، بۆ ئەوەی لەدەرەوەی كۆبوونەوەی رەسمی كاندیدەكان لەنێوان خۆیان یەكلایی بكەنەوە و دواتر بیبەنە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی، خۆ ئەگەر نەگەنە ئەنجام و رێككەوتن ئەوا ئەنجومەنی سەركردایەتی بە دەنگدان كەسەكان بۆ پۆستەكان یەكلایی دەكاتەوە.

سەرچاوەیەكیش لەناو یەكێتی بە دواڕۆژی وت: "تا ئێستا نزیكەی حەوت كەس خۆیان بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندید كردووە كە سەرەكیترینیان (عومەر فەتاح، حاكم قادر، شێخ جەعفەر، ئەرسەلان بایز، عیماد ئەحمەد)ن، هەروەها چەندین كوڕە بەرپرسیش خۆیان بۆ پۆستی وەزارەت و پۆستە گرنگەكان كاندید كردووە و داوایان دەكەن و لەلایەن باوكیانەوە پشتگیریان دەكرێت لەوانە (كاروان مەحمود سەنگاوی، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ)".

جگەلەوەش هەریەك لە (شۆڕش ئیسماعیل، جەبار یاوەر، سەعدی پیرە، حاكم سەمەد، ئارام حەمەی مینا، عیزەت سابر، یوسف گۆران، پۆڵا خانەقا) و چەندین كەسی دیكە داوای پۆستە وەزارییەكان دەكەن، بەڵام بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت تا ئێستا  تەنها (قوباد تاڵەبانی) داوای كردووە.

پ: ک. س
 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure