لە سێ ساڵدا زیاتر لە یەک ملیۆن هاوڵاتی سلێمانی سەردانی رۆژهەڵاتیان كردووە

هەواڵ / ئابوری :: 20/05/2019‌ :: 103‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

شاندێكی گەشتیاری شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان سەردانی شاری سلێمانییان كردووە بۆ ئەوەی كەرتی گەشتیاری نێوانیان زیاتر پەرە پێبدەن.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی گراند میلینۆم لەشاری سلێمانی، شاندی گەشتیاری حكومی و كەرتی تایبەت لەشارەكانی سلێمانی و سنە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان سازكرد.

عەلی رەوف، بەڕێوەبەری گشتی گەشت و گوزاری سلێمانی رایگەیاند: ئەمڕۆ شاندی گەشتیاری شاری سنە سەردانی شاری سلێمانییان كردووە بۆ قسەكردن لەسەر كێشەكانی گەشتیاری، بەڵام كەمترین گرفت هەیە و ئەو گرفتانەشی هەیە قسەی لەسەر دەكەن، بەتایبەتیش دوای نەمانی ڤیزە گەشتیار بۆ ئێران زیاد بووە.


سەید موحسین عەلەوی، بەڕێوەبەری گشتی شوێنەوار و گەشتیاری لەپارێزگای كوردستان رایگەیاند: ئامانجیان لەم سەردانە ئەوەیە پەیوەندییان لەگەڵ كەرتی گەشتیاری سلێمانی باشتر بكەن و ئەگەر كێشەش هەبێت چارەسەریان بكەن، هەروەها رۆڵی كۆمپانیا گەشتیارییەكان باشتر بێت.

ناوبراو روونیكردەوە: وڵاتەكەیان دەتوانرێت لەچوار وەرز سەردانی بكرێت، بەڵام ئێستا بەهۆی دابەزینی تمەنی ئێرانییەوە، وڵاتەكەیان زیاتر كاڵا و شمەكی هەرزانە و  ئەمنیەتی تەواوی هەیە بەتایبەتیش بۆ خێزانەكان.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشت و گوزاری سلێمانی كە بەدواڕۆژ دراوە، لەساڵی 2016ەوە تا ئێستا یەک ملیۆن و 116 هەزار و 38 كەس لەڕۆژهەڵاتی كوردستان روویان لەشاری سلێمانی كردووە و یەک ملیۆن و 772 هەزار و 293 كەسیش سەردانی رۆژهەڵاتیان كردووە.

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure