جەژن گه‌شتى هاوڵاتیان بۆ ده‌ره‌وه‌ گه‌رم ده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 21/05/2019‌ :: 295‌ جار بینراوە
نەمانی کێشەی فڕۆکەخانەکان و باشتربوونی رەوشی دارایی هۆكاره‌

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو

 نزیکبوونەوە لە جەژنی رەمەزان کێبڕکێی نێوان کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتوگوزاری گەرمکردووە، بەجۆرێک نرخ و جۆری گروپەکانی گەشتیاریی سۆشیال میدیای تەنیوە و خاوه‌ن نوسینگه‌ و كۆمپانیاكانیش هۆكاره‌كانى زیادبوونى گه‌شتیاران ئاشكراده‌كه‌ن.


بەیار هەناری، خاوەنی گروپی کۆمپایاکانی بۆسفۆرس لاین 11 ساڵە گەشتیاران بۆ وڵاتان دەگوازێتەوە و بە پێچەوانەوەش، سەبارەت بە خواستی خەڵک لە وەرزی هاوینی ئەمساڵ بۆ گەشتی وڵاتان بۆ دواڕۆژ دەڵێت: ئەمساڵ سەرەڕای نەمانی کێشەی فڕۆکەخانەکان و باشتر بوونی ڕەوشی دارایی خەڵک بەڵام هێشتا خواست لەسەر گەشتکردن بۆ وڵاتان نەگەڕاوەتەوە ئەو دۆخەی ساڵانی 2012 و 2013.

وتیشى: بەڵام بە بەراورد بە ساڵی رابردوو پێشبینی دەکەین ئەمساڵ رێژەی چوونی گەشتیاران بۆ وڵاتان لە 20% زیادبکات.

داخستنی فڕۆکەخانەکان زیانی هەبووە
بەیار هەناری، باس لە رێژەی ئەو گەشتیارانە دەکات کە لەڕێگە کۆمپانیاکەی ئەو بۆ وڵاتان رۆیشتوون، دەڵێت: ساڵی رابردوو نزیکەی 10 هەزار گەشتیارمان ناردووەتە دەرەوە، زۆرترین گەشتیاریش بۆ وڵاتی تورکیا و دوبەی رۆیشتوون. ئەمساڵ لە سەری ساڵ و نەورۆز دەست بە گەشت کراوە، بەڵام زۆرترین گەشتیاران لە جەژن دەچنە وڵاتان و گەشت دەکەن. 

باس لەوەش دەکات کە رووداوەکانی پاش ریفراندۆم و داخستنی فڕۆکەخانەکان لەسەدا 60% کارەکانیانی کەمکردوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ناچاربوون مووچەی کرێکارانیان لەسەدا 50% کەمبکەنەوە.

دابەزینی بەهای لیرە نرخی گروپاتی گەشتیاری بەرزکردووەتەوە
ئه‌گه‌رچى هه‌ندێك كه‌س دابه‌زینى لیره‌ به‌ پاڵنه‌رێك داده‌نێن بۆ ئه‌وه‌ى گه‌شت بۆ توركیا بكه‌ن، به‌ڵام شاره‌زایان ده‌ڵێن دابەزینی بەهای لیرە زیانی بۆ کۆمپانیاکان و گەشتیارانیش هەیە، چونکە بەوهۆیەوە نرخی گروپات لەسەدا 30% بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک پێشتر گروپی گەشتیاری بۆ ئەستەنبوڵ دەگەیشتە 500 دۆلار، بەڵام ئێستا زیاتر لە 600 دۆلارە و پێشبینی گرانتر دەکرێت.

ئاری چەلەبی، خاوەنی کۆمپانیای چەلەبی بە دواڕۆژی وت: ساڵی رابردوو 7000 گەشتیارمان لە رێگەی گروپی گەشتیاریی و تاک بردووە بۆ وڵاتان، ئەمساڵ پێشبینی دەکەم رێژەکە زۆر زیاتر بێت، چونکە چەندە مووچە دابەشبکرێت هێندەش بازاڕی ئێمە باشتر دەبێت و گەشتیار زیاتر دەبێت.

جەلەبی وتیشى: "ئەوەی کە بارقورسی بۆ ئێمە دروستکردووە ئەویش ئەو باجە زۆرەیە کە حکومەت وەریدەگرێت کە ساڵانە 6 هەزار دۆلار باج دەدەین بۆیە هیوادارم لە کابینەی نوێ چاوێک بەو بابەتە بخشێننەوە".

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ساڵی رابردوو لە رێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی 861 هەزار و 799 کەس گەشتیان کردووە.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

 بڵاوكردنه‌وه‌:هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure