زه‌ریف وه‌ڵامى ترامپ ده‌داته‌وه‌

هەواڵ / جیهان :: 20/05/2019‌ :: 338‌ جار بینراوە
محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران

دواڕۆژ

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران وه‌ڵامى دوایین هه‌ڕه‌شه‌كانى سه‌رۆكى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "ئاماژه‌دان به‌ له‌ناوبردن كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكى ئه‌مریكاوه‌ باسكرا، به‌سه‌ر ئێراندا تێپه‌ڕنابێت".


محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 20ى ئایارى 2019) له‌ ئه‌ژمارى خۆى له‌ تویته‌ر رایگه‌یاند: ترامپ ده‌یه‌وێت ئه‌و كاره‌ ته‌واو بكات كه‌ ئه‌سكه‌نده‌رى مه‌قدۆنى و جه‌نگیزخان و هاوشێوه‌كانیان نەیانتوانی ته‌واوی بکەن".

وتیشى: "ئێرانییه‌كان هه‌زاران ساڵ دانیان به‌خۆیاندا گرت، له‌كاتێكدا سه‌رجه‌م په‌لامارده‌ران رۆیشتن".

زه‌ریف دوپاتیشی ده‌كاته‌وه‌: ئاماژه‌كان بە له‌ناوبردن كه‌ له‌لایه‌ن دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ باسكرا، به‌سه‌ر ئێراندا تێپه‌ڕنابێت.

شه‌وى رابردوو ترامپ له‌ تویتێكدا هه‌ڕه‌شه‌ى كرد و رایگه‌یاند: ئه‌گه‌ر ئێران جه‌نگى ده‌وێت، ئه‌و جه‌نگه‌ ده‌بێته‌ كۆتایى ره‌سمیى بۆى، ئه‌وه‌شى وت: "جارێكى تر هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان مه‌كه‌ن".

ئەمە لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ جێرمی هۆنت، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا لە نامه‌یه‌كدا کە ئاڕاسته‌ی ئێرانی كردووە، ده‌ڵێت: "دەبێت ئێران نیه‌تی ئه‌مریكا بە کەم نەزانێت، بۆیە چاره‌سه‌ری دورودرێژ بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌، تاران چالاكییه‌ تێكده‌ره‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌دا رابگرێت".

و: شیروان شه‌ریف
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure