به‌ سه‌دان كۆمپانیا "فێڵ" له‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ن

هەواڵ / ئابوری :: 20/05/2019‌ :: 201‌ جار بینراوە
به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى كار: ژماره‌یه‌ك كۆمپانیا دراونه‌ته‌ دادگا

دواڕۆژ، راپۆرتى عیسا عه‌بدولقه‌هار

بۆئه‌وه‌ى بیمه‌ى ده‌سته‌به‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى نه‌ده‌ن، به‌ سه‌دان كۆمپانیا زانیارى له‌باره‌ى كرێ و ژماره‌ى كرێكاره‌كانیان له‌ حكومه‌ت ده‌شارنه‌وه‌، به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى كارى هه‌رێمیش ده‌ڵێت: "بۆئه‌وه‌ى مافى كرێكاران نه‌فه‌وتێت ده‌بێت په‌یوه‌ندییان پێوه‌بكه‌ن" ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: ژماره‌یه‌ك كۆمپانیا دراونه‌ته‌ دادگا.


بەپێی یاسای خانەنشینی کرێکاران، کە حه‌وت ساڵ پێش ئێستا لە پەرلەمانی کوردستان هەموارکراوەتەوه‌، هه‌موو كۆمپانیا و خاوه‌نكار و بازرگانێك پێویسته‌ 17%ى كرێى کرێکاران بۆ دەستەبەری کۆمەڵایەتی ته‌رخانبكات، كه‌ له‌و رێژه‌یه‌ 12%ى خاوه‌نكار ده‌یدات و 5%_یشى له‌ كرێى كرێكاره‌كه‌ ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌ و پاره‌كه‌ ده‌چێته‌ سندوقی خانەنشینی كرێكاران و له‌وكاته‌ى كرێكار تووشى نه‌خۆشى یان هه‌ر رووداوێكى دیكه‌ یاخود خانه‌نشین ده‌بێت پاره‌كه‌ى پێده‌درێته‌وه‌.

به‌ڵام به‌ سه‌دان كۆمپانیا زانیارییه‌كان له‌باره‌ى ژماره‌ى كرێكار و بڕى كرێى مانگانه‌یان له‌ وه‌زاره‌تى كار ده‌شارنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ پێشێلكردنى مافى كرێكاران داده‌نرێت.

سه‌ركه‌وت لوقمان، كه‌ له‌ كۆمپانیایه‌كى گواستنه‌وه‌ى خۆراك كارده‌كات و مانگانه‌ زیاتر له‌ 600 هه‌زار دینار كرێى هه‌یه‌، ده‌ڵێت: كاتێك لیژنه‌كانى وه‌زاره‌تى كار بۆ تۆماركردنى ناوى كرێكاران له‌ بیمه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى سه‌ردانى كۆمپانیاكه‌یان كردووه‌، زانیارییه‌كان له‌ لیژنه‌كان شاردراوه‌ته‌وه‌. 

ئه‌و كرێكاره‌ به‌ دواڕۆژى وت: "كۆمپانیا بۆ ئه‌وه‌ى پاره‌ى بیمه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى نه‌دات، زانیارى دروست له‌باره‌ى ژماره‌ى كرێكاره‌كان و كرێیه‌كانیان بۆ حكومه‌ت ئاشكراناكات، بۆیه‌ هه‌ر كاتێك لیژنه‌كانى وه‌زاره‌تى كار دێنه‌ كۆمپانیا ئه‌وا بڕى كرێی كرێكاران بۆ نیوه‌ى ئه‌و پاره‌یه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌ كه‌ مانگانه‌ پێیان ده‌دات، هه‌روه‌ها له‌ كۆى 30 كرێكار، كۆمپانیا ده‌ڵێت ته‌نیا 14 كرێكار له‌لاى كارده‌كه‌ن".

شه‌ماڵ وه‌هاب، کرێکارێکی دیکەی هەولێره‌، بۆ دواڕۆژ وتى: "كۆمپانیاكه‌مان ئاماده‌نییه‌ كرێكاران ده‌سته‌به‌ر بكات، كرێكارانیش له‌ ترسى ده‌ركردنیان ناتوانن سكاڵا تۆماربكه‌ن و حكومه‌ت له‌ فێڵ و كێشه‌كانیان ئاگاداربكه‌نه‌وه‌".

وتیشى: "ئه‌گه‌ر كێشه‌یان له‌گه‌ڵ خاوه‌ن كۆمپانیا بۆ دروستبێت، حكومه‌ت پشتى كۆمپانیا ده‌گرێت و مافه‌كانیان بۆ ناگه‌ڕێته‌وه‌".

ئه‌و پرسه‌ له‌لاى سه‌ندیكاى كرێكارانیش روون و ئاشكرایه‌، به‌ڵام سه‌ندیكا كاره‌كه‌ رووبه‌ڕووى وه‌زاره‌تى كار ده‌كاته‌وه‌.

شوان مه‌جید، ئه‌ندامى ده‌سته‌ى كارگێڕى سەندیكاكانی كرێكاران به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ژماره‌یه‌ك له‌ كۆمپانیا و خاوه‌نكار ژماره‌ى كرێكاران و كرێى مانگانه‌یان كه‌متر ده‌نووسن بۆ ئه‌وه‌ى كه‌مترین پاره‌ بده‌ن و بیمه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى بۆ كرێكاران نه‌كرێت.

وتیشى: "داوا له‌ وه‌زاره‌تى كار ده‌كه‌ین رێگرى بكات بۆ نه‌هێشتنى ئه‌و دیارده‌یه‌".

زانیارى وه‌رگرتن له‌ كۆمپانیاكان، له‌رێگه‌ى ئه‌و لیژنانه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ سه‌ردانى پڕۆژه‌كان ده‌كه‌ن كه‌ 23 لیژنه‌ن و هه‌ر لیژنه‌یه‌ك له‌ سێ كه‌س پێكدێت و نوێنه‌رى ژوورى بازرگانى و سه‌ندیكاى كرێكاران و نوێنه‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كار و ده‌سته‌به‌رى كۆمه‌ڵایه‌تی تیایه‌.

ئه‌و لیژنانه‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ گرێبه‌ست و وته‌ى خاوه‌نى كۆمپانیا زانیارییه‌كان له‌باره‌ى ژماره‌ى كرێكاران و كرێى مانگانه‌یان كۆده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كرێكاران له‌ بیمه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى تۆماربكرێن و هه‌ر كۆمپانیایه‌كیش زانیارى له‌باره‌ى كرێ و ژماره‌ى كرێكاره‌كانى بشارێته‌وه‌، رێوشوێنى یاسایى به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر، وه‌ك ئه‌وه‌ى به‌رپرسێكى وه‌زاره‌ته‌كه‌ ئاماژه‌ى پێده‌كات.

عارف حیتۆ، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كار و ده‌سته‌به‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ وه‌زاره‌تى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌رێم، به‌ دواڕۆژى وت: "هه‌ر كۆمپانیایه‌ك زانیارى له‌باره‌ى ژماره‌ى كرێكاران بشارێته‌وه‌، ئه‌وا راسته‌وخۆ ده‌درێته‌ داگا و تائێستا به‌سه‌دان كۆمپانیان دراونه‌ته‌ دادگا و سزاى دارایى دراون، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر كرێكارێك زانیارى له‌سه‌ر ئه‌و فێڵه‌ هه‌یه‌ ده‌توانێت په‌یوه‌ندی به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنى (5500) بكات بۆ ئه‌وه‌ى لێپرسینه‌وه‌ له‌ كۆمپانیاكه‌ بكه‌ین".

له‌تائێستادا نزیكه‌ى 30 هه‌زار كۆمپانیا و خاوه‌نكار پاره‌ى ده‌سته‌به‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌ده‌ن، و نزیكه‌ى 80 هه‌زار كرێكاریش سوودمه‌ندبوون له‌ بیمه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى، بڕى ئه‌و پاره‌یه‌شى بۆ سندوقی دەستەبەری كۆمەڵایەتی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بریتییه‌ له‌ 403 ملیار دینار.

به‌پێى ئامارێكى وه‌زاره‌تى كار، له‌دواى ساڵى 2016ه‌وه‌ زیاتر له‌ 14 هه‌زار و 500 كرێكار داوا پاداشتى كۆتایى خزمه‌تى ساڵانه‌یان كردووه‌ و بڕى زیاتر له‌ 28 ملیار و 500 ملیۆن دیناریان پێدراوه‌.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure