جوتیاران داواكانیان گەیاندە پەرلەمانى كوردستان

هەواڵ / کوردستان :: 21/05/2019‌ :: 179‌ جار بینراوە

تاگ :: پەرلەمان

دواڕۆژ، ئاراس عەزیز

ژمارەیەك لە پارێزەر و جوتیارانی سەر بە قەزای مه‌خموور و دەشتی قەراج و كەندیناوە بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانیان سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد.


دەستەیەك لە پارێزەران و جوتیاران (یەكشەممه‌ 19ی ئایارى 2019) بە مەبەستی گەیاندنی داواكارییەكانیان سەردانی پەرلەمانی كوردستان-یان كرد و لەگەڵ لیژنەی كشتوكاڵ و لیژنەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم كۆبوونەوە.

گۆران دیبەگەیی، پارێزەری دۆسیەی جوتیاران وتی: "ئه‌مڕۆ بۆ جارێكی دیكە لەگەڵ لیژنەی كشتوكاڵ و لیژنەی تایبەت بە ماددەی 140 لە پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوە كە لە ناوچەكانی سەرگەران و قەراج و كەندێناوە هاتووینە تاوەكوو هەرچی زووە رێكاری خێرا بگیرێتەبەر، بۆ ئەو مەبەستەش یاداشتێكیان داوەتە پەرلەمان كە لەم رۆژانەدا نزیكەی 504 دۆنم زەوی جوتیاران بە دانەوێلەوە گڕی تێبەردراوە بۆیە لەو ناوچانە پێویستی زیاتریان بە تیمەكانی ئاگركوژێنەوە هەیە".

لەلایەن خۆشیەوە جوان رۆژبەیانی، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم رایگەیاند: ئەو دەغڵودانەی كە دەسوتێت دەبێت رێگری لێبكرێت و هەڵوەستە لەسەر یاداشتەكەی ئەو جوتیارانە دەكەن. 

وتیشی: "پارەی سێ ساڵی رابردووی جوتیارانی هەرێم لاى به‌غدایە و ئێستاش ناكرێت دانەوێڵه‌كانیان بسوتێنرێت".

ئەو پەرلەمانتارە ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: گفتوگۆیان لەگەڵ فڕاكسیۆنە كوردستانیه‌كان لە پەرلەمانی عێراق هه‌یه‌ و چاوەڕێی پێكهێنانی حوكمەتی نوێ دەكەن تاوەكوو گفتوگۆی جددی لەبارەی كێشەی جوتیارانەوە بكەن. 

نوێنەری جوتیارانیش لە ناوچەكەدا دەڵێن بەرهەمەكانیان لە مەترسیدایە و پێویستە هەرچی زووە هەوڵێكی گونجاویان بۆ بدۆزنەوە.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure